کاتێک هیچ چاودێرییەک لەسەر داهاتى ناوخۆ نییە، بانگەشەى نەبوون و کەمى داهات “بەتاڵە!”
2026-05-21
11 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆش پشکى وەزارەتى دارایى فیدراڵ لە داهاتى ناوخۆیان نەنارد، ئەمە “بە مەبەست” دواخستنى مووچەیە!⏬️

نزیکەی (١٠٠ ملیار !) دینار، بە تەنها داهاتى مانگانەى نەوتى پاڵێوراوە، دەشڵێن پارەمان نییە بینێرین بۆ بەغدا تا مووچەى مووچەخۆران لەوە زیاتر دوانەکەوێت!

هەموو ڕۆژێک (٥٠ هەزار) بەرمیل نەوت بەناوی پێداویستی ناوخۆوە لە بەغدا وەردەگرنەوەو لە پاڵاوگەکانی لانازو کار دەیپاڵێون، داهاتی مانگانەی ئەم نەوتە نزیکەی (١٠٠ ملیار) دینارە، کەس نازانێت چی لێدەکەن!

کۆی داهاتی ناوخۆ زیاترە لە (٥٠٠ ملیار) دیناری مانگانە، بەبێ ئەژمارکردنی داهاتی کارەبا کە بەهۆی بە بازرگانیکردنی نرخەکانەوە بازێکی گەورەیداوە، کەچی بۆ ئەوەی مووچە لە کاتی خۆیدا بگات، هەمیشە ناردنی پشکی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا دوادەخەن کە بەهۆیەوە مووچەی مووچەخۆران دوادەکەوێت!

ئەو (٥٠ هەزار) بەرمیل نەوتە بەناوی پێداویستی ناوخۆ (نەوت و بەنزین و گاز) لە بەغدا وەردەگرنەوە، کەچی خەڵک ئەو بەرهەمانە بە نرخی بازرگانی دەکڕنەوەو داهاتەکەشی ناچێتە خەزێنەی گشتی (وەزارەتی دارایی).

سەرەڕای نقومبونی بەغدا لە گەندەڵیدا، هەروەها خراپی دۆخی دارایی و ئابورییەکەی، بەڵام هێشتا حکومەتەکەی توانای هەیە مووچەی مووچەخۆرانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و هەرێمی کوردستانیش مانگانە لەکاتی خۆیدا دابەشبکات، بۆیە دەبوو هەریمی کوردستان ئەمە بە دەرفەت بزانێت.

ناشەفافییەت، گەندەڵی و خراپ سودوەرگرتن لە دۆخی نەبوونی دامەزراوەو هیچ دەزگایەکی چاودێریی، هۆکاریی خراپی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستانن نەوەک کەمی و نەبوونی داهات وەک بەرپرسانی دەسەڵات وەک پاساو باسی دەکەن!

عومەر گوڵپی

٦ی ٥ی ٢٠٢٦


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 687,740     ژمارەی میوان 374