بە دواداچوون بۆ بە هەمیشەییکردنى فەرمانبەرانی‌ گرێبەست
2022-12-19
512 جار خوێندراوەتەوە
 
بەدواداچوون:
 
نزیکەی‌ (٢٥,٠٠٠) فەرمانبەری‌ گرێبەست، کە خزمەتیان لە نێوان (٣ بۆ ١٥) ساڵدایە، چاوەڕوانی‌ بە هەمیشەییکردنی‌ ڕاژەکانیان دەکەن، ئەمەش وەک مافێکی‌ یاسایی‌‌و بەپێی‌ هەردوو ڕێنمایی‌ دارایی‌، ژمارە (٤٢) لە (١٦ی‌ ١٢ی‌ ٢٠١٢)، ژمارە (٣٩) لە (١٣ی‌ ١١ی‌ ٢٠١٣)، کە بەپێی‌ ئەم دوو ڕێنماییە پێویستە پاش تێپەڕبوونی‌ سێ ساڵ بەسەر خزمەتدا وەک گرێبەست، فەرمانبەر بکرێتە هەمیشەیی‌ تا ببێتە خاوەنی‌ مافەکانی‌ لە دەرماڵە جێگیرو جۆراو جۆرەکان‌و مافەکانی‌ تری‌ فەرمانبەر کە لە یاسادا هاتوون.
 
بە پێی‌ بەدواداچوونەکانی‌ ئێمەو هەڵسەنگاندن‌و بۆچوونی‌ وەزارەتی‌ دارایی‌، بە هەمیشەییکردنی‌ فەرمانبەرانی‌ گرێبەست نەوەک نابێتە هۆی‌ بارگرانی‌ دارایی‌ لەسەر حکومەت، بەڵکو بڕی‌ نزیکەی‌ (١,٧٠٠,٠٠٠,٠٠٠) دینار لەهەر مانگێکدا دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی‌ گشتی‌.
 
ئێمە لە ماوەی‌ ڕابردوودا بە چەندین ڕێگە بەدواداچوونمان کردووە بۆ ئەم پرسە، دواهەمینیان وەڵامی‌ وەزارەتی‌ داراییە بە نووسراویان ژمارە (١ / ١/ ١٠٠٨٣) لە (٢٢ی‌ ٩ی‌ ٢٠٢٢) کە ئەوەی‌ لەسەر ئەوان پێویست بووە لە ئامارو زانیاریی‌ پێویست‌و پۆلێنکردن‌و بۆچوونی‌ دارایی‌ لەبارەی‌ گرێبەستەکانەوە ئاراستەی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیرانیان کردووە، ماوەتەوە سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران هاوتای‌ ڕێنماییەکان بڕیاری‌ بە هەمیشەییکردنی‌ ڕاژەی‌ فەرمانبەرانی‌ گرێبەست بدات.
 
ئەمڕۆ، ٢٠ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢٢، بە نووسراوی‌ ژمارە (٢٦٩)، داوای‌ ڕوونکردنەوەمان لە بەرێز سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران کرد لەسەر پلان‌و بەرنامەیان بۆ بەهەمیشەییکردنی‌ فەرمانبەرانى گرێبەست، هەروەها لە ڕاپۆرتی‌ خۆماندا لە لیژنەی‌ دارایی‌ کە ناوەڕاستی‌ مانگی‌ ڕابردوو ئاراستەی‌ حکومەت کراوەو بڕیارە لە پەرلەمان گفتوگۆ بکرێت، جەختمان کردووەتەوە لە مافی‌ بە هەمیشەییکردنی‌ فەرمانبەرانی‌ گرێبەست‌و نەهێشتنەوەی‌ ئەو پرسە بە هەڵواسراوی‌، ئەوەش دەکرێت بە چەند قۆناغێک بێت بەپێی‌ ساڵانی‌ خزمەت.
 
حکومەت لە بنەمادا پێویستە پارێزەری‌ مافی‌ کارمەندو کرێکاران بێت بەشێوەیەکی‌ گشتی‌، چ لە کەرتی‌ گشتی‌ یان تایبەت، کەچی‌ سەیرە تا ئێستا پرسی‌ دەستەبەری‌ ئەم مافە یاساییەی‌ بۆ فەرمانبەرانێک دواخستووە کە بە فەرمی‌ لەگەڵ دامەزراوەو فەرمانگەکانی‌ خۆی‌ کار دەکەن! فەرمانبەر هەیە لە دوای‌ پانزە ساڵ خزمەتکردن بە فەرمانگەی‌ حکومەت کۆچی‌ دوایی‌ کردووە، کەچی‌ حکومەت هیچی‌ بۆ منداڵەکانی‌ ڕەوا نەبینیوە، لەبەرئەوەی‌ گرێبەست بووە!
 
بۆیە ناکرێت دۆخی‌ فەرمانبەرانی‌ گرێبەست بەمجۆرە بەردەوام بێت، ئێمەش سوورین لەسەر بەدواداچوون‌و داوای‌ ئەم مافە ڕەوایە.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
٢٠ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢٢

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 368,919     ژمارەی میوان 184