لە (٣ی ٨ی ٢٠٢٢)، بە نووسراوی ژمارە (١٨٨)، لەسەر ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایانو فەرمانبەران، سکاڵای یاساییمان لەسەر ئەنجومەنی وەزیران جوڵاند، بەپێی ئەو وەڵامەی لەلایەن بەڕێز سەرۆکی داواکاری گشتی بە نووسراوی ژمارە (١٢٦٢) لە (١٦ی ١٠ی ٢٠٢٢) بەدەستمان گەیشتووە، وەزارەتی دارایی بۆچوونی خۆیان داوەتە سەرۆكایەتی داواکاری گشتیو لە وەڵامەكەیاندا نەبوونی یاسای بوودجەیان كردووەتە پاساوی ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایانو فەرمانبەران!
سەیرە، پاساوێكی نایاسایی بۆ كارێكی نایاسایی، ئەی چی بووەتە هۆی نەبوونی یاسای بودجە لە ساڵی (٢٠١٣)ەوە؟ ئایا دەکرێت حکومەتێک هەبێت بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەسەر یەک یاسای بودجەی نەبێت؟ ئەمە لەکاتێکدا بەبێ بوونی یاسای بودجەش حکومەت پلەبەرزکردنەوەی بۆ فەرمانبەرانی سێ سەرۆکایەتیەکەو بواری سەربازی دەستپێکردووەتەوە، تەنها مامۆستایانو فەرمانبەرانی شارستانی ماون ئەم ستەمە لەسەریان کۆتایی بێت.
ئێمە ئەم وەڵامەی حكومەت پەسەند ناکەین، سوور دەبین لەسەر کۆتایهێنان بەم یاساشكێنیە بەرانبەر مامۆستایان و فەرمانبەران، هەر بۆیە سكاڵاكە دەكەین بە دوان، یەکەمیان جەخت دەکەینەوە لەسەر سکاڵاکەمان لەسەر ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، سکاڵای دووەمیان نەبوونی یاسای بودجە بۆ ماوەی هەشت ساڵ!
پلە بەرزکردنەوە، مافی مۆستایانو فەرمانبەرانەو بەهەر ڕێگەیەک دەستمان پێی بگات داوای دەکەین...
عومەر گوڵپی
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان
١٧ی ١٠ی ٢٠٢٢