بە پێی خشتەی وادەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای ئیتیحادی، بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە، ٦ی ٧ی ٢٠٢٥، دانیشتنی دادگا تایبەت بە داوای ژمارە (٨٨/ ئیتیحادی/ ٢٠٢٥) بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی ئەو ئاڵوگۆڕەی لە سەرۆکی دادگا هاتەپێش، ڕۆژی پێنجشەممە لە دادگاوە ئاگادار کراینەوە کە دانیشتنی دادگا دواخراوە بۆ وادەیەکیتر کە هێشتا کاتەکەی دیاری نەکراوە.
لە سکاڵاکەدا سەبارەت بە پەکخستنی پەرلەمان پاش زیاتر لە هەشت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، داوامان لە دادگا کردووە سێ بڕیار لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بدات:
١- ئەنجامەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە.
٢- کۆمسیۆن ڕاسپێرێت بە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا.
٣- ئەو ئیمتیازاتە ماددیانەی (٩٧) پەرلەمانتار لە ڕۆژی سوێندخواردنیانەوە بەدەستیان هێناوە لێیان وەربگیرێتەوە.
ئامانجی داواکەمان هەوڵێکە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان خاوەنی پەرلەمانێکی کارا بێت بەجۆرێک بتوانێت نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بکات، هەروەها مەڕجەعی باڵای کوردستان و شوێنی لێپرسینەوە بێت لە حکومەت و دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
عومەر گوڵپی
٦ی ٧ی ٢٠٢٥