لە (١٨) دینارەوە بۆ (١٥٦) و زیاتريش!
2025-03-03
457 جار خوێندراوەتەوە

 

لە هەر وڵاتێکى دونیا، کە سیستم و یاساى تێدابێت، زیادکردنى یەک دیناریش بۆ نرخى خزمەتگوزاریى، یان باج، پێویستى بە یاسا هەیەو پەرلەمانى وڵات بە چەندین سەعات گفتوگۆی دەکات و خەڵکیش بە ڕێگەى جیاجیا بەشدارى ئەو گفتوگۆیانەیە، کەچى لە کوردستان هەر یەک دوو کەس لە ژوورێک دادەنیشتن و لیستێک لە باج و ڕسوماتى نوێ بەسەر هاووڵاتى هەژاردا دەسەپێنن!

پڕۆژەى ڕووناکى کە کارەباى (٢٤) کاتژمێرى بۆ هاووڵاتیان دابین دەکات، نرخى کارەبای لە (١٨)دینارەوە بۆ کیلۆ واتێک گەیاندووەتە (١٥٦) دینارو زیاتریش، خۆ ئەگەر ڕێگەى لێ نەگیرێت ئەوە هەموو خێزانێک لە کوردستان دەکاتە کرێچى و لە وەرزەکانى زستان وهاویندا هیچ خێزانێک نییە پێویستى بە (١٥٠,٠٠٠) دینار وەک بڕێکى مامناوەند لە کارەبا نەبێت، هەروەها لە پایزو بەهاردا کە پێویستى بۆ کارەبا زۆر کەمە، هیچ خێزانێک نییە کەمتر لە (٥٠,٠٠٠) دینارى پێویست بێت!

بۆ ئەوەى هاووڵاتى باشتر بزانێت لە پڕۆژەى ڕووناکى چ ستەمێکى لێدەکرێت، نمونەى چەند وڵاتێک وەردەگرین کە ئاستى بژێوى خێزان تیایدا زۆر باشترە لە کوردستان، لە نمونەکاندا باسى عێراق ناکەین کە کیلۆ واتێک کارەبا تەنها بە (١٠) دینارە، هەروەها باسى وڵاتى ئێرانیش ناکەین کە بە دینارى عێراقى و تەنانەت بە تمەنیش، نرخى کارەباو غازو ئاو شایستەى باسکردن نین!

١ـ لە سعودییە: لە بەکارهێنانى ( ١ تا ٦٠٠٠) کیلۆ وات بۆ سەعاتێک، نرخەکەى بە (٠,١٦)ى ریاڵێکى سعودیە بۆ کیلۆ واتێکە، کە بە دینارى عێراقى دەکاتە تەنها (٥٥) دینار!

واتە لە وڵاتى سعودییە ئەگەر خێزانێک (١٠٠٠ کیلۆوات) لە مانگێکدا خەرج بکات، ئەوە بەهاکەى دەکاتە (٥٥,٠٠٠) دینارى عێراقى.

٢ـ لە کوەیت: نرخى کیلۆ واتێک بۆ هاووڵاتى کوەیتى تەنها دوو سەنتى دۆلارێکە، کە دەکاتە (٣٠ دینارى عێراقى).

ئەگەر خێزانێک لە مانگێکدا (١٠٠٠ کیلۆوات) بە کاربهێنێت پێویستى تەنها بە (٣٠,٠٠٠) دینارى عێراقییە!

٣ـ لە تورکیا کە تازەیى گران بووە، نرخى (١٠٠ کیلۆ وات) بە (٦.٣ دۆلار)ە، واتە یەک کیلۆ وات دەکاتە نزیکەى (١٠٠) دینارى عێراقى! ئەمە لە کاتێکدا تورکیا وڵاتێک نییە نەوت و غازى هەبێت!

واتە خێزانێک لە تورکیا ئەگەر لە مانگێکدا بڕى (١٠٠٠ کیلۆوات) خەرج بکات، ئەوە پێویستى بە (١٠٠,٠٠٠) دینارى عێراقى هەیە.

٤ـ بەریتانیا: یەک کیلۆ وات (٢٣) پێنسە، کە دەکاتە (٠,٢٣)ى یەک پاوەن کە بە نزیکەیى بچوکترین یەکەى پارەکەیانە!

پرسیارم لە خێزانێک کرد لە وڵاتى بەریتانیا لە مانگى پێشوو تەنها (٥٠٦ کیلۆ وات)ى بەکارهێنابوو کە پارەکەى کردوویەتیە (١١٥ پاوەن)، واتە بە دینارى عێراقى دەکاتە (٢٩٧,٠٠٠) دینار لە کاتێکدا بچوکترین ئیش لەو وڵاتە ڕۆژانەکەى نزیکەى (١٢٠,٠٠٠ تا ١٥٠,٠٠٠) دینارى عێراقییە! واتە ئەگەر کرێکارێک تەنانەت لە شوێنى شۆردنى ئۆتۆمبیل کاربکات، ئەوە بە پارەى یەک ڕۆژو نیوى دەتوانێت پارەى مانگێکى کارەباى خێزانێک دابین بکات!

٢ـ نەرویج: یەک کیلۆ وات کارەبا لە وڵاتى نەرویج بە یۆرۆ لە (٠,٠٦) دەست پێدەکات کە دەکاتە نزیکەى (٩٦) دینارى عێراقى!

خێزانێک لە نەرویج ئەگەر (١٠٠٠ کیلۆ وات) لە مانگێکدا بەکاربهێنێت، ئەوا پێویستى بە نزیکەى (٩٦,٠٠٠) دینارى عێراقییە، یاخود ئەگەر بە شێوەیەکى زیادکردنى پلە پلە بڕى بەکارهێنان زیاد بکات، ئەوە لە (٣٠٠,٠٠٠) دینار بە پارەی عێراقی تێناپەڕێت.

٣ـ کەنەدا: لە وڵاتى کەنەدا، یەک کیلۆ وات کارەبا لە (٠,٠٨) دۆلارى کەنەدى دەست پێدەکات بۆ (٠,٤١) دۆلار، کە بە دینارى عێراقى واتە لە (٦٦ دینار دەست پێدەکات تا ٤٥٥ دینار) بە پێى بەکارهێنان.

لە کەنەدا خێزانێک دەڵێت: ئەم مانگە کە بەردەوام پێویستمان بە گەرمکەرەوە هەبووە تەنها (٧٢) دۆلارى کەنەدیم خەرج کردووە کە دەکاتە (٧٥,٠٠٠) دینارى عێراقى!

با ئەوانەى داهێنەرى کارەباى (٢٤) سەعاتین بەو نرخە گرانە لە خۆیان بپرسن، داهاتى تاک و خێزان لە کوردستان چەندە وا ئەبێت خێزانێک بۆ بەکارهێنانى (١٠٠٠ کیلۆ وات) پێویستە بڕى (١٥٠,٠٠٠) دینار بدات بە حکومەت؟

با لە خۆیان بپرسن بۆ دەبێت خەڵک ناچار بکرێت بە کڕینى کارەبا بەو نرخە زۆرە لە کاتێکدا کارەبا لە غازى خۆمان بەرهەم دەهێنرێت و تێچووى بەرهەمهێنانیشى لە (٣٠)دینار تێناپەڕێت؟ کێ ئەم داهێنانەى کرد هاووڵاتى بخاتە سواڵ؟

با ئەوانەى داهێنەرى ئەم نرخانەن بۆ کارەباى (٢٤ کاتژمێرى) لە خۆیان بپرسن: بۆ دەبێت کارەبا لە کوردستان لە وڵاتانى (ئێران و سعودیەو کوەیت و تورکیاو سوریاو لوبنان) گرانتر بێت؟ بۆ دەبێت کارەبا تەنانەت لە هێندێک وڵاتى ئەوروپى و ئەمریکیش گرانتر بێت؟ بۆ حکومەت چى دەکات بۆ هاووڵاتى لە کوردستان؟ کام پشتگیریى و پشتیوانى وهەلى کارو دەستەبەرى کۆمەڵابەتى و تەندروستى و ژیان؟

لە هەرێمى کوردستان تا ئێستاش هێندێک مووچە لە (٣٠٠,٠٠٠) دینار تێپەڕ ناکات، کە لە هێندێک وڵاتى ئەوروپى بۆ هەفتەیەک تەنها لە سۆشیەڵ لەو پارەیە زیاتر دەدرێت بە هاووڵاتى، ئیتر چۆن چۆنى هاووڵاتى ناچار دەکرێت نیوەى داهاتى مانگانەى بکاتە گیرفانى حکومەتەوە تەنها بۆ کارەبا، ئیتر هاووڵاتى بۆ پێویستییەکانى ترى ژیانى چى بکات؟

لە ڕاستیدا ئەوانەى ئەم نرخانەیان پێشنیار کردووە بێجگە لە چەند کەسێکى بەپرسى دەوڵەمەندى سەرمایەدارى تێر هیچ کەسى تر نییە، چونکە تەنها ئەوجۆرە کەسانەن نازانن ئاستى ژیان و بژێوى هاووڵاتى لە کوردستان لە چ دۆخێکدایە، بۆیە پێیان وایە ئەو نرخانە بۆ کارەبا ئاسایین!

بۆیە ڕەتکردنەوەى ئەم نرخانەى کە بۆ کارەباى (٢٤ کاتژمێرى) دانراون ئەرکێکى ئاینى و ئەخلاقى و نیشتیمانى هەر کەس و لایەن و هاووڵاتیەکە، ئەمە ستەمێکە بەسەر هاووڵاتیاندا دەسەپێنرێت لە دەرەوەى یاساو دەستور، نابێت نرخی کارەبا لەو نرخانە زیاتربن کە لە ڕێنمایی ژمارە(٢)ی ساڵی (٢٠٢١)ی کارەبادا هاتوون!

عومەر گوڵپى

٣ى ٣ى ٢٠٢٥


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 462,113     ژمارەی میوان 8