ڕەزامەندم بە لە سێدارەدانیان”
بۆ ڕوونبوونەوەى زیاترى دەسەڵاتەکانى عەلى کیمیاویى لە بوارى کوشتن و لە سێدارەدانى هاووڵاتیانى ناوچەى باکورى عێراق بە هەرێمى کوردستانیشەوە، ناوەڕۆکى نووسراوێکى (سەرکردایەتى نووسینگەى ڕێکخستنى باکور) دەخەینەڕوو.
بە پێى نووسراوێکى([1])نووسینگەى سکرتارییەتى سەرکردایەتى نووسینگەى ڕێکخستنى باکورى حزبى بەعس کە ئاراستەى سەرکردایەتى فەیلەقى یەکى سوپاى عێراقى کراوە، تاوانبار (تاهیر تەوفیق)ى سکرتێرى (لیژنەى کاروبارى باکور)ى حزبى بەعس ڕەزامەندى لە سێدارەدانى ژمارەیەک هاووڵاتى دەردەبڕێت ئەوەش پاش وەرگرتنى بڕیارو ڕەزامەندى تاوانبار (عەلى حەسەن مەجید)!
لە دەقى نووسراوەکەدا کە بابەتەکەى بریتیە لە (لە سێدارەدانى تاوانباران)، هاتووە: ”ئاماژە بە نووسراوى نهێنى و کەسیتان، ژمارە (٣٥٢) لە (٨ى ٧ى ١٩٨٧)، هاوڕێى تێکۆشەر عەلى حەسەن مەجید، بەرپرسى نووسینگەى ڕێکخستنى باکور، بەمجۆرە سەرنجى خۆى لەسەر ناوەڕۆکى نووسراوەکەى سەرەوەتانى دەربڕى: لاریمان نیە لەسەر (بڕین)ى سەرى خیانەتکاران، بەڵام باشترە بیاننێرن بۆ ئەمن بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، سا بەڵکو کارو زانیاریى تریان لێوەربگیرێت کە سوودى لێوەربگیرێت بەرلەوەى لە سێدارە بدرێن، لەگەڵ ڕێزدا. واژۆ: تاهیر تۆفیق، سکرتێرى لیژنەى کاروبارى باکور”.
“لە سەروو پانزە ساڵەوە لەسەریان بدەن”*
هەر لەو تۆمارە دەنگیەدا کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد، داواکارى گشتى دەنگى کۆبوونەوەیەکى سەددام دەخاتەڕوو کە لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى سەربازیى و هەواڵگریى و ئەمن ئەنجامیداوە: ”بەبێ بەزەیى لێیاندەن، لە سەریان بدەن، ئاسانکارییان بۆ مەکەن، ئەمن خۆى کارى ئەوەیە کە کاربکات و دیراسە بکات کە چۆن ڕووبەڕووى بەکرێگیراوانى ئێران دەبێتەوە، بۆیە بەتایبەت هەرکەستان بینى ئینتیماى بۆ (بەکرێگیراوانى ئێران)([2])هەبوو لەسەروو تەمەن (پانزە) ساڵییەوە لە سەریان بدەن”.
لە بەشێکى ترى دانیشتنەکەى دادگادا، داواکارى گشتى دەنگى عەلى حەسەن مەجید دەخاتەڕوو لەبارەى لێدانى خەڵک بە چەکى کیمیایی و بەکارهێنانى ئەو چەکە قەدەغەکراوە لەسەر خەڵک، ئەوانەى ناویان ناون ناحەزانى حزب و شۆڕش، عەلى کیمیایی دەڵێت: ”لێیان دەدەم، لێیان دەدەم بە کیمیایى لە هەموویان، هەموویان لەناو دەبەم، کێ چى دەڵێ؟ نەتەوەیەکگرتووەکان قسە دەکات؟ ئەى نەفرەت لە نەتەوەیەکگرتووەکان و هەرچى وڵاتێک کە قسە دەکات”.
