"ئەو کاتانەشى داهاتی‌ نەوتیان لەبەردەستدابوو، نەیاندەتوانی‌ مووچە دابین بکەن"
2023-08-07
371 جار خوێندراوەتەوە

عومەر گوڵپی‌ بۆ دەنگی‌ ئەمریکا: "هاتنی‌ بودجە هەموو کێشەکان چارەسەر ناکات، ئەبێت گۆڕانکاریی‌ ڕیشەیی‌ لە شێوازی‌ حکومڕانی‌ ڕوو بدات تا سەروەت‌و سامانی‌ وڵات تەنها بۆ بەرژەوەندی‌ گشتی‌ خەرج بکرێت".

* مووچە بەرپرسیارێتی‌ حکومەتی‌ هەرێمە، پێویستە حکومەتی‌ هەرێم کار بکات بۆ جێبەجێکردنی‌ یاسای‌ بودجەو هێنانی‌ مووچەو بودجەی‌ خەڵکی‌ کوردستان لە بەغداوە، تا خەڵک نەبێتە قوربانی‌ لە نێوان هەولێرو بەغدا.

* نۆ ساڵە حکومەتی‌ هەرێم بە نایاسایی‌ هەڵس‌و کەوت بە داهات‌و خەرجیەوە دەکات‌و نایەوێت یاسای‌ بودجەی‌ هەبێت.

* داهات‌و خەرجی‌ لە هەرێمی‌ کوردستان یەکێک لە دۆسیە تاریکەکانە.

* بە چاکسازی‌ ڕاستەقیەو گۆڕانکاریی‌ ڕیشەیی‌ لە شێوازی‌ حکومڕانی‌، دەتوانرێت سود لە یاسای‌ بودجەی‌ بەغدا وەربگیرێت‌و ئەو پارەیەیەی‌ لە بەغداوە دێت لەگەڵ داهاتی‌ ناوخۆ ببێتە هۆی‌ خۆشگوزەرانی‌، بە پێچەوانەوە تەنها لە بواری‌ مووچەو هێندێک پڕۆژەدا کاریگەریی‌ دەبێت و ناتوانرێت ببێتە هۆی‌ بونیاتنانی‌ ژێرخانی‌ ئابوری‌.

* ئەو کاتەی‌ حکومەت داهاتی‌ نەوتی‌ لەبەردەستدابوو، هێشتا نەیدەتوانی‌ مووچە بە پێی‌ یاسا دابین بکات، چ جای‌ وەستانی‌ نزیکەی‌ سێ هەزار پرۆژەو چەندین کێشەی‌ تر کە وەک خۆیانن‌و هیچ نەکراوە بۆ چارەسەریان وەک کێشەی‌ بێ ئاوی‌ هەولێر کە نزیکەی‌ نیوەی‌ هەولێر کێشەی‌ ئاوی‌ خواردنەوەی‌ هەیە.

* تا ئێستاش بە گونیە لە وەزارەتی‌ داراییەوە پارە دەچێت بۆ هێزەکانی‌ حەفتاو هەشتا لە کاتێکدا هیچ داتاو زانیارییەکی‌ ئەو هێزانە نە لای‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگە هەیە نە لای‌ وەزارەتی‌ دارایی‌ نە کارە داراییەکان‌و لیستەکانیشیان ملکەچن بۆ پشکنین‌و وردبینی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌، ئایا ئەمە ڕاستەو دەکرێت بەردەوام بێت لە دۆخێکدا هەرێم مووچەی‌ پێنادرێت؟

* بەغدا یەکێک لە پایتەختەکانی‌ گەندەڵی دونیایە، بەڵام تا ئێستا جورئەتی‌ نەکردووە دەست بۆ مووچەی‌ مووچەخۆرانی‌ بەرێت، کەچی‌ لە هەرێمی‌ کوردستان بە پاساوی‌ ناڕاست‌و نایاسایی‌ مووچەی‌ مووچەخۆران پاشەکەوت دەکراو مانگانە لێی‌ دەبڕدرا.

* پویستە لەناوخۆ شێوازی‌ حکومڕانی‌ ڕاست بکرێتەوە، پاشان هەموومان پێکەوە یەکدەست با شەڕی‌ مافەکانمان بکەین لە بەغدا.

بۆ گوێگرتن لە دەقی‌ بەرنامەیەکی‌ تایبەت بە کێشەی‌ مووچە لە هەرێمی‌ کوردستان بە میوانداری‌ عومەر گوڵپی‌، ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە خولی‌ پێنجەمی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان‌و دارا سێکانیانی‌، ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق (لێرە) کلیک بکە.

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 411,531     ژمارەی میوان 38