لە ڕۆژی ٤ی ٥ی ٢٠٢٥، بە ژمارە (٨٨/ئیتیحادی/٢٠٢٥) داوایەکمان لەسەر پەرلەمانی کوردستان پێشکەش بە دادگای باڵای ئیتیحادی کرد، لە داواکەدا، داوامان کردبوو دادگا ئەم سێ بڕیارە بدات:
١- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
٢- ڕاسپاردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
٣- وەرگرتنەوەی ئەو ئیمتیازە مادیانەی (٩٧) پەرلەمانتار لە ٢ی ١٢ی ٢٠٢٤ەوە وەریانگرتووە.
ئەمڕۆ لە دانیشتنی خۆیدا، بەبێئەوەی بچێتە ناوەڕۆکی داواکە، بە پاساوی ئەوەی ئەو داوایە لە پسپۆڕی و تایبەتمەندی دادگا نییە، داواکەی ڕەتکردینەوە.
پشتیوان بەخوا ئەوەی لە پێناو خەڵکدابێت دەیکەین و ماندوونابین، بە ڕەتکردنەوەی داواکەش جارێکیتر دادگا دۆسیەی پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان و غیابی دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری دامەزراوەکانی دایەوە دەست خەڵکی کوردستان و خۆی نەکردە خاوەنی ئەم پرسە گرنگە ئەگەرچی بەڵگەی پێویستمان لەسەر نادەستوریبوون و خەرقی یاساکانمان لەسەر ئەو دۆخەی پەرلەمان خستبووە ڕوو کە دەکرا دادگا بە پشت بەستن بەو بڕگە دەستوریانە بڕیاری پێویست بدات، بەڵام بۆ خۆدزینەوە لە دەستێوەردان لەم بابەتە بە پاساوی نەبوونی تایبەتمەندی بە بێئەوەی بچێتە ناوەڕۆکی داواکەو بەڵگەکان، داواکەی ڕەد کردەوە، واتە دادگا وتی: ئەم بابەتە کاری ئێمە نییە.
عومەر گوڵپی
٢١ی ٧ی ٢٠٢٥
بۆ بینینى دەقى ڤیدیۆیەک کە وردەکاریى سکاڵاکەو ئەنجامەکەى لە خۆ دەگرێت (لێرە) کلیک بکە.