ئەم ڕێنماییەى سەددام تەنها ڕێنماییەکى زارەکى نەبووە بۆ دەزگا سەربازییەکانى بەعس، بەڵکو بە پێى نووسراوێکى سەرکردایەتى نووسینگەى باکورى حزبى بەعس، بە ڕوونى باس لە لە سێدارەدانى هەرکەسێک دەکات کە لە ناوچە قەدەغەکراوەکان دەستگیربکرێت و پاش لێکۆڵینەوە ئەوەى تەمەنى لە سەروو (پانزە ساڵ)ەوە بێت لە سێدارە بدرێت.
لە خاڵى پێنجەمى ئەو (نووسراو)([3])ەدا، کە ژمارە (٢٦/ ٤٠٠٨)ى ڕۆژى (٢٠ى ٦ى ١٩٨٧)ى لەسەرە و بابەتەکەى بریتییە لە (مامەڵەکردن لەگەڵ گوندە قەدەغەکراوەکان)دا: ”هەرکەس لە گوندە قەدەغەکراوەکان دەستگیربکرێت، دەستبەسەر دەکرێت و ڕادەستى ئەمن دەکرێت بۆ لێکۆڵینەوە، پاشان ئەوەى تەمەنى لەسەرو (١٥ ساڵ)و کەمتر لە (٧٠ ساڵ) بێت لە سێدارە دەدرێت”.
ئەنفال، وەک بەشێک لە دادگاى (حەسەب ئەلسیاق)
لە بارەى ئەنفال و گرتن و کوشتنى هاووڵاتیانەوە بەپێى سیستم و دادگاى (حەسەب ئەلسیاق)ى سەددام و سەرانى بەعس، ڕائید سەباح ئەلحەمەدانى بەمجۆرە یادەوەرییەکانى خۆى دەگێڕێتەوە: ”ئەنفال بە چەند قۆناغێک بوو، من باس لە سەرەتاى ساڵى ١٩٨٨ دەکەم، وا دەزانم مانگى دووى ساڵى ١٩٨٨ بوو، من خۆم ئامادەى لیژنەیەک بووم لە بارەگاى لیژنەى باکور لە شارى کەرکوک، ئەو لیژنەیە (عەبدوڕەحمان شەکرچى) سەرۆکایەتى دەکرد، شەکرچى پێشتر بەڕێوەبەرى ئەمنى هەولێر بوو، پلەکەى لیوا ڕوکن بوو، هەروەها ئەندامى لق بوو لە حزبى بەعسدا، لە بوارى ئەمن دەرچوو، کردیان بە سەرۆکى ئەو لیژنەیە، لەو کۆبوونەوەیە عەلى حەسەن مەجید ئامادەبوو، گوتەیەکى پێشکەشکرد، من ئامادە بووم، هەروەها ژمارەیەکى زۆر لە ئەفسەرانى ئەمن و هەواڵگریى و هەواڵگریى سەربازیى ئامادەى بوون، قسەکان لە چوارچێوەى ئەو باسەبوو کە کردارى پاککردنەوەى باکور دەستپێدەکات، کە هاوکاتى کردارە سەربازییەکان بێت، داواکارییەکە ئەوەبوو کە شوێن ئامادە بکرێت، عەلى کیمیایی گوتى: “عەمید شوێنى ئامادە کردووە”، مەبەستى ئەوەبوو کە سەربازگەى (خالید)و سەربازگەى (دبس) ئامادە کراوە، ئەو دوو سەربازگەیە یەکێکیان لە (کەرکوک) و ئەویتریان (تۆپ زاوا) لە دبس بوو، ئەو دوو سەربازگەیە تایبەت بوون بەو کەسانەى کە تازە بەتازە دەبرانە سەربازیى، ئەوەى مەبەست بوو کە ئەفسەران ئەنجامیبدەن ئەوەیە کە هەستن بە وردبینى و ژماردن و پشکنینى ناسنامەو کردنەوەى دۆسیەى کارەکانى هەرکەسێک کە دەستگیردەکرێت و دەهێنرێت بۆ ئەو سەربازگانە لەلایەن دامەزراوە سەربازییەکانەوە، فەرمانى گرتنەکەش هەموو ئەوانەى دەگرتەوە کە ئامادەییان هەبوو لەو ناوچانەى کە ناونرابوون “پشتێنەى ئەمنى”، پشتێنەى ئەمنى لە دەربەندیخان دەستیپێدەکرد بۆ دهۆک، ئەو ناوچانە لە بنەمادا بوو بوونە ناوچەى قەدەغەو نەدەبوو خەڵک تیایاندا بژى، بەڵام بە واقیعى خەڵکیان تێدا دەژیا.
