کارەبای حکومی (٢٤) سەعاتی یان کارەبای بازرگانی؟
خەڵک چاوەڕووان بوو بە نرخی حکومی ببێتە خاوەنی کارەبای (٢٤) سەعاتی، کەچی ئەمەی وەزارەتی کارەبا لە هێندێک گەڕەکی هەولێر کردوویەتی تەنها ئەوەیە حکومەت لە بری موەلیدە پارەکە بۆ خۆی وەردەگرێت!
بە پێی ئەو زانیارییانەی لەو ماڵانەی هەولێر وەرمگرتووە کە کارەبایان بۆ کراوەتە بەردەوام، ماڵێکی سەد مەتری ئاسایی، کە بە دەست پيوەگرتنەوە کارەبایان بەکارهێناوە مانگانە (١٣٠،٠٠٠تا ١٦٠،٠٠٠) کارەبایان بۆ هاتووەتەوە، بۆ هێندێک خانەوادەی تریش پارەکە بۆ نزیکەی (٢٥٠،٠٠٠) بەرز بووەتەوە، هێندێک حاڵەتی زۆر زیاتریش هەیە!
ئەمە ئەو کارەبا (٢٤) سەعاتییەیە کە حکومەت بانگەشەی بۆ دەکات؟ لە کاتێکدا کارەبای کوردستان بە غازی کوردستانی خۆمان بەرهەمدەهێنرێت!
لە ڕاستیدا ئەمە ڕێک بە بازرگانیکردنی کارەبایە بە ناوی (حکومەت)ەوە!
کارەبا خزمەتگوزارییەکی بنەڕەتی ژیانەو هیچ هاووڵاتییەک ناتوانێت بەبێ کارەبا بژی، بۆیە ئەرکی حکومەتە ئەم خزمەتگوزارییە بە جۆرێک دابین بکات کە هاووڵاتی ئاسایی بتوانێت بەکاریبهێنێت.
لە سەرەتای تەمەنی ئەم کابینەیەوە ویستێک هەبوو بۆ ئەوەی کارەبا بدرێتە کەرتی تایبەت، بەهۆی ناڕەزایی زۆری هاووڵاتیانەوە لەم ویست و پیلانە پاشگەزبوونەوە، بەڵام بە بەرزکردنەوەی نرخی کارەباو دڵخۆشکردنی هاووڵاتی بە (٢٤ سەعات) کردنی، هێواش هێواش حکومەت خۆی دەیەوێت ببێتە بازرگان بەسەر گیرفانی هاووڵاتی هەژارەوە.
ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی کرێچین، کرێی مانگانەیان لە نێوان (١٥٠،٠٠٠ تا ٢٥٠،٠٠٠) دینارە، دەکرێت حکومەتیش بێت بەناوی کرێی کارەباوە هەمان بڕی لێوەربگرێت و هاووڵاتی هەژار دووجار ببێتە کرێچی؟
ئەمە ستەم و سەرپێچییەکی ڕوونی دەستوری و یاساییە، پێویستە رابگیرێت و حکومەت بچێتەوە سەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانی، بە دڵنیاییەوە دەتوانێت بە دابینکردنی غازی زیاتر بۆ وێستگەکانی کارەبا، کارەبای بەردەوام بەرهەمبهێنرێت، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی سەرپێچی و زیادەڕەوی و بەزایەدان.
عومەر گوڵپی
١٩ی ٢ی ٢٠٢٥