ئەوەی خاڵی گرنگە لە ئیسلامدا ئەوەیە کەس ناتوانێت ئیدیعای ئەوە بکات کە ئەو پیاوی ئاینەو چی وتو چی پێ باشبوو ئەوە شەریعەتی خوایە، بەڵکو ئەو ئیسلامەی کە خوا دەیەوێت زۆر بە ڕوونی لە قورئانی پیرۆزدا (کە ئەم مانگە مانگی قورئانە) ڕاگەیەنراوەو ڕوونکراوەتەوە، خۆ ئەگەر بابەتێک پێویستی بە وردکردنەوەی زیاتر بێت، ئەوە فەرموودە ڕاستەکانی خۆشەویستمان (درودی خوای لەسەر) کۆتا سەرچاوەی شەریعەتە و هەرچى لەدواى ئەو دوانەوە هات دەکرێت وەربگیرێت و دەکرێت ڕەتیش بکرێتەوە.
ئەم مامۆستا بە ڕێزە جەزائیرییە هەڵسو کەوتێکی زۆر ئاسایی نواندا بەرانبەر بە پشیلەیەک لە کاتی پێشنوێژیدا، ئەگەرچی هەڵسو کەوتەکە ئاسایی بوو، بەڵام پەیامێکی گەورەیدا بە جیهان بە جۆرێک لە ماوەیەکی کەمدا ملیۆنان مرۆڤ لەسەر زەوی لە پلاتفۆڕمە جۆراو جۆرەكان بینیان و کاریگەربوون پێی.
خوای گەورە لە ئایەتی (١٠٧)ی سورەتی (ئەلئەنبیائدا)، دەفەرموێت: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ)، واتە ئەی موحەممەد (درودى خواى لەسەر)، ئێمە تۆمان نەناردووە تەنها بە بەزەیی نەبێت بۆ تێکڕای جیهانیان، واتە نەیفەرمووە تۆ ڕەحمەتو بەزەییت بۆ مسوڵمانان، یان ئیمانداران، بەڵکو بۆ تەواوی جیهانیان بە مرۆڤو جنۆکەو دارو درەختو ئاژەڵو هەموو دروستکراوەکانی خوای گەورە.
هەروەها لەمبارەیەوە پێغەمبەرمان (درودی خوای لەسەر) فەرموویەتی: (إنِّي لَمْ أُبْعَثْ لَعَّانًا، وإنَّما بُعِثْتُ رَحْمَةً.)، واتە: من بە نەفرەتکار نەنێردراوم، بەڵکو بە ڕەحمەتو بەزەیی نێردراوم.
هەروەها لە فەرموودەیەکی تردا دەفەرموێت:( إنَّما أنا رحمةٌ مُهداةٌ)، واتە: بە دڵنیاییەوە من تەنیا بەزەییەکی خەڵاتکراوم (بۆ مرۆڤایەتی).
مسوڵمانی ڕاستەقینەی تێگەیشتوو ئەو مسوڵمانەیە لە ئاست ئەم ڕەحمەتە گەورەیەی ئیسلامدا بێت، کە خێرو خۆشی بۆ هەموو کەس دەوێتو دژی کەس نیەو ڕقی لە کەس نیەو حەزی بەوەیە هەموو جیهان ڕوو بکاتە هیدایەتو بچێتە ژێر بارانی ئەو ڕەحمەتە.
لە دوو ڕۆژى ڕابردوودا من بە کۆمێنتێک بەشداربووم لەم پۆستەی (بی بی سی نیوز) کە بینەرێکی زۆری هەبوو، لەوێ چەندین پرسیارو گومانم لەبارەی ئیسلامەوە ڕووبەڕوو دەکرایەوە کە سەرچاوەو هۆکاری زۆرینەی پرسیارەکان ڕەفتارو تێگەیشتنی مسوڵمانانی کرچو کاڵە نەوەک دینەکە خۆی.
من دڵنیام ئایندە بۆ ئیسلامە، چونکە ئیسلام ئاینی ڕاستەقینەی خوای گەورەی بە بەزەییە بۆ هەموو مرۆڤەکان، لایەنداری تیا نیە، دژی ڕەگەزێک نیە بە بەرژەوەندی ڕەگەزێکی تر، دژی چینێک نیە بۆ بەرژەوەندی چینێکی تر، نەتەوەیەک ناکاتە سەردەستو نەتەوەکانی تر بکاتە دوژمنو ژێر دەستە، سیستمێکی هاوسەنگی تەواو گونجاوە بۆ تەواوی ژیان، هەرچەند ژیان پێشبکەوێت گەورەیی ئیسلام زیاتر دەردەکەوێت بەهۆی گونجاوییەوە بۆ سیستمی ژیان.
بریا هەموو ئەوانەى دوورن لە ئیسلام لە قورئانەوە خۆیان دیراسەى ئاینیان دەکردو دەگەشتنە باوەڕى تەواو یان بە پێچەوانەوە، بەتایبەت مانگى پیرۆزى ڕەمەزان دەرفەتێکى زێڕینە بۆ باوەڕدارو بێ باوەڕیش، تا باشتر لە ئیسلام تێبگەین.
عومەر گوڵپی
٨ی ٤ی ٢٠٢٣