بەڕاى من، ئەم ڕێنماییە بە هەڵە لێکدرایەوەو بە هەڵە بەکارهێنرا، تەنانەت هەرکەسێک دەستگیر دەکرا کە ئەگەر لە شەقامێکەوە لە سلێمانیەوە بچووایەتە شوێنێکى نزیک لەو شوێنانە، دەستگیر دەکرا، هێزە ئەمنیەکان نەیاندەتوانى جیاى بکەنەوە کە مەبەست کێیە دەستگیر بکرێت، بۆیە کردارێکى هەڕەمەکى بوو، هەموو کەس دەستگیر دەکرا، زۆرینەیان خێزان بوون، ژن و منداڵ و هەرکەسێکیتر کە دەستگیر دەکرا بەبێ حسابکردن بۆ هیچ شتێک، ئۆتۆمبێل دەهات و سواریان دەکردن و بەرەو ئەمنى کەرکوک، پاشان بۆ ئەو سەربازگانەى کە ئامادەکرابوون بۆ ئەو مەبەستە.
من یەکێک بووم لەوانەى کە خۆم سەردانى سەربازگەکەى دبس و سەربازگەکەى خالیدم کردووە بۆ ڕاپەڕاندنى کارەکان، من بەرپرس بووم لە ڕێکخستنى کردارى مانەوەى ڕاگیراوەکان، کە بە هەزاران بوون، کارمەندو ئەفسەرو مفەوەزى ترمان لەگەڵ بوو لە ئەمن و هەواڵگریى، هەموویان ئەرکیان ئەوەبوو کە دۆسیەى کاریان بۆ ڕێک بخەین، واتە دۆسیەى کەسى، هەرکەسێک دەستگیر دەکراو دەهێنرا.
لە کاتى هێرشى سوپا بۆ ئەو ناوچانە، هەزاران کەس دەستگیر دەکران و دەهێنران، سوپا دەیگرتن، ئەمن دەیگرتن، هەواڵگرى دەیگرتن، جاشەکان دەیگرتن، بێگومان سوپا نەیدەزانى ئەو خێزانانە چیان لێدێت، تەنانەت منیش نەمدەزانى، چونکە کاتێک ئێمە دەچووین بۆ ئەرکەکانمان پێیان دەوتین ئەم خێزانانە بژمێرن، تۆماریان بکەن و دۆسیەیان بۆ بکەنەوەو ناسنامەیان لێ وەرگرن و لەسەر بنەماى تەمەن و ڕەگەزو ئەوانە پۆلێنیان بکەن، زیلە عەسکەرییەکان دەیانهێنن، ئێمەش لەوێ لەو هۆڵانەى لە سەربازگەکە ئامادە کرابوون داماندەنان، لە سەربازگەى خالید، دەرگاى هۆڵەکانیش بۆ خواردن تەنها بە شەواندا دەکرانەوە، خواردنەکانیش ئەو خواردنانە بوون دەدران بە سوپا، سوپاس بەرپرسیار بوو لە چوارچێوەى سەربازکەگەو کۆنترۆڵى لەدەست ئەودا بوو، بەڵام بارودۆخى ناوخۆى ڕاگیراوەکان ئەمن لێى بەرپرسیار بوو، واتە ژماردن و پۆلێنکردن و هەر کارێکى تر، ئێمە لێى بەرپرس بووین، من خۆم ئەمە کارم بوو، ئامارو پۆلێنکردن، وە ئەو ژمارانەشمان دەدا بە سوپاو سەربازگەکە بۆ ئەوەى بەتانى و شوێن و خواردنیان بۆ ئامادە بکەن.
