(با وەزارەتی دارایی وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە، ئەوکات با من چەواشەکاربم!)
کێ چەواشەکارە؟
لەسەرئەوەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوای دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانو مامۆستایانمان بۆ ڕایگشتی وروژاندوو وەڵامی ناپەرپرسانەی وەزیری داراییمان خستەڕوو، ئەمڕۆ، ٢٢ی ٩ی ٢٠٢٤، وەزیری دارایی لە ڕێگەی وتەبێژەکەیەوە وەڵامی بەندەی دایەوەو ئێمەیان بە (چەواشەکار و شێوێنەری ڕایگشتی) تۆمەتبار کرد!
لێرەدا جارێکیتر خەڵکی کوردستان سەرپشک دەکەینەوە لەوەی ئایا داوای ڕەوای ئێمە بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان چەواشەکارییە یان ئەو پینەو پەڕۆیەی وەزیری دارایی و وتەبێژەکەی بۆ کابینە شکستخواردووەکەی حکومەتی دەکەن؟ ئایا بەرگریکردن لەو هەموو کارە نایاساییەی کابینەیەکی شکستخواردوو کە ناتوانێت کەمترین ئەرکەکانی خۆی بەرانبەر هاووڵاتیان جێبەجێ بکات گەورەترین چەواشەکاریی نییە؟
بۆ وەزیری دارایی و وەزارەتەکەیو وتەبێژەکەی باشترە لە بری ئەوەی بە ڕێگەو ڕێبازی وەزیرەکەی پێشووی داراییدا بڕۆن، بە خەڵکی کوردستان بڵێن: کەی وەزارەتو حکومەتەکەیان پارەی بە زۆر پاشەکەوتکراوی خەڵک دەدەنەوە؟ یان ئەگەر ئەم داوایەش بە قورس دەزانن ئەوە با بەخەڵک بڵێن کەی مووچەی مانگی هەشت و نۆ دابەش دەکەن؟
ئەگەرچی قسەکردن لەسەر وەزارەتێک کە تا ئێستاش ناتوانێت لیستی مووچە لە کاتی خۆیداو بە ڕێکو پێکی ئامادە بکات، وەک شتێکی سەیر وایە، بەڵام هەر کاتێک وەزیری دارایی و وتەبێژەکەی توانیان وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ ڕایگشتی بدەنەوە، ئەوە بەڵێ ئەو کاتە من چەواشەکارم و ئەوان ڕاستگۆن:
١ـ بۆچی لە کاتی دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی بواری سەربازی و سەرۆکایەتییەکانی هەرێمو ئەنجومەنی وەزیرانو پەرلەمان و دەستە سەربەخۆکان لەم کابینەیە، وەزیری دارایی بەرگرییەکی بچوکی لە فەرمانبەران و مامۆستایان نەکرد لە ئەنجومەنی وەزیرانو بڵێت: "خۆ پلەبەرزکردنەوەی مامۆستاو فەرمانبەرانیش مافێکی یاسایی خۆیانە"؟.
٢ـ بۆچی لە پێنج ساڵی ڕابردوودا وەزیری دارایی نەیتوانی شوێنەوارێکی سندوقی خانەنشینی پەیدا بکات و بە خەڵکی کوردستان بڵێت ئەو پارانەی کە مانگانە بەناوی خانەنشینیەوە لە فەرمانبەران دەبڕدرێن چیان لێدێت؟
٣ـ بۆچی وەزیری دارایی لە بری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بە کردنەوەی (ئەژمارێکی بانکی حکومی) بۆ مووچەخۆران تا مووچەخۆران سود لە پارە بڕدراوو دابەش نەکراوەکانیان وەربگرن، هاتن قبوڵی (هەژماری من)یان کرد لە بانکی ئەهلی؟
٤ـ بۆچی وەزیری دارایی و وەزارەتەکەی قبوڵی کرد مانگانە بە گونیە پارە بۆ هێزی سەربازی حزبی بنێرێت بەبێ ئەوەی ناویان لە وەزارتەکەیدا هەبێت؟
٥ـ بۆچی وەزیری دارایی قبوڵی کرد لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە دەزگای حزبیەوە خەڵک خانەنشین بکرێت و وەزارتەکەشی مانگانە مووچەیان بۆ بنێرێت بەبێ ئەوەی بچوکترین زانیاریی لەسەر ئەو ناوانە هەبێت و ناوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی تۆمار بن؟
٦ـ بۆچی لەسەر کۆکردنەوەی داهاتو خەرجکردنی پارە بە نایاسایی هیچ هەڵوێستێکی نەبووەو نییە؟ بۆچی هاوشێوەی کابینەکەی پێشوو، وەزارەتەکەی لەم کابینەیەش یاسای بودجەی نەبوو؟
٧ـ بۆچی لەسایەی وەزارەکەیدا ڕێگەیدا (٢١) کۆمپانیای حزبی بەردەوامبن لەسەر کارکردن لە خاڵە گومرگییەکان و گرێبەستیان لە دەرەوەی یاسا بۆ درێژ بکرێتەوە کە پارە بۆ حزب کۆدەکەنەوەو زۆرترین داهات بۆ خۆیانەو کەمترینی بۆ وەزارەتەکەیەتی؟
٨ـ بۆچی بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج لەناو وەزارەتەکەی پێشنیاری وەرگرتنی باجی نایاسایی کرد بۆ ئەنجومەنی وەزیرانو ئەوانیش جێبەجێیان کردو وەزیریش هیچ هەڵوێستێکی نەبوو؟ لانیکەم بڵێت ئەم باجە نایاساییەو نابێت بسەپێنرێت بەسەر خەڵکدا!
عومەر گوڵپی
٢٢ی ٩ی ٢٠٢٤