دوو مانگە مووچە دابەش نەکراوە، دۆخی ژیان و بژێوی بە ڕادەیەکی زۆر خراپەو ژیان و بژێوی و کارو کەسابەتی هاووڵاتیانیش بە ئاستێکی زۆر پاشەکشەی کردووە، سەرەڕای هەموو ئەمانە لایەنەکانی دەسەڵات بەردەوامن لە بێڕێزی بە خەڵکی کوردستان و تەنانەت وەلانانی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی دیزانیکراو و پەکخسنی پەرلەمان و درێژەدان بە کاری حکومەتە ماوە بەسەرچووەکەیان بە نایاسایی و ناشەرعی و نەبوونی هیچ پاڵپشتییەکی پەرلەمانی، حکومەتێک کە نایەوێت نەوت ڕادەستبکات و کێشەی مووچەو بژێوی خەڵک چارەسەر بکات و بێجگە لە کۆبوونەوەی بێناوەڕۆک و سوپاسی بێ مانا هیچ شتێکیتری بۆ خەڵک و مووچەخۆران نییە و نە دەیانەوێت لەگەڵ بەغدا ڕێککەون نە خۆشیان لە داهاتی نەوت و ناوخۆ مووچە دابەش دەکەن.
بێڕێزی بە خەڵک و ئیرادەی خەڵکی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک کە دوای (٨ مانگ) و (١٠ ڕۆژ) لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و (٧ مانگ) لە سوێندخواردنی پەرلەمانتاران و سودمەندبوون لە ئیمتیازی ماددی و مەعنەوی پەرلەمان، کەچی دەرگای پەرلەمان بە داخراوی ماوەتەوەو زۆرینەی پەرلەمانی ئامادە نین تەنانەت ڕێز لە دەنگدەرانی خۆشیان بگرن!
دەمەوێت بە هاووڵاتیانی بەڕێز ڕابگەیەنم کە ئێمە بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و هێنانە کایەی پەرلەمانێک کە لە ئاست نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستاندا بێت و توانای لێپرسینەوەی لە حکومەت و دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەبێت.
پاش خانەنشینبوونی سەرۆکی پێشووی دادگاو دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی دادگای باڵای ئیتیحادی، دادگا دەست دەکاتەوە بە دانیشتنەکانی خۆی و بینینی سکاڵاو داواکان، بە پێی خشتەی دانیشتنەکان تا ئێستاش سکاڵاکەی ئێمە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی دیزاینکراو لە شوێنی خۆیەتی و پشتیوان بەخوا لە ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی ٧ی ٢٠٢٥ ئامادەی یەکەم دانیشتن دەبین لەسەر داواکە.
عومەر گوڵپی
٢ی ٧ی ٢٠٢٥