دۆسیەی ئابڕووبەرانەی دوورگەی ئارەزووبازی ( جێفری ئیپستین)و دەستدرێژی بۆ منداڵی خوار (١٤) ساڵ و بەکارهێنانیان وەک کۆیلەی سێکسی و بازرگانی بە مرۆڤ لەلایەن گەورە بەرپرس و سیاسی و هونەرمەندو سەرمایەدارانی بەناوبانگی ڕۆژئاواو بەتایبەت ئەمریکاو پاشان شاردنەوەی فەزاحەتەکە، دەرخەری بەهای ڕاستەقینەی ئەو سیستمی سەرمایەدارییەیە کە دەنگی بەرزی بانگەشەکارانی کاسی کردووین!
سەیر ئەوەیە سیستمەکە لەوێ کەوتووەتە ژێر پێلەقەی ئەخلاق و مرۆڤبوونەوەو لە گیانەڵادایە، کەچی تازە بە تازە خەڵکانێک لێرە بانگەشەی بۆ دەکەن و فەرموو لە گەلی کوردو گەلانی تری مسوڵمان دەکەن بۆ سفرەوخوانی ئەو سیستمە داڕووخاوە!
هەر گەل و شارستانییەتێک، خواو وەحی ڕاست و دروست لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگی خۆی بکاتە دەرەوە، سەری لە بیردۆزی سەیرو سەمەرەوە دەردەچێت کە بۆ سەلماندنی پووچێتی و خراپەی ئەو بیردۆزانە زۆر جار زیاتر لە (٥٠ تا ١٠٠) ساڵی پێویستە، بەوەش جیلێک لەو گەلە دەبێتە قوربانی ئەو بیردۆزانەی خواو وەحیان لە ژیانیان دوورخستووەتەوە!
لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئازادی کەسییەوە ئێستە ڕۆژئاوا بەتایبەت ئەوروپا گیرۆدەی بیردۆزەکانیانن، ڕێیان تەنانەت لە پەیوەندی سێکسی قێزەونی وەک (هاو - ڕەەگەز- بازی) کەوتووە کە پێچەوانەی تەنانەت فیترەتی تەندروستیشە، بەڵام هاوتایە لەگەڵ ئەو ئازادی تاکەی بانگەشەی بۆ دەکەن، بۆیە نەوەک ناتوانن ڕێی لێبگرن، بەڵکو بە یاساییشی دەکەن!
لە رووی ئابوریشەوە سیستمی ئەمریکا لەسەر دەریایەک لە سوو (ریبا) و سەپاندنی دراوەکەی بە زۆر بەسەر وڵاتاندا وەستاوە، نزیکە لەوەی ئەو سیستمە دابڕووخێ و لەگەڵ خۆشی ئابوری وڵاتانی دونیا رووبەڕووی هەمان داڕمان بکاتەوە!
عومەر گوڵپی
٢ی ٢ی ٢٠٢٦