من باسى مانگى سێ دەکەم، خۆى کردارەکە لە مانگى دوو دەستیپێکرد، هێنانى خەڵکەکە لە کۆتایى مانگى دوو دەستىیپێکرد، ڕۆژێک لەو ڕۆژانە هەواڵێکمان بیست کە لە گوندێکى (ئاڵتون کۆپرى) کوشت و بڕێک ڕوویداوە لە عەشیرەتێکى (شەمەر) کە لە عەرەبى هاوردەبوون، ئەو کات گوتیان “یەکێتى نیشتیمانى” ئەمەى کردووە، ئەندامانى ئەو خێزانە هاتن لە کۆبوونەوەیەکى لیژنەى باکور ئامادەبوون، چۆنیان زانى ئەو کۆبوونەوە هەیەو ئەو لیژنە ئەوە کارییەتى؟ ئەوە نازانم، ڕووداوەکە سەیر بوو، باشە بۆ پیاوێک لەوێ ئامادە نەبوو تا بەرگرى لەو ژن و منداڵانە بکات کە کوژرابوون؟ ئەمە پرسیارە، من خۆم ڤیدیۆى ڕووداوەکەم بینى، کە ئەمن تۆماریان کردبوو، بینیم نزیکەى دوو سەد کەسێک لە ژن و منداڵ کوژرابوون، لەو کاتەدا من گوتم باشە بۆچى لە تەلەفزیۆن پەخشى ناکەن هەتا خەڵک و ڕایگشتى لێى ئاگاداربێت لەم ڕووداوە؟ گوتیان نا ئێمە نهێنى خۆمان ناخەینەڕوو، ئێمە دەڵێین عێراق ئارامەو هیچ کێشەمان نیە، چۆن دەبێت ئێستە بڵێین تێکدەرەکان ئەمەیان کردووە؟ ئەوە حەیاى دەوڵەت دەچێ! ڕەتیان کردەوە لە تەلەفزیۆن پەخش بکرێت”.
“ترسێک کەوتە دڵمەوە”
ڕائید سەباح بەردوامە لە گێڕانەوەکانى: “پاش دوو ڕۆژ، هەمان ڕووداو لە کفرى دووبارە بوویەوە، وەک هەمان ڕووداو وابوو، پاش دوو سێ ڕۆژ لەو ڕووداوە، هەندێک ڕێنمایى هات، من خۆم بەرپرسیار بووم لە کارەکانى سەربازگەکانى خالیدو دبس، گوتیان لە نێرینەى ئەوانەى دەستگیرکراون لە تەمەنى (١٥ بۆ ٤٥) ساڵمان بۆ جیا بکەنەوە، لەو کاتەدا ترسێک کەوتە دڵمەوە، گوتم دیارە ئەمانە دەبرێن بۆ لەسێدارەدان، ڕێنماییەکە بەو جۆرە بوو، خۆى ئەو تەمەنە واتە ئەوانە چەکدارن، ئەوە پاساوەکە بوو، سوێند بەخوا، ئینشائەڵڵا من ڕاستگۆم لە قسەکانم، من جەماعەتم هاندا تا دەستکارى ئەو تەمەنانە بکەن، بۆ نمونە کەسێک بهاتایە بیگوتایە تەمەنم حەڤدە ساڵە، دەمگوت بینوسن چواردە ساڵە، بۆ ئەوەى ڕزگارى ببێت لەو ڕێنماییە، بۆ ئەوەى لە سێدارە نەدرێت، ئەم جیاکردنەوەیەمان کرد، تا ئەو کاتەى فەرمانێکمان بۆ هات کە ئەو ڕاگیراوانە دابەشبکەین بەسەر بەرێوەبەرایەتیەکانى ئەمنى پارێزگاکاندا، بێگومان ژمارەکە زۆر بوو، زیاتر لە (١٥,٠٠٠) بوون، بەردەوامیش زیاد دەبوون، چونکە ڕۆژانە لە زیادبووندا بوون، بۆیە ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بوو، لەناو ئەم خێزانانەدا خێزانى عەرەب و تورکمانیشمان بۆ دەهات، بەڵام پاش تۆمارکردنى و دڵنیابوونەوە لەوەى عەرەب یان تورکمانە یەکسەر ئازادمان دەکرد، تەنها دوو یان سێ رۆژ دەمانەوە، فەرمانمان بۆ دەهات بۆ ئازادکردنیان، تەنها خێزانە کوردەکان مانەوە لەناو سەربازگەکەداو دەستبەسەر بوون.
