راگەیەنراوێکی پێویست لەبارەی نرخی کارەباو کۆبوونەوەی (ئەنجومەنی وەزیران)ەوە
2025-04-09
57 جار خوێندراوەتەوە

 

١- بە پێی ڕێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠٢١)ی وەزارەتی کارەبا، نرخی کارەبای حکومی دیارو ڕوونە، بۆ پۆلێنی ماڵان یەک کیلۆ واتی تەنها بە (١٨ دینار)ە بۆ ئاستی یەکەمی بەکارهێنان کە (٤٥٠ کیلۆ وات)ە.

٢- هەرجۆرە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ نرخی کارەبا، ئەوە بۆ کەمکردنەوەی نرخ نییە، بەڵکو بۆ زیادکردن و بە بازرگانیکردنییەتی بۆ هەمیشە.

٣- نابێت خەڵکی کوردستان ڕێگە بدەن بەناوی کەمکردنەوەی ئەو نرخە بازرگانیانەی بە نهێنی بڕیاریان لێدابوو و دایان بەگوێی خەڵکدا فێڵیان لێ بکرێت و بۆ هەمیشە کارەبایان لەسەر گران بکرێت بە نرخی بازرگانی!

٤- ئەرکی وەزارەتی کارەبا دابینکردنی (٦سەعات) کارەبا نییە، تا خەڵک ناچار بێت بۆ بە (٢٤سەعاتی) کردنی پارەی زیاتر بدات، ئەرکی وەزارەتی کارەبا دابینکردنی کارەبایە بە بەردەوامی و ٢٤ سەعات بۆ هەموو ماڵێک لە کوردستان.

٥- حکومەت و وەزارەتی کارەبا نابێت کارەبا بە دەرەوەی شارەکانی هەرێم بفرۆشن تەنها بۆ پەیداکردنی "پارە"، لە کاتێکدا خەڵکی دانیشتووی هەرێمی کوردستان پێویستییەتی.

٦- لەسەرەتای ساڵی داهاتوو بەرهەمهێنانی غاز دەگاتە (٨٠٠ ملیۆن پێ سێجا) لە ڕۆژێکدا، ئەم بڕەش بە تەواوەتی بەشی کارەبای (٢٤ سەعاتی) دەکات، چونکە ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا تا (٨،٠٠٠ مێگا وات) ئامادەیەو تەنها غازی پێویستە، ئەم بڕەش کارەبای کوردستان دەکاتە (٢٤سەعات).

٧- کارەبا لە خوێنی خۆمان (غازی خۆمان) بەرهەم دەهێنرێت، نابێت ڕێگە بدەین بە نرخی بازرگانی خوێنی خۆمان پێ بفرۆشنەوە.

٨- پێویستە هەموو دژی زیادکردنی نرخی کارەبا بین و فشار بکەین بۆ مانەوەی وەک ئێستە کە (١٨ دینار)ە، لەبەر یەک هۆکاری زۆر سادە، ئەویش ئەوەیە: هەموومان شایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانەین، نەوەک تەنها گروپێکی بچوک لە خەڵک و دەسەڵات!

عومەر گوڵپی

٩ی ٤ی ٢٠٢٥


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 470,530     ژمارەی میوان 227