لە هەرێمی کوردستان، کارەبا لە خوێنی خۆمان بەرهەم دێت، نابێت بە نرخی "بازرگانی" پێمان بفرۆشنەوە!
زیاتر لە (٩٠٪)ی کارەبای کوردستان لە غازی (کۆرمۆر)ی چەمچەماڵ و (خورمەڵە)ی هەولێر بەرهەمدێت، غازیش موڵکی ئەم میللەتەیە، ئەگەر کارەبای بە نرخی حکومی پێدابین نەکرێت، بۆچی باشە؟
کۆمپانیای دانەغاز لە بەرنامەیدایە بەرهەمی غازی چەمچەماڵ پەرەپێبدات و بگەیەنێتە دوو هێندە، توانای وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباش لە ئێستەدا دوو هێندەیەو تەنها غازی پێویستیان بۆ دابین بکرێت، دەتوانن دوو هێندە کارەبا دابین بکەن.
سەیرەکە لەوەدایە لە ئێستادا لە تەواوی وێستگەکاندا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا نزیک بووەتەوە لە (٣،٩٠٠) مێگاوات، لە کاتێکدا خواست لەسەر کارەبا نزیکەی ( ٧،٠٠٠) مێگاواتە، بەڵام (٩٠٠) مێگاواتی دەفرۆشن بە وەزارەتی کارەبای عێراق!
پێویستە وەزارەتی کارەبا پابەندی دابینکردنی کارەبا بێت بۆ هاووڵاتیان بەو نرخانەی ئێستە کە بە (١٨) دینار بۆ کیلۆ واتێک دەستپێدەکەن، ئەوەش لەبەر یەک هۆکاری سادە، ئەویش ئەوەیە: " هەموو خێزانێک مافی بەکارهێنانی کارەبای هەیە بۆ پێویستییەکانی ڕۆژانە، نەوەک تەنها دەوڵەمەندەکان و بەرپرسان!"
عومەر گوڵپی
پەرلەمانتاری خەڵکی کوردستان/ دژە دیزاین
١٩ی ٣ی ٢٠٢٥