وەک موژدە بە خەڵکیان وت: “ لە ساڵی ٢٠٢٥ دواکەوتنی مووچە نامێنێت"، دە ساڵیش دەبێت تەنها یەک بەڵێنیان ڕاست نەبووە!
بەرپرسیارێتی مووچەی مانگی (دوانزە)ی ساڵی (٢٠٢٤) لە ئەستۆی حکومەتە ماوە بەسەرچووەکەی هەرێمە، سەرەڕای بوونی نزیکەی یەک ترلیۆن دیناری داهاتی ناوخۆی سێ مانگی ڕابردوو، تا ئێستا نەیداوە!
بەهۆی پابەند نەبوونی حکومەتی ماوە بەسەرچوو بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و ماددەکانی یاسای بودجە، بەردەوام کێشە بۆ مووچە دروست دەکەن!
گەورەو بچوکی بەرپرسانیان وەک مووژدە بە خەڵکیان وت: "تەواو، دواکەوتنی مووچە لە ساڵی (٢٠٢٥) نامێنێت"، کەچی وا چوار ڕۆژیش لە مانگی (٣) تێدەپەڕێت هێشتا مووچەی مانگی (٢) هیچ باسێکی نییە! کەی دێت و کەی دابەش دەکرێت؟ دەیانەوێت بیکەن بە جەژنانە؟
بۆ ئەوەی مووچە لە بەغداوە لە کاتی خۆیدا بگاتە کوردستان پێویستە: نیوەی داهاتی ناوخۆ ڕادەست بکرێت نەوەک تەنها (٥٠ ملیار!)، تەوتین بکرێت ئەگەر بە هەژمارەکەی خۆشیان بێت، لیستێکی پاکی مووچە هەبێت بە پێی یاساو بنەما ژمێریارییەکان، تا ئێستا ئامادە نین ئەم سێ خاڵە وەکخۆی جێبەجێ بکەن!
ئەوانەی لە کاتی هەڵبژاردن بۆ لایەنەکانی دەسەڵات هەڵدەپەڕین و (بێجگە تەزویرو دیزاین) دەنگیان پێدانەوەو کردنیانەوە بە فەرمانڕەوا بۆ برسیکردنی خەڵک چۆن ئازاری ویژدان نایانکوژێت؟ لە دواڕۆژدا چۆن لەبەردەم خوادا دەوەستن و چۆن وەڵامی دەدەنەوە؟
عومەر گوڵپی
٤ی ٣ی ٢٠٢٥