ئایا وەزارەتی كارەبا نرخی بەکارهێنانی کارەبا لەسەر هاووڵاتیانو شوێنەکانی بازرگانیو پیشەوەران کەم دەکاتەوە؟
بێجگە لە کەمی کاتژمێرەکانی کارەبا، نرخی کارەبا بۆ ماڵان و شوێنەکانی بازرگانی بووەتە بارگرانیەکی گەورە لەسەر هاووڵاتیان.
لە سەرەتای ساڵی (٢٠٢١) بە ڕێنمایی ژمارە(٢)، وەزارەتی کارەبا نرخی بەکارهێنانی کارەبای بۆ هەرسێ پۆلێنی (ماڵانو بازرگانیو پیشەسازی) زیاد کرد، بۆ ماڵان لە بەکارهێنانی کەمتر لە (٤٥٠)یەکەی مانگانە لە (١٥ دینارەوە کردیە ١٨ دینار)، لە بەکارهێنانی یەکەی زیاتریش نرخی زیاتر، بۆ جۆری بازرگانیش لە (١٣٠ دینارەوە کردیە ١٥٦ دینار) بۆ یەکەیەک!
لە کاتی خۆیدا ئەم گرانکردنە جێگەی سەرنجمان بوو، دەمانزانی ئەمە دەبێتە بارگرانی لەسەر هاووڵاتیانو شوێنەکانی کارکردنو پیشەسازیو پیشەوەران، بۆیە داوای ڕوونکردنەوەمان لە وەزارەتی کارەبا کرد، لە وەڵامدا بە نووسراویان ژمارە (٢٦٢٥) لە (١١ی ٥ی ٢٠٢١)، وەڵامیان داینەوە کە ئەوان کارەبایان گران نەکردووە، بەڵکو تەنها ئەو گۆڕانکارییە وەردەگرنەوە کە بانکی ناوەندی لە نرخی دۆلاردا کردوویەتی لە (١٢٠٠ دینارەوە بۆ ١٤٥٠)، بە پاساوی ئەوەی کە وەزارەتی کارەبا پێداویستیەکانیان بە دۆلار دەکڕنو هاووڵاتیانیش بە دینار پارەی کارەبا دەگەڕێننەوە!
پرسیارەکە ئەمەیە: ئێستە کە بانکی ناوەندی نرخی دۆلاری لە (١٤٥٠ دینارەوە بۆ دۆلارێک کەمکردووەتەوە بۆ ١٣٢٠ دینار)، ئایا وەزارەتی کارەبا نرخی بەکارهێنانی کارەبا لەسەر هاووڵاتیانو شوێنەکانی بازرگانیو پیشەسازیو بازاڕ کەم دەکاتەوە هەروەک چۆن لە کاتی گرانکردنی نرخی بەکارهێنانی کارەبادا ئەمە پاساویان بوو؟ من هیوادارم بە زووترین کات وا بکات، چونکە بێجگە لە کەمی سەعاتی کارەبا کە گرفتی ڕۆژانەی هاووڵاتیانە، گرانی نرخەکەشی تەنگی بە ژیانی هاووڵاتیان بەتایبەت خاوەن پیشەو شوێنەکانی بازرگانیو بازاڕو پیشەسازیو کارگەکان هەڵچنیوە.
عومەر گوڵپی
١٩ی ٢ی ٢٠٢٣