کەی‌ ئەم مافە دەست پێدەکاتەوە؟
2025-01-22
72 جار خوێندراوەتەوە

پاش جێبەجێکردنی‌ ماددەو بڕگەکانی‌ یاسای‌ خانەنشینی‌ یەکگرتووی‌ عێراق و خاخەنشینکردنی‌ ئەو فەرمانبەرانەی‌ تەمەنیان گەیشتووەتە (٦٠ بۆ ٦٣) ساڵ، چاوەڕێ دەکرێت نزیکەی‌ (٢٥,٠٠٠) پۆست لە قەرمانگەکان بەتاڵ ببێت ئەمە بێجگە لەوەی‌ لە ساڵی‌ (٢٠١٤)ەوە هەموو ساڵێک (٥,٠٠٠) فەرمانەر خانەنشین بوون کە بۆ دە ساڵ دەکاتە (٥٠,٠٠٠) پۆست، واتە بە پێی‌ هەردوو ژمارەکە زیاتر لە (٧٥,٠٠٠) پۆستی‌ خاڵی‌ لە فەرمانگەکانی‌ حکومەت دروست بووە.

پێویستە پرۆسەی‌ دامەزراندنی‌ گەنجان و دەرچووانی‌ زانکۆو پەیمانگاو سێ یەکەمەکەی‌ زانکۆ بە پێی‌ سیستمێکی‌ عادیلانەی‌ ئاشکراو شەفاف دەست پێبکاتەوەو لەسەر بنەمای‌ پێویستی‌ فەرمانگەو شوێنەکانی‌ خزمەتگوزاریی‌ هەلی‌ دامەزراندن بۆ هەموو ئارەزوومەندان بڕەخسێنرێت، ئەمەش پێویستە لە گفتوگۆی‌ هەرێم لەگەڵ بەغدا بۆ هەمواری‌ یاسای‌ بودجە بۆ ساڵی‌ (٢٠٢٥) جێبکرێت و پشکی‌ گەنجانی‌ هەرێمی‌ کوردستان بۆ دامەزراندن لەو یاسایە جێکیربکرێت.

بێکاریی‌ لە کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی‌ گەورە کە من بە (٧٠٠,٠٠٠) کەس خەمڵاندوومە کە نزیکەی‌ (٤٠٠,٠٠٠)یان گەنجان و دەرچووانی‌ زانکۆو پەیمانگان، بەجۆرێک تەنانەت دەرچووانی‌ بەشە پزیشکییەکان (بێجگە پزیشکی‌ گشتی‌)و بەشەکانی‌ ئەندازیاریش دەرفەتی‌ کارکردنیان لە کەرتی‌ گشتی‌ بۆ ناڕەخسێ، سەرەڕای‌ پێویستی‌ زۆری‌ بەشێکی‌ زۆر لە فەرمانگەکان بۆ هێزی‌ کار.

لە دە ساڵی‌ ڕابردوودا، زۆرینەی‌ ئەو دامەزراندنانەی‌ کراون بە نهێنی‌ و لە بواری‌ سەربازیدا بوون و بە ناعدیلانە بەڕێوەچوون، ئیتر کاتیەتی‌ هەموو فشار بکەین بۆ کۆتایهێنان بەم ستەمەو دامەزراندن وەک مافێکی‌ گشتی‌ بۆ هەموو گەنجێک لەسەر بنەمای‌ تواناو شایستەیی‌ خۆی‌ و بە شێوازێکی‌ ئاشکرای‌ دادگەرانە واڵا بکرێت.

عومەر گوڵپی‌
٢٢ی‌ ١ی‌ ٢٠٢٥  


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 429,522     ژمارەی میوان 11