هەڵبژاردنى دیزاینکراوو ئایندەى سیاسى و حکومڕانی هەرێمی کوردستان
2024-11-03
209 جار خوێندراوەتەوە

 


خەڵکی کوردستان بە نزیکەی نیوەی ئەوانەی مافی بەشدارییان هەیە(نەوەک ئەوانەی کارتی بایۆمەترییان هەیە) بە هیواى گۆڕانکاریی لە نەخشەى سیاسى و حکومڕانى بەشدارى هەڵبژاردنی کرد، بەڵام هەڵبژاردنى بیستى ئۆکتۆبەر نەوەک نەخشەى سیاسى و حکومڕانى هەرێمى نەگۆڕى، بەڵکو دۆخێکی خراپتری هێنایە پێشەوە، لەم چەند خاڵەدا ئەو دۆخە دەخەینەڕوو:

١ـ ڕەتکردنەوەى ئەنجامى هەڵبژاردن و نەچوونە پەرلەمان لەلایەن هێزێکى سیاسى وەک کۆمەڵى دادگەریى کوردستان پێشهاتێکى تازەیەو یەکەمجارە هێزێکى سیاسى کە یەکێک لە براوەکانى هەڵبژاردنە (با لە ڕیزى پێنجەم یان شەشەمیشدا بێت)، پرسیارێکى جیدی لەسەر ئەنجامى هەڵبژاردنەکە دروست دەکات، لەو ڕووەوە کە ئەم ئەنجامانەی هەڵبژاردن هەرگیز دەربڕى ئیرادەى خەڵکى کوردستان نین، بە ئاستێک کە هێزێکى سیاسى ئامادە نیە نوێنەرایەتى ئەو ڕێژەیە بکات کە هەڵبژاردنی دیزاینکراو پێی بەخشیوە، لە شەش خولى هەڵبژاردنى کوردستاندا ئەمە یەکەمجارە هێزێکى سیاسى هەڵوێستێکى لەمجۆرە دەنوێنێت کە بە دڵنیاییەوە کاریگەریى گەورەى دەبێت لە ئایندەداو شێوازێکی نوێی خەباتە دژی ساختەکاری و تەزویری بەردەوام لە هەڵبژاردنەکانداو مێژوو بە شانازییەوە ئەم هەڵوێستە تۆمار دەکات.

٢ـ ئەنجامەکانى هەڵبژاردن ئەگەر پەسەندیش بکرێن و هیچ حساب بۆ تانەو سکاڵاکان نەکرێت، بەجۆرێک دیزاینکراون کە نە پارتى بەبێ یەکێتى و نە یەکێتى بەبێ پارتى ناتوانێت لەسەر پێکهێنانى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان و پێکهێنانى حکومەت ڕێک بکەون، تەنها لە حاڵێکدا نەبێت کە بگەڕێنەوە بۆ ئەو پەنجا بە پەنجایەى لە هەڵبژاردنی یەکەمدا لەساڵی (١٩٩٢)هاتە پێشەوە، کە هیچ حساب بۆ ئەنجامى هەڵبژاردنەکان نەکراو سەرجەم پۆست و دەسەڵاتەکان پەنجا بە پەنجا لە نێوان یەکێتی و پارتیدا دابەشکران، ئەمەش بێجگە لەوەى بەهایەک بۆ هەڵبژاردنەکەو ئەنجامەکانى ناهێڵێتەوە لە هەمانکاتدا بەهایەک بۆ بەشدارى خەڵک لە هەڵبژاردنەکان ناهێڵێتەوەو هەرێمى کوردستان لە ڕووى ئیداریى و حکومڕانیەوە دەگێڕێتەوە بۆ سى و دوو ساڵ لەمەوپێش، هاوکێشەى نیوە بە نیوە کە تا ئێستاش کوردستان باجى ئەو هاوکێشەیە دەدات کە خواست و ویستى وڵاتانى هەرێمیشە بۆ لاواز هێشتنەوەى هەرێمى کوردستان و بە دوو کەرت هێشتنەوەى کیانەکەى لەسەر بنەمای چەک و میلیشیای حزبی.

٣ـ ئەگەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تەنانەت ڕێککەوتن لەسەر هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان بکاتە کارێکى سەخت، کەواتە پەرلەمانێکى لەمجۆرە چۆن چۆنى دەتوانێت لە ئاست خواست و داواکارى هاووڵاتیاندا بێت؟ چۆن دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت؟ چۆن دەتوانێت ئەرکى لیپرسینەوە لەسەر حکومەت جێبەجێ بکات؟ چۆن دەتوانێت فشار لە حکومەت بکات یاساى بودجەى هەبێت و داهاتەکان ئاشکرا بکات؟ بێگومان هەموو ئەمانە نزیکن لە ئەستەمەوە.

سەرەنجام دیزاینەری هەڵبژاردنی دیزاینکراوو بەشدراوەکانی دیزاینەکە، تەنها دەنگی خەڵکیان نەدزی، بەڵکو کێشەیەکی تریان بۆ کۆی کێشەکانی تری هەرێمی کوردستان زیاد کرد بەجۆرێک درەنگ یا زوو چارەسەرى دۆخى ئێستەى هەرێمى کوردستان دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن یان هەڵبژاردنێکى تری پێشوەختەیە، چەند زووتر هێزە سیاسیە ناڕازییەکان داواى بکەن و کاری بۆ بکەن هێشتا درەنگە، چونکە دۆخى حکومڕانى و خراپی خزمەتگوزاریى لە هەرێمى کوردستان وکێشەکانى خەڵک بەرگەى ئەو چاوەڕووانیە زۆرە ناگرن.

عومەر گوڵپی
٣ی ١١ی ٢٠٢٤


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 411,543     ژمارەی میوان 50