هەموو شتێک لەبارەی‌ کارەبا (٢٤) سەعاتییەکەوە!
2025-03-12
53 جار خوێندراوەتەوە

 

(تا زووە با فشار بکەین و دەنگ هەڵبڕین و ڕێگە لەو نرخە بازرگانیانە بگرین)

ئەو پڕۆژەیەی‌ حکومەت ناوی‌ ناوە پڕۆژەی‌ “ڕووناکی‌”، لە ڕاستیدا پڕۆژەی‌ تاریککردنی‌ گیرفانی‌ هاووڵاتیانە، چونکە نرخی کارەبایان بەلای کەمەوە شەش هێندە تا نۆ هێندەو دە هێندە زیادکردووە، واتە نرخیان لە (١٨) دینارەوە بەرز کردووەتەوە بۆ نزیکەی‌ (١٥٦) دینارو زیاتریش!

⭕️ چی‌ ڕوویداوە؟

بەناوی‌ پێدانی‌ کارەبای‌ ٢٤ سەعاتی‌، حکومەت دەیەوێت نرخی‌ کارەبا لەسەر هاووڵاتیان بەجۆرێک زیاد بکات کە نەتوانن بەکاریبهێنن، لە کاتی‌ بەکارهێنانیشدا هاووڵاتی‌ وەک ئەوەیە لە ماڵەکەی‌ خۆیدا ببێتە “کرێچی‌”!

⭕️ نرخەکان چۆن زیاد کراون؟

وەزارەتی کارەبا پشتی بە هیچ یاساو ڕێنماییەک نەبەستووە بۆ ئەژمارکردنی‌ نرخی کارەبا، ئەمە بۆ خۆی‌ گەورەترین سەرپێچییە، ئەمە بێجگە لەوەی‌ بە پێی‌ دەستور حکومەت نابێت بەبێ یاسا یەک دینار بۆ باج و ڕسومات زیاد بکات، بەڵام ئەمان ئەو کارە نایاساییەیان کردووە، بەڵام بە نهێنی‌، بۆیە لە هیچ بەیاننامەو ڕاگەیەنراوێکی‌ حکومەتدا تەنانەت باسی‌ نرخەکەی‌ ناکەن!

⭕️ مانگانە خێزانێک چەند پارە خەرج دەکات؟

🔹 نمونەی‌ (١):

هاووڵاتی‌ بەڕێز، بڕۆ سەیری‌ پسوڵەی‌ کارەباکەت بکە، ئەگەر لە ئێستەدا بۆ (٦٠٠ کیلۆ وات) تەنها نزیکەی‌ (١١،٧٥٠) دینارت بۆ گەڕاوەتەوە، ئەوا ئەگەر کارەباکەت ببێتە پڕۆژەی‌ بەناو “ڕووناکی”‌ (٢٤ سەعاتی‌) ئەوە بۆ هەمان بەکارهێنان واتە (٦٠٠ کیلۆ وات)، پێویستە تۆ نزیکەی‌ (٦٠,٠٠٠) دینار پارە بدەیت! واتە: تێچووی‌ مانگانەی‌ کارەباکەت لە (١١،٧٥٠) دینارەوە دەبێتە (٦٠,٠٠٠) دینار!

🔹 نمونەی‌ (٢):

ئەگەر بەکارهێنانی‌ ئێستەت نزیکەی‌ (١٠٠٠ کیلۆ وات)ە بۆ مانگێک، ئەوە تۆ بە نرخی ئێستە مانگانە نزیکەی‌ (٢٣،٠٠٠) دینار پارە دەدەیتە وەزارەتی کارەبا، بەڵام لە پڕۆژەی کارەبای (٢٤) سەعاتی بۆ هەمان بەکارهێنان، واتە (١٠٠٠ کیلۆ وات) پێویستە زیاتر لە (١٥٠,٠٠٠) دینار پارە بدەیت! واتە: تێچووی‌ مانگانەی‌ کارەباکەت لە (٢٣ هەزار)ەوە دەبێتە ( ١٥٠ هەزار) دینار!

⭕️ ئەم پڕۆژەیە بۆ کێ زیانە؟

ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەو خێزانانەی‌ بژێوی‌ ژیانیان ئاساییە، یان مامناوەندییە بارگرانییە، بەڵام بۆ خێزانە هەژارەکان بە تەواوەتی‌ بارگرانییە، بۆ ئەوانەشی‌ لە خوار هێڵی‌ هەژارییەوەن ئەوە ئەو نرخانەی کارەبا واتە حکومەت بەو خێزانانە دەڵێت : "ئێوە مافی‌ بەکارهێنانی‌ ئەو کارەبایەتان نییە کە بە غازی وڵاتەکەی خۆتان بەرهەمدێت!".

⭕️ ئەم پڕۆژەیە بۆ کێ بە سودە؟

ئەم پڕۆژەیە زۆر بە سودە بۆ بەرپرسان، دەوڵەمەندو سەرمایەداران، لە هەمانکاتدا بۆ حکومەتیش، چونکە دەوڵەمەندو بەرپرسەکان لە ئێستەدا دەتوانن خۆیان موەلیدەی‌ تایبەت بەکاربهێنن، یان لە سەرو پانزە ئەمپێرەوە کارەبای‌ موەلیدە دەکڕن، یاخود لەو پڕۆژانەن کە بە ئاستی بژێوی بەرز(های کۆست) ناسراون، بۆیە بە گەیشتنی‌ ئەم پڕۆژەیە بە ماڵەکەیان بڕێک لە خەرجی‌ کارەباکەیان کەم دەبێتەوە بەراورد بە خەرجی ئێستەیان، ئەمەش بۆ ئەوان قازانجە!

