یەک/ وەزارەتی دارایی بڕی (١٢٠ ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی نارد بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ئەوانیش (یەک ترلیۆن) و (٧ ملیار) دیناریان بۆ مووچەی مانگی شەش نارد، بەڵام ڕازی بوونی بەغدا بۆ ناردنی مووچە بەبێ فرۆشتنی نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە بۆ مانگەکانی داهاتوو لە ئەستەمەوە نزیکە، کەواتە چارەنووسی مووچەکانی مانگی (٧ تا ١٢)ی ئەمساڵ چییە؟
دوو/ کاتێک ئێمە داوای مووچەو بودجەی کوردستان دەکەین، پاڵپشت بە یاسای بودجە داوای دەکەین، کاتێکیش بەغدا داوای فرۆشتنی ڕۆژانەی (٤٠٠ هەزار) بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی فیدراڵی دەکات، بە هەمانشێوە بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵە بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣ -٢٠٢٥)، کەواتە بۆ ئەوەی مووچە لە دواکەوتنی وەرزی ڕزگاری بێت، پێویستە حکومەتە ماوە بەسەرچووەکە نەوت بداتە سۆمۆو داهاتی مانگانە لە داهاتی ناوخۆ پشکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بنێرێت، ئەگەر بە هەمان ئەو یاسایەی گلەیی لە بەغدا پێدەکەین، بەغداش گلەیی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکات، راستیشە.
سێ/ ئەگەر لایەنەکانی دەسەڵات و حکومەتە ماوەبەسەرچووەکەیان دەیانەوێت میللەت برسی نەبێت، مووچەی مانگەکانی (٧تا ١٢)ی ئەمساڵ مسۆگەر بێت، ساڵی مووچەخۆران دوانزە مانگ بێت نەوەک کەمتر، دەبێت خەڵکی کوردستان نەکەنە قوربانی بەرژەوەندی خۆیان و کۆمپانیاکانیان و ئەم دوو ئەرکە بە زوویی جێبەجێ بکەن:
١ـ رازی بن بە فرۆشتنی کۆی نەوتی بەرهەمهێنراو لە ڕێگەی سۆمۆوە.
٢ـ داهاتی ناوخۆ ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکەن بە پێی یاساو بڕیاری دادگای فیدراڵی.
چوار/ ئەگەر ئەم دوو ئەرکە جێبەجێ ناکەن با لە داهاتی ناوخۆو ئەو نەوتەی بە تەنکەرو پاڵاوگە دەیفرۆشن مووچە بدەن، ئیتر بەس بێت یاریی بە قوتی خەڵک.
عومەر گوڵپی
١ی ٩ی ٢٠٢٥