ستەم لەمە گەورەتر؟
2026-05-21
12 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ئەوەی پارەی کارەبا بازرگانییەکەیان دواخستووە، لە شاری هەولێر کارەبای خێزانێکیان بڕیوە کە بێجگە لەوەی هەژارەو منداڵی بێ سەرپەرشتی هەیە و کرێچیشە، سێ منداڵیان ئۆتیزمیشن!

سەیری وێنەکە بە گەورەیی بکەن:

١- ئەرکی حکومەتە مانگانە هاوکاری ماڵە هەژارەکان بکات، ئەوانەی هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییەو لە خوار هێڵی هەژارییەوەن، بەڵام هیچ هاوکارییەکیان ناکات!

٢- بڕی (١٥٠ هەزار) دیناریان دەدا بە منداڵی بێ سەرپەرشت، لە ساڵی (٢٠١٥)ەوە ئەو تۆزە هاوکارییەشیان بڕیوە، واتە هیچ منداڵێکی بێ سەرپەرشت لە کوردستان هاوکاریی ناکرێت، ئەمەیان بە پێچەوانەی دنیاوەیە!

٣- لە ساڵی (٢٠١٢)ەوە پارەیان بۆ هیچ منداڵێکی کەمئەندام تەرخان نەکردووە، کە ئەمە سەرپێچی یاساشە!

کەچی بەهۆی دواخستنی پارەی کارەبا بازرگانییەکەوە دەست ببەیت بۆ بڕینی کارەبای ماڵێکی هەژار کە کرێچین و خانەوادەیەکی بێ سەرپەرشتن کە پێنج منداڵیان هەیەو سیانیان ئۆتیزمن، تۆ هیچ شتێک بۆ خێزانێکی لەمجۆرە ناکەیت، کەچی کارەباکەشیان دەبڕیت!

ئەمە لە کاتێکدا هیچ یاسایەک نییە ڕێگە بدات حکومەت خزمەتگوزاریی بنەڕەتی (وەک: ئاوو کارەبا) لەسەر هاوڵاتیان ببڕێت!

ستەم لەمە گەورەتر؟

لە کاتی خۆیدا زۆرمان هاوار کرد، سکاڵامان کرد، پڕۆژەمان پێدان، هاوارمان کرد باشە ماڵە هەژارەکان چۆن پارەی ئەم کارەبا بازرگانییە بدەن؟ بەداخەوە گوێمان لێ نەگیرا!

عومەر گوڵپی

١٣ی ٥ی ٢٠٢٦


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 687,755     ژمارەی میوان 10