خۆى تۆمارکردنى ڤیدیۆى قەسابخانەکەى ئەو دوو گوندەى پێشتر باسمان کردو بڵاوکردنەوەى لەلایەن ئەمنەوە بەسەر دەزگاکانى ئەمن و بەعسدا، بۆ ئەوەبوو پێمان بڵێن: “ئەها کوردەکان چۆن ژن و منداڵیان کوشتین؟” ئەو کات بروسکەکان دەیانگوت ئەوانەى ئەم تاوانەیان کردووە سەر بە یەکێتى بوون، خۆ دەکرێت خەڵکى تر بووبوون، من نازانم وایە یان نا، بەڵام وایان گوت، ناتوانم بڵێم وایە یان نا، بۆیە مەبەستەکە ئەوەبوو بڵێن: “ئەها ئەوان چیان لێکردین، دەبێت ئێمەش ئاوا ژن و منداڵیان بکوژین و بەزەییمان پێیاندا نەیەتەوە!”، بەمجۆرە پرۆسەى لەناوبردنى هاووڵاتیانى مەدەنى کورد بەرێوەچوو، خۆى لە ڕاستیدا پرۆسەى جیاکردنەوەى ژن و پیاوو تەمەنەکانى (١٥ بۆ ٤٥)ى پیاوەکان پێش ڕووداوى کوشت و بڕى لادێکەى ئاڵتون کۆپرى بوو، من پێشبینیم کردبوو جیاکردنەوەى ئەو تەمەنانە بۆ کوشتن بوو، بەڵام کاتێک ڕووداوەکەى ئاڵتون کۆپرى و کفرى ڕوویدا، فەرمانەکە گۆڕا، من هەر دوو سێ ڕۆژ جارێک سەرم لە بارەگاى لیژنە دەدا، بارەگاکە بە تەنیشت بەرێوەبەرایەتى ئەمنەوە بوو، من کارمەندى ئەمن بووم ئەوێ بارەگاى منە، لیژنەى کاروبارى باکورىیش لەلای چەپمانە، هەر سەد مەترێک لێمان دوور بوو، بۆیە زوو زوو سەردانم دەکردن، عەبدوڕەحمان شەکرچى کە سەرۆکى لیژنەکەبوو کۆمەڵێک ئەفسەر لەگەڵى کاریان دەکرد، لەوانە عەقید سالم مەڕعى، ڕۆژێک گوتیان: “موسیبەتێکى گەورە بەڕێوەیە”، گوتم چى بووە؟ گوتیان: “(کلهم حسب السیاق!)”، ئێ کارمەندانى ئێمە هەموویان لەم قسەیە تێدەگەن، حەسەب ئەلسیاق واتە کوشتنى بەکۆمەڵ! واتە گۆڕى بە کۆمەڵ، بڕیارێکى سەیرو ترسناک بوو بەڕاستى، تۆ بیهێنە پێشچاوت لە حاڵەتێکى وادا دەتوانى چى بکەیت؟ من لەناو ئەو سەربازگانە منداڵم بینیوە هەر لەو سەربازگانە لەدایک بوو بوو، منداڵى ساوا! یەکێک لەو ژنانە ژان گرتبووى و لەسەر وادەى منداڵبوون بوو، بە ئۆتۆمبیل بردبوومانە نەخۆشخانە، لەوێ قبوڵیان نەدەکرد وەریگبرن، چونکە هیچ ناسنامەیەکى پێ نەبوو، ناسنامەکانیان لاى ئێمە بوو کە لێمان وەرگرتبوون، من بە سیفەتى ئەفسەرى ئەمن و بەرپرسى کاروبارى سەربازگەکە بردمە ژوورەوە بۆ نەخۆشخانەکەو ڕێکارەکانم بۆ تەواو کرد، منداڵەکەى لە دایکبوو، کوڕى بوو، ئێ من ئەم منداڵە ساوایانەم بینیوە، کە ئەو هەواڵەشم بیست، بیرم لەو منداڵانە دەکردەوەو بیرم لەخۆم دەکردەوە کە چۆن لەگەڵ ئەم سەربازگەیە گیرۆدەبووم، چى دەبێت ئەگەر ئەم منداڵە کوڕم بێت، دەمویست بگریم، لەناخى خۆمدا دەکوڵام، باشە ئەم منداڵانە دەکوژرێن؟ ئەى ئەگەر منداڵێکى من یان نەوەیەکى من بکەوێتە ڕەوشێکى لەو جۆرە، هەستم چى دەبێت؟ بەڕاستى کارەسات بوو، کارەساتێک کە مرۆڤ بەرگەى نەدەگرت، ئەو ڕۆژگارە هەستى من ئاوا بوو”.
