“وەک بەڵێنماندابوو، ئەمڕۆ لە دادگای باڵای ئیتیحادی، لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا داوامان تۆمار کرد”
پاش تەواوکردنی ڕێکارەکانی تۆمارکردنی داوا، ئەمڕۆ بە ژمارە (١٢٣/ ئیتیحادی/٢٠٢٥)، لەسەر نرخە گرانەکانی کارەباو کارەبای ماڵان، داوایەکمان پێشکەش بە داگای باڵای ئیتیحادی کرد.
لە سکاڵاکەماندا داوامانکرد دادگا بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو نرخانەی کارەبا کە ئەنجومەنی ماوە بەسەرچووی وەزیران بە بڕیاری ژمارە (٢٨٠) لە ( ١٤ی ٥ی ٢٠٢٥) چەندین هێندە لەسەر هاووڵاتیانی زیادیکردوون ئەمەش پێچەوانەی دەستورو یاسا بەرکارەکانە، هەروەها داوامانکردووە دادگا حکومەت و وەزارەتی کارەبا پابەند بکات بە دابینکردنی کارەبا بەو نرخە حکومیانەی پێشوو کە لە ڕێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠٢١)ی وەزارەتی کارەبادا هاتوون.
بۆ سەلماندنی داواکەشمان بەڵگەی دەستوری و یاسایی پێویستمان پێشکەش بە دادگا کردووە.
هیوامان وایە دادگا ئەو نرخە بازرگانیانەی کارەبا کە بە پاساوی بە (٢٤) سەعاتکردنی کارەبا بەسەر کارەبای ماڵاندا سەپێنراون هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە کارەبا خزمەتگوزارییەکی گشتییەو نابێت بە هیچ پاساوێک بە نرخی گران و بازرگانی بە هاووڵاتیان بفرۆشرێتەوە، بەتایبەت لە کوردستان کارەبا لە غاز بەرهەمدەهێنرێت کە موڵکی گشتییە و مافی هەر هاووڵاتییەکە لێی سودمەند بێت، هەروەها زیادکردنی نرخەکان لە کاتێکدایە دۆخ و گوزەرانی خەڵک بە ئاستێک خراپ بووە کە نرخە نوێیەکان نەوەک لەسەر خێزانە هەژارەکان بارگرانین، بەڵکو لەسەر تەواوی خێزانەکان بارگرانین لە دۆخێکدا بەهۆی دواکەوتنی بەردەوامی مووچەوە کارو کەسابەتی هاووڵاتیانیش پاشەکشەی گەورەی کردووە.
عومەر گوڵپی
١٣ی ٧ی ٢٠٢٥