⭕️ ئایا ڕاستە لە هەموو وڵاتانی‌ دونیا کارەبا گرانە؟

ئەمە قسەی‌ بەرپرسانی‌ حکومەتە، لە ڕاستیدا ئەم قسەیە بە تەواوەتی‌ ناڕاستە، بە بەراوردکردنی زۆر سادە دەردەکەوێت نرخی‌ کارەبا لە وڵاتانی‌ (عێراق، ئێران، کوەیت، سعودییە، تورکیا) لەو نرخانەی‌ ئێستە دەیانەوێت بەسەر خەڵکدا بیسەپێنن زۆر کەمترە، هەروەها بەراورد بە ئاستی‌ بژێوی‌ ژیان، کارەبای‌ وڵاتانی‌ ئەوروپی‌ و ئەمریکی‌ وەک (بەریتانیا، ئەڵمانیا، نەرویج، سوید، ئەمریکا، کەنەدا) هەرزانترە لەو نرخانەی‌ بۆ کارەبای‌ (٢٤) سەعاتی‌ کوردستان دانراون، پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا دەکرێت کەسێک دانیشتووی‌ بەریتانیا بێت پارەی‌ کەمتر بدات بە کارەبا وەک کەسێک دانیشتووی‌ هەر شارو قەزاو ناحییەیەکی‌ کوردستان؟

⭕️ حکومەت بۆ وا دەکات؟

لە ڕاستیدا بەهۆی‌ نەبوونی‌ شەفافیەت، دەستگرتن بەسەر بەشێک لە داهاتەکانی‌ کوردستان لەلایەن حزبەکانی‌ دەسەڵاتەوە، نادیاریی‌ داهاتی‌ نەوت، نایانەوێت هیچ بڕە پارەیەکی‌ تر لە بەرهەمهێنانی‌ کارەبا بە خەرج بدەن، ئەمە بێجگە لە خراپ بەڕێوەبردن، لە هەمانکاتدا دەیانەوێت کارەبا بەجۆرێک بدەنە هاووڵاتی‌ قازانج بکەن لە پڕۆسەکە، ئەو کاتە زەمینەی‌ پێدانی‌ تەواوەتی‌ کارەبا بە کەرتی‌ تایبەت و کۆمپانیا زۆر ئاسان دەبێت، چونکە بەو نرخە بازرگانیانە کۆمپانیا ئامادەیە کارەبا بگرێتە ئەستۆو قازانجیش بداتە حکومەت!

⭕️ چ چاوبەستێک لە هاووڵاتیان دەکرێت؟

بۆ ئاسانکردنی کرداری قبوڵکردنی نرخە بازرگانییەکە، ئەم پڕۆژەیە بگاتە هەر گەڕەکێک لە مانگی یەکەم داشکاندنی لە سەدا پەنجا (٥٠٪) ت بۆ دەکەن، بۆ ئەوەی کتوپڕ هەست بە گرانی نرخەکان نەکەیت! لە مانگی دووەم داشکاندنی (٢٥٪)ت بۆ بۆ دەکەن، لە مانگی سێیەم پارەی تەواوت لێ وەردەگرن، ئەگەر مانگی سێیەم زستان یان هاوین بوو ئەوسا هاووڵاتی دەزانێت چۆن بارگران کراوە بۆ هەمیشە!

⭕️ دەبێت چی‌ بکەین؟

لەبەرئەوەی سیستمی زیرەک بەکاردەهێنن، هیچ کەس نایەت بە تۆ بڵێت ئەرێ ڕازییت کارەباکەت بکەین بەم پڕۆژەیە یان نا؟ بەڵکو ڕاستەوخۆ ئەم نرخانەت بەسەردا دەسەپێنن، بەڵام گرنگە هەموو هاووڵاتییەک وشیاربێت جی ڕوو دەدات، دەبێت هەموو هاووڵاتیەک ئەم نرخانە ڕەد بکاتەوە، دژی‌ ئەم گرانکردنەی‌ کارەبا دەنگ هەڵبڕێت، بەهەر ڕێگەیەک بە گونجاوی‌ دەزانێت ناڕەزایی‌ خۆی‌ بگەیەنێت، چونکە گرانکردنی‌ کارەبا مەترسی‌ و بارگرانی‌ بۆ ئایندەی‌ خۆت و منداڵەکانت دروست دەکات.

دەبێت بە فشارەکانمان دەسەڵات ناچار بکەین کارەبای بەردەوام بە نرخی حکومی (١٨ دینار) بۆ هاووڵاتیان دابین بکات، چونکە کارەبا لە غازی وڵاتی خۆمان بەرهەم دێت، هەروەها ئەگەر داهاتی ناوخۆو نەوت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بنەڕەتی ژیان (ئاو، کارەبا، نەخۆشخانە، قوتابخانە، ڕێگەوبان) خەرج نەکرێت، کەواتە چی لێدەکەن؟

بۆیە چاوەڕێی کەس مەکەو تۆ خۆت دژی ئەو نرخانە بە کە ژیانت زەحمەت دەکەن، دەبنە بارگرانی بۆ خانەوادەکەت، چونکە تۆ هاووڵاتی ئەم وڵاتەیت و مافی ئەوەت هەیە شەرەفمەندانە بژیت.

عومەر گوڵپی‌

٧ی‌ ٣ی‌ ٢٠٢٥


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 461,188     ژمارەی میوان 805