“شتێکى گرنگ منى ڕزگارکرد لە بینینى ئەم دیمەنانە”
ئەو ئەفسەرەى پێشووى ئەمن دەڵێت: لە ناکاو شتێکى گرنگ منى ڕزگار کرد لە بینینى ئەو دیمەنانە، لەکاتێکدا ناتوانى هیچ بکەیت، بەڕێوەبەرى ئەمن منى خستە خولێکەوە کە تیایدا پلەى یەکەمم بەدەست هێناو خەڵاتیشم وەرگرت، وێنەکەم هەیە کە لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتى ئەمن گرتوومە لەکۆتایى خولەکە، سەرەتاى خولەکە یەکى نیسان دەستى پێکردو لە سەرەتاى مانگى حەوت کۆتایى هات، بەڵام کەى، ئەو کاتەى ئۆتۆمبیلەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئەمن دەستیانکرد بە گواستنەوەى گیراوەکان، گواستنەوەیان بۆ کوێ؟ بۆ گۆڕى بە کۆمەڵ! ئۆتۆمبیلەکان داخراو بوون، تەنانەت هەواشیان بۆ نەدەچوو، تەنها هەواکێشەکان نەبێت، ئەم منداڵانەو خێزانەکانیان نەیاندەزانى بۆ کوێ دەڕۆن، تەواو ڕۆیشتن! تەواو ڕۆیشتن!.
ئۆتۆمبیلەکان زۆر بوون، هەر ئۆتۆمبیلێک بەزۆر نزیکەى چل کەسیان تێدەکرد بە پاڵەپەستۆ، ژن و منداڵ پێکەوە باردەکران، خێزان خێزان، بەڵام زۆرینەى خێزانەکان پیاویان لەگەڵ نەبوو، زۆرینەى منداڵ و مێرمنداڵى شانزە ساڵ و حەڤدە ساڵ، لەو جۆرە تەمەنە، ئەوان ڕۆیشتن بەرەو قەدەرى خۆیان.
من کە سەردانى لیژنەى کاروبارى باکورم کرد، گوتیان فەرمان لە عەلى حەسەن مەجیدەوە هاتووە کە دابەشى سەر پارێزگاکانیان بکەن و هەمووشیان بکوژن، ئەم کابرایە تۆمارى دەنگى هەیە کە لە دادگاى سەرانى ڕژێمدا لێدرایەوە، عەلى حەسەن مەجید بەدەنگى خۆى دەڵێت: “سەرۆکى فەرماندە فەرمانى بە من داوە چاودێریان بکەم کە خۆیان بە دەستەوە داوە!”، دەبینى؟ دەڵێت “خۆیان بەدەستەوە داوە، چیان لێ بکەم؟ چاودێریان بکەم”، واتە بیانخەمە ژێر خاک! ڕێک ئاوا دەڵێت، بۆکڵەینەکان بنێرم، بۆکڵەین واتە حەفارە، شۆفڵ بنێرم، بە تکریتى واتە لێرەوە بۆ ئەوێ، واتە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئەمن بۆ ئەوەى لەوێ بیانکەن بە ژێر خۆڵەوە، ئەمەیە چاودێرى، گوێ لە دەنگەکەى بگرنەوە، با خەڵک هەموو گوێى لێبێت، ئەمە عەلى حەسەن مەجیدە فەرمان دەدات هەزاران خێزان ئەنفال بکرێن، هەزاران خێزان بە منداڵەکانیانەوە، ئەوە عەلى حەسەن مەجیدەو ئەوەش پرۆسەى ئەنفال، من لەو کاتەدا چوو بوومەوە بۆ ئەمنى عام، خوا ڕەحمى کرد دابڕام و لەوە زیاتر ئەو دیمەنانەم نەبینى، تا ڕۆژانە بچم دەوام بکەم و ئەو منداڵانە ببینم کە ڕۆژانە وەجبەیان لێ دەڕوا، لە کاتێکدا دەشزانم بۆ کوێیان دەبەن!.
