ڕۆژى ٢٠ى ٨ى ٢٠٢٤، لە مێزگردى هەفتانەى لقى سلێمانى یاساناسان خوێندنەوەیەکمان بۆ یاساى ژمارە (٤)ى ساڵى (٢٠٠٦)ى وەبەرهێنان کرد لە کوردستان، ئەمەى خوارەوە پوختەى ڕاو سەرنجەکانمان بوون کە لەو مێزگردەدا خستماننە ڕوو:
یاسای وەبەرهێنان بەناوی پێشخستنی كشتوكاڵ و پیشەسازی لە ساڵى (٢٠٠٦) لە پەرلەمانى کوردستانەوە دەركرا، كەچی تەنها (٣%)ی پڕۆژە جێبەجێكراوەكان لە بواری كشتوكاڵن و (٢٣%)یان لە بواری نیشەجێبونن بۆ دەوڵەمەندكردنی چەند كەس و كۆمپانیایەکى هەردوو حزبى دەسەڵات و نزیک لەوان!
بە پێی داتاو زانیارییەكان، لە كۆی (٧٦٨) پڕۆژەی جێبەجێكراو كە بە پێی یاسای وەبەرهێنان لە ساڵی (٢٠٠٦ بۆ ٢٠٢٢) مۆڵەتیان پێدراوە، تەنها (٢٤) پڕۆژەیان لە بواری ”كشتوكاڵ”ن كە دەكاتە ڕێژەی (٣%)ی كۆی سەرجەم پڕۆژە جێبەجێكراوەكان كە ژمارەیان (٧٦٨) پڕۆژەیە، لەكاتێكدا ئامانج و پاساوی سەرەكی دەركردنی یاساكە پێشخستنی كەرتی ”كشتوكاڵ!” بوو لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانی یەكێتی و پارتییەوە بە هەردوو بواری سامانی ڕووەكی و ئاژەڵییەوە!
سودمەندی سەرەكی یاساكەش كۆمەڵێك كەس و كۆمپانیای ڕاستەوخۆی هەردوو حزبی دەسەڵات یان نزیك لەوانەوە بوو كە بەناوی یەكەی نیشتەجێبوونەوە (١٨٨) مۆڵەت وەرگیراون و (١٧٥)یان چوونەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە كە ڕێژەی (٢٣%)ی كۆی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەكات ئەمە تا (٢٠٢٢)، لەم دوو ساڵەی دوایشدا ڕێژەکە زۆر زیادی کردووە!
لە ماوەى (١٠)ساڵى ڕابردوودا، زۆرینەی پەرلەمانی (پێکهاتوو لە یەكێتی و پارتی و پاشکۆکانیان) و كابینەی حكومەتەكانیان ڕێگەیان بە هەمواری یاساكە نەداوە، چونكە سەرچاوەی سەرەكی دەوڵەمەندكردنی هەردوو حزبی دەسەڵات بوو.
بێجگە لەو پڕۆژانەی بە ئاشكرا دیارن كە هی پارتی و یەكێتین، ئەوە هیچ پڕۆژەیەک بەتایبەت لە بواری نیشتەجێكردن بە پێى یاساى وەبەرهێنان مۆڵەتی پێنادرێت ئەگەر (٢٠% تا ٣٠%)پشكەكانی بۆ حزبەكانی دەسەڵات نەبێت!
پشكی حزبەكانى دەسەڵات و بەرپرسەکانیان و نەبوونى چاودێری و قۆرخكاریی و چاوپۆشی لە كوالێتی پڕۆژەكان بووەتە هۆی ئەوەی بواری نیشتەجێكردن ببێتە سەرچاوەی سەرەكی كۆكردنەوەی ملیارەها دینار لەلایەن كۆمەڵێك بەناو بازرگانەوە كە زۆرینەیان بە گیرفانی خاڵی لەو بوارەدا دەركەوتوون.
بەپێی یاسای وەبەرهێنان زەوی بێ بەرانبەر بۆ سەرمایەدارو كۆمپانیا دابین دەكرێت، پڕۆژە لە وەرگرتنی باج بۆ ماوەی دە ساڵ دەبەخشرێت، هەموو كەرەستەكانی پێویستیش كە لەدەرەوە هاوردەیان دەكات لە گومرگ دەبەخشرێن! هەموو ئەم ئاسانکارییانە وایکردووە ئەوانەی پڕۆژەی نیشتەجێبوون دروست دەکەن سەرەڕای پێدانی پشک بە حزبەکانی دەسەڵات، بەڵام هێشتا قازانجێکی خەیاڵی بکەن، بە ئاستێک تەنها دەتوانرێت لە ژێر ناوی "چاوچنۆکی" پۆلێن بکرێت نەوەک بازرگانی و کەرتی تایبەت!
پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون نەوەک کێشەی ناهاوسەنگی و خراپ سودوەرگرتن لە دەسەڵاتو گەندەڵیان هەیە، بگرە بوونەتە هۆی چەندین کێشەی ستراتیجی قوڵ بۆ خزمەتگوزاریی لە شارەکاندا بەتایبەت هەردوو شاری هەولێرو سلێمانی، لەلایەک ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون نەوەک نەبوونەتە هۆی کەمبوونەوەی کرێچی و هەژارو خەڵکانی مامناوەند سودیان لێ وەرناگرن، بەڵکو خزمەتگوزاریی ئاوو کارەبایان لەسەر حسابی گەڕەکە ئاساییەکانە لەکاتێکدا زۆرێک لە دانیشتوانەکانیان هاووڵاتیانی باشورو ناوەڕاستی عێراقن.
هاندان بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون پاساوەکەی کەمکردنەوەی کرێچی بوون، کەچی ئەو یەکانە نەوەک کرێچییەکان ناتوانن بیانکڕن، بەڵکو خەڵکی مامناوەندیش ناتوانن بیانکڕن، زۆرێک لەو یەکانەی نیشتەجێبوