ئەگەر ئەمە ئیشی حکومەتە!
ئەگەر دەرکردنی نزیکەی (١٠٠٠) هاووڵاتی گوندی لاجان کە ژن و منداڵ و بەساڵاچوو و کەمئەندامیش بەشی زۆرینەیان بوون کاری حکومەتەو بۆ بەرژەوەندی ئەوانە بە بڕیاری چ دادگاو دادوەرێک کراوە؟
بە پێی ماددەی (١٧)ی دەستور ماڵ موحەڕەماتی خێزانەو هیچ هێزێک نابێت سنورەکانی بشکێنێت و هەڵبکوتێتە سەری و بیشکنێت تەنها بە بڕیاری دادوەر نەبێت، لە کام دادگاو کام دادوەر بڕیاریدا نەوەک ماڵێک بەڵکو گوندێک چۆڵ بکرێت و بپشکنرێت؟
چۆن ژنی دوو گیان و منداڵی ساوا دەکرێتە سەر جادە؟ کوا تیمەکانی پۆلیس و حکومەت بۆ پاراستنیان؟ کوا تیمەکانی حکومەت بۆ ئامادەکردنی خواردن بۆیان؟ کوا ئەمبوڵانس و تیمی پزیشکی بۆ بەدەمەوەچوونی هەر حاڵەتێکی ناکاو؟ دنیا ساردە، جۆن خەڵک چەندین سەعات لەسەر جادە دادەنرێت؟
ئەمە شەری کۆمپانیایە لەگەڵ خەڵک بەڵام بەناوی حکومەتەوە، شەڕی پارەو دۆلارە بەڵام هێزی فەرمی و سەربازی بۆ یەکلاکردنەوەی بەکار دەهێنرێت!
خەڵکی عاقڵ بە دۆشکەو باجەرو دەبابە ڕووبەڕووی داواو ناڕەزایی خەڵک نابێتەوە، حکومەت ئەگەر حکومەت بێت پۆلیس و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکانی هەیە، بە ڕێوشوێنی مەدەنی مامەڵە لەگەڵ خەڵک دەکات نەوەک هێزی تایبەت و چەک و تۆقاندن!
ئەمجۆرە مامەڵەکردنە لەگەڵ خەڵکدا تەنها دەسەڵات باجەکەی دەدات، سەد هێندەی تر خەڵک بێمتمانە دەکات بەرانبەر دامەزراوە حکومییەکان و دەزگا ئەمنییەکان، کەلێنی گەورەی نێوان خەڵک و حکومەت سەد هێندەی تر فراوان دەکات!
عومەر گوڵپی
١ی ١٢ی ٢٠٢٥