ڕۆژێک لەو ڕۆژانەى لە خولەکە بووم، ئاخر خولەکە سێ مانگ دریژەى کێشا، لە مانگى چوار تا مانگى حەوت، سەرەتاى مانگى حەوت کۆتایى هات، هەمیشە دەچووم ئۆتۆمبیلەکەم پڕ دەکرد لە بەنزین، ئۆتۆمبیلەکەم ڤۆڵڤۆ بوو، چەند ڕۆژ جارێک دەچوومە بەرێوەبەرایەتى ئالیات (ئامێرەکان) کە سەر بە ئەمنى عام بوو لەوێ، بەنزینم تێدەکرد، ڕۆژێکیان یەکێ لەو ئۆتۆمبیلانەم بینیەوە کە گیراوەکانیان پێ دەگواستنەوە، بینیم شوێنى نزیکەى هەزار گولەى پێوەبوو، کون کون بوو بوو، منیش کارمەندى ئاسایشم و بە سروشتى خۆم دەمەوێت هەموو شتێک بزانم، چوومە ژوورەوە بۆلاى کارمەندەکانى چاککردنەوە، بزانم چیرۆکى ئەم ئۆتۆمبیلە چیە؟ گوتیان: “ئەمە گیراوى گواستووەتەوەو کەوتووەتە ناو شەڕە تەقەوە”، شەڕە تەقەى کێ؟ ئەگەر گیراوى تێدابووە دیارە پاسەوانیشى هەبووە، ئۆتۆمبیلێک لە پێشیەوەو ئۆتۆمبیلێک لە دوایەوە، دواتر بیستمەوە، بێگومان دواى ئەوەى لە مانگى حەوت گەڕامەوە بۆ کەرکوک بیستم کە یەکێک لەوەجبەکان هەوڵى ڕاکردنیان داوە، لەو کاتەدا کە ئۆتۆمبیلەکان لە نزیکى چاڵە هەڵکەنراوەکان دەیانەوێت ڕایگرن، خەڵکەکە هەستیان کردووە، هەر کە دەرگاکە کراوەتەوە هێرشیان بردووەو خۆیان لە ئۆتۆمبیلەکە هەڵداوە، هەر کە خۆیان هەڵداوە بە هەموو لایەکدا ڕایانکردووە، خوا دەزانێت شوێنەکەش چۆن بووە، بیابان بووە، چۆڵ و دەشتایى بووە، دەستبەجێ دراونەتە بەر دەستڕێژى گولەو هەر هەموویان کوژراون، هەندێکیشیان فریا نەکەوتوون هەر لە ناو ئۆتۆمبیلەکە ماونەتەوە، بۆیە هەر لەناو ئۆتۆمبیلەکە دراونەتە بەر دەستڕێژى گولە، بۆیە ئەو ئۆتۆمبیلەى من بینیم سەدان و ڕەنگە هەزاران گولەى پێوەبوو، من هەر کاتێک ئۆتۆمبیلەکەم بینیى بەو هەموو گولەیەوە زانیم کە پەیوەندى بە (ئەنفال)ەوە هەیە.
