کەی ڕادەچڵەکێین؟ چی ڕوو بدات تا بەخەبەر بێین؟
2026-05-21
11 جار خوێندراوەتەوە

کەی ڕادەچڵەکێین؟ چی ڕوو بدات تا بەخەبەر بێین؟

ترەمپ لە تازەترین لێدوانیدا دەربارەی کورد دەڵێت: "کورد لە کۆنگرێس پشتیوانییان زۆرە و دەڵێن جەنگاوەری بەهێزن، بەڵام من دەڵێم تەنیا کاتێک جەنگاوەری بەهێزن کە پارەیان پێبدرێت"

بە ناو سەرکردەکانی کوردستان (سەرکردەکانی دەسەڵات) وەک پاڵەوان و فریادڕەس باس لە ترەمپ دەکەن، وەسف و سەنای سیاسەتە چەوتەکانی دەکەن، ئەویش وەک کرێگرتە باس لە گەلێکی ستەملێکراو دەکات کە بەشێکی گەورەی ستەمەکان یان سەرچاوەکەیان زلهێزان بووە یان پاڵپشتی ستەمکارو دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە بوون، بەتایبەت ئەمریکا!

ئەگەرچی ئەم لێدوانەی ترەمپ ( لێدوانەکانی پێشتریش کە باسی دزینی چەکەکان دەکات) گەورەترین بێڕێزییە بە کوردو کوردستان، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەش بڵێین کە سیاسەتی چەوت، نەبوون و پەکخستنی دامەزراوەی نیشتیمانی، گەندەڵی و ناعەدالەتی ناوخۆ، پێکنەهێنانی هێزی نیشتیمانی لە چوارچێوەی یاساو دامەزراوەدا ئەو دەرفەتەی ڕەخساندووە کە لە دەرەوە بە چاوی ڕێزەوە سەیری کوردو کوردستان نەکرێت.

بۆ ئەوەی خۆ لەو بچوککردنەوەیە بە دوور بگرین، هەموو وڵاتان و دونیاش بە چاوی ڕێزەوە سەیری هەرێمی کوردستان بکەن، تا ڕۆژێکی زووتر بەرەو دامەزراوەی نیشتیمانی بڕۆین درەنگە، تا ڕۆژێک زووتر کۆتایی بە دەسەڵاتی خێڵ و بنەماڵە بهێنین و لە جێگەیان ژیانی یاسایی مەدەنی دامەزرێنین درەنگە، تا ڕۆژێک زووتر عەدالەت بەرقەرارکەین درەنگە، تا ڕۆژێک زووتر نەوت و سامانی سروشیی لە دەستی کەس و حزب دەربهێنین و بیکەینە سەروەت و سامانێک بۆ گشت نیشتیمان و هاووڵاتیان درەنگە.

دەرفەتی زۆر لەدەست درا، ئیتر کاتی نییە کۆتایی بە لەدەستدانی کات و دەرفەتەکان بهێنین؟

عومەر گوڵپی

١١ی ٥ی ٢٠٢٦


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 687,736     ژمارەی میوان 370