ئەوەى بەغدا دەیەوێت دوو وشەیە: پابەندبن بە یاساى بودجە تا مووچە و بودجە بنێرین
2025-07-06
8 جار خوێندراوەتەوە

کۆتا هەوڵ و پێشنیار لە بەغداوە بۆ کۆتایهێنان بە کێشەی مووچەو برسێتی خەڵکی کوردستان، پێچ و پەنای تێدا نییەو تەنها دوو وشەیە: یاسا جێبەجێ بکەن، تا مووچەو بودجە بنێرین، ئەمەش قازانج و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە، بەمجۆرە:

یەک/ بە پێی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣-٢٠٢٥) کە پەرلەمانتارانی کوردیش دەنگیان پێداوە، پێویستە هەرێمی کوردستان:

١- ڕۆژانە (٤٠٠،٠٠٠) بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات بۆ فرۆشتنی، بۆ ئەوەی داهاتەکەی بچێتە ئەژمارێکی بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ وەک بەشدارییەک لە خەزێنەی گشتی.

٢- نیوەی داهاتی ناوخۆ ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات.

٣- تەوتینی مووچە بکات( ئەمەیان دادگای ئیتیحادی زیادی کرد)، بەغدا بۆ تەوتنی مووچە بە "هەژماری من"یش ڕازییە.

دوو/ هەرێمی کوردستان تا ئێستا ئەم سێ خاڵەی سەرەوەی جێبەجێ نەکردووە، بەمجۆرە:

١- بە پاساوی جۆراو جۆری ناڕەواو نادیارو شاراوە، نەوت ناداتە سۆمۆو خۆی دەیفرۆشی بە تەنکەرو پاڵاوگە!

سەیرە، نەوت نەدەیت بە سۆمۆ تا بە (٧٠ دۆلار) بیفرۆشێ، خۆت بە (٣٢ دۆلار) بیفرۆشی، داهاتەکەش کەس نەزانێت چی لێدێت!

٢- هەرێم داهاتی ناوخۆ ڕادەست نەکردووە بەو جۆرەی لە یاسادا هاتووە، کە ئەگەر نیوەی داهاتی ناوخۆ بێت ئەوە بەپێی ژمارەی خۆیان مانگانە (١٧٥ ملیار) دینارە، ئەگەر نیوەی داهاتی فیدراڵی بێت، ئەوە نیوەکەی مانگانە (٩٥ ملیار) دینارە، هەرێم لە ساڵی (٢٠٢٤) تەنها پێنج مانگی ناردووە بۆ بەغدا زۆر کەمتر لەو بڕانە، لە (٢٠٢٥)یش چوار مانگی ناردووە، بەڵام هەر مانگێک هێندەی کەم کردوەەتەوە بەغدای تووڕە کردووە بە ئاستێک دەڵێن: "بەرپرسانی هەرێم گاڵتەمان پێدەکەن!"، (بۆ هەر مانگێک تێکڕا نزیکەی ٤٩ ملیار دیناریان ناردووە!).

٣- تەوتینی مووچەی نەکردووە، کە بریتیە لە ڕادەستکردنی ئەژماری بانکی مووچەخۆران بۆ ئەوەی مانگانە وەزارەتی دارایی فیدراڵی مووچەی راستەوخۆ بخاتە سەر، هەرێم نەیکردووە تا ئێستا، تەنانەت (هەژماری من)یشیان ڕادەست ناکات!

سێ/ جێبەجێکردنی هەرسێ بڕگەکە کە یاسای بودجەو بڕیاری دادگای فیدراڵییە، لە قازانجی خەڵکی کوردستانە، ئایا حکومەتە ماوە بەسەرچووەکە ئەم قازانجەی خەڵکی کوردستان هەڵدەبژێریت یان بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم دۆخی برسیکردن و ستەمکردنە لە مووچەخۆرانی کوردستان؟ دەبێت چاوەڕێبین!

چونکە ئەگەر هەرێم ئەم سێ بڕگەیە جێبەجێبکات، ئەوە نەوەک مووچەی مانگانە کە (یەک ترلیۆن) دینارە، بەڵکو مافی خۆمانە بوارەکانی تری بودجە کە بریتین لە (تەواوی بەگەڕخستن، پەرەپێدانی پارێزگاکان، وەبەرهێنان) بگاتە هەرێمی کوردستان کە مانگانە زیاترە لە (یەک ترلیۆن) و (٦٠٠ ملیار) دینار، ئەمەش مافی خەڵکی کوردستانە و دەرفەتێکە بۆ کۆتایهێنان بە قەیرانێک کە لە (٢٠١٤)ەوە هەردوو کابینەی هەشت و نۆی حکومەت بەسەر هەرێمی کوردستاندا هێناویەتی کە سەرەنجامەکەی ستەم لە خەڵک و وەستان و پاشەکشەبوو لە ئاوەدانکردنەوەو بونیادنانی ژێرخانی ئابوری کوردستان.

عومەر گوڵپی

٦ی ٧ی ٢٠٢٥


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 514,924     ژمارەی میوان 453