دادگا نەیویست بڕیار لە گرانکردنى نرخى کارەبا بدات، پشت بەخوا دژى ئەم ستەمە بەردەوام دەبین
2025-08-19
11 جار خوێندراوەتەوە

بەداخەوە، دادگای باڵای ئیتیحادی بە پاساوی نەبوونی تایبەتمەندی و پسپۆری ئەو داوایەی ڕەتکردەوە کە لەسەر زیادکردنی نرخی کارەبا تۆمارمان کردبوو

ئەمڕۆ یەكشەممە، ١٧ی ٨ی ٢٠٢٥، ئامادەی یەکەم دانیشتنی دادگای باڵای ئیتحادی بووین سەبارەت بە داواکەمان لەسەر گرانکردنی نرخی کارەبا بە ناوی پرۆژەی ڕوناکییەوە، دادگا بڕیاریدا بە ڕەتکردنەوەی داواکەمان بە پاساوی ئەوەی لە پسپۆڕی دادگا نییە!

گرانکردنی نرخی کارەبا تەنها پاساوەکەی بە (٢٤) سەعاتکردنە، لە ڕاستیدا بە بازرگانیکردنی کارەبایە وەک خزمەتگوزارییەکی بنەڕەتی ژیانی هاووڵاتیان، ئەمەش ستەمە لە خەڵک لە کاتێکدا کارەبا لە غازی خۆمان بەرهەمدەهێنرێت!

لە هەشت مانگی ڕابردوودا بە هەموو ڕێگەیەک هەوڵی دژایەتی ئەم ستەمەمان دا، یەکێک لە ڕێگاکان دادگای باڵای ئیتیحادی بوو، لە داهاتووشدا هەرچیمان بۆ بکرێت بۆ دژایەتی ئەم ستەمە پشتیوان بەخوا کەمتەرخەمی ناکەین.

عومەر گوڵپی

١٧ی ٨ی ٢٠٢٥

  • بۆ بینینى پەیامێکى ڤیدیۆیى (لێرە) کلیک بکە.
  • بۆ بینینى پڕۆژە پێشنیارمان بۆ دابینکردنى کارەباى بەردەوام بەبێ گرانکردنى نرخ (لێرە) کلیک بکە.
  • بۆ بینینى کۆنگرەى ڕۆژنامەوانى دژى گرانکردنى کارەبا (لێرە) کلیک بکە.

سەرنج:

١- هێندێک بەڕێز وا تێدەگەن ئەگەر داوایەک لەسەر بابەتێک ڕەتکرایەوە ئەوە مانای ئەوەیە ئەم کێشەیە بە یاسایی کراوە، لە ڕاستیدا ئەمە بە تەواوەتی هەڵەیە، چونکە دادگا نەچووەتە ناوەڕۆکی داواکە، بەڵکو هەر لە ڕووی شکڵییەوە داواکەی ڕەتکردووەتەوە، واتە بەڵگەکانی ڕەت نەکردووەتەوەو تەنها وتویەتی حەقمان نییە ئەم کێشەیە دەستوری و یاساییە یان نا، بەڵکو ناوەڕۆکی ئەم داوایە ئیشی ئێمە نییە بڕیاری لێ بدەین!

واتە خۆ دزینەوەیە لە بڕیاردان لە داواو کێشەکە نەوەک شتێکیتر!

٢- هەر لەسەر گرانکردنی نرخی کارەبا، لە دادگای کوردستانیش سکاڵامان تۆمار کردوە، تۆ بڵێیت ئەوانیش بڵێن لە پسپۆری ئێمە نییە؟

٣- هیچ داوایەک ڕێگر نییە لە تۆمارکردنی داوایەکیتر بەتایبەت کاتێک داواکە بە پاساوی نەبوونی پسپۆڕی و لە ڕووی شکڵییەوە ڕەت دەکرێتەوە، بۆیە هەر کەسێکیتر چۆنی پێباشە دەتوانێت دژی ئەم ستەمەو ستەمەکانی تریش داوا لەو دادگایە تۆمار بکات کە پێی واتە براوەیە!

٤- ئێمە لە هەموو ڕێگەیەکەوە سەرقاڵی ڕەتکردنەوەی ئەم ستەمەین، ئێمەش تەنها هەوڵمان لەسەرە، پيویستە هەموو لایەن و هاووڵاتیانیش پێکەوە هاوکاربن بۆ دژایەتی ئەم ستەمەو ستەمەکانی تریش…

لەگەڵ ڕێز


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 540,141     ژمارەی میوان 87