مانگى تەموز گەڕامەوە سەر ئەرکەکەى خۆم، ئەفسەرێکى تریان لە جێگەکەى من دانابوو، ئاساییە مرۆڤ فزوڵى بێت و بیەوێت بزانێت چى ڕوویداوە، گوتیان ڕاوەستە، پرۆسەى ئەنفال کۆتایى هاتووە، کوشتن و بڕین نەماوەو بە یەکجارى وەستاوە، بەشێک لە پیاوەکانیان بردبوو بۆ نوگرە سەلمان، بەشێک لەو گیراوانەى پیاو بوون ڕەوانەى نوگرە سەلمان کرابوون، خێزانەکانى دیکەش دابەش کرابوون بەسەر پارێزگا عەرەب نیشینەکان، واتە برابوون لەوێ نیشتەجێکرابوون، ئەمانە مافى ئەوەیان نەبوو سەردانى ناوچەى حوکمى زاتى (واتە کوردستان) بکەن، تەنانەت بۆیان نەبوو نزیکى ئەو ناوچەیەش بکەونەوە، بە کورتى واتە بەبێ ڕەزامەندى پارێزگار مافى ئەوەیان نەبوو لە پارێزگاکە دوور بکەونەوە، واتە کوشتن و بڕینیان ڕاگرت، ئینجا دەرکەوت کە زۆرێک لەم خێزانانە خزم و کەسى کەسانێک بوون کە بەشدارییان لە گرتنى ئەم خێزانانە کردووە، لەوانە فەوجەکانى خەفیفەکان، یان فەوجى بەرگرى کە کورد بوون، هەروەها مەفرەزەکانى ئەمن کە کوردیان تێدابوو، مەفرەزەکانى هەواڵگرى کە کوردیان تێدابوو، ئەمانەش خزم و کەس و کاریان هەبووەو دەیانزانى خزم و کەس و کاریان براونەتە ئەم سەربازگانەو بۆنى هەواڵیان دەکرد، هەواڵى دیار نەمانى ئەم خەڵکە، هەموو پرسیاریان دەکرد کوا خزمەکانمان؟ کوا منداڵەکانیان؟ بێگومان کەس و کارى ئەو جاشانە هەبوون، ئەگەر خزم و کەسى منیش بەشدار نەبووبن ئەوا کەسانێک هەن بەشدارییان لە گرتنى خزم و کەس وکارى من کردووەو هەواڵم دەدەنێ، چونکە جاشەکان خۆیان بەشداربوون، بەشدارێکى کاراش بوون، ئەوانیش ئەرکى ڕزگارکردنى شوێنەکانیان جێبەجێ کردووە، ئەوەى شوێنێکى ڕزگار کردبێت دەشێت خەڵکیشى گرتبێت، بەڵام نە سوپاو نە هەواڵگریى و نە جاشەکان نەیاندەزانى چارەنووسى ئەم دەستگیرکراوانە چى دەبێت، وایانزانیوە بۆ ماوەیەک لە شوێنێک ڕادەگیرێن و پاشان لە شوێنێک نیشتەجێ دەکرێن، نەدەکرا بیر بکەیتەوە لەوەى ئەم هەموو منداڵە بکوژرێت! ئەم هەموو خێزان و منداڵە کە مرۆڤ موچرکە بە لەشیدا دێت، بەڵام ئیتر ئەوە سەددام حسێنەو ئەوە ڕژێمەکەیەو ئەوەیان کرد!
[1] - بۆ بینینى دەقى نووسراوەکە، سەیرى بەڵگەنامەى ژمارە (42) بکە.
[2] - لەو ساڵانەى شەڕى عێراق و ئێراندا، ڕژێمى بەعس هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى بە (بەکرێگیراوى ڕژێمى ئێران) تۆمەتبار دەکرد، بە کوردو عەرەبەوە، بە ئیسلامیى و نەتەوەییەوە.
[3] - بۆ بینینى دەقى نووسراوەکە، سەیرى بەڵگەنامەى ژمارە (43) بکە.
ئەم وتارە لە کتێبى (کەیوان، چیرۆکى سى و چوار گەنجەکەى ئەمنى سلێمانى) وەرگیراوە (لاپەڕە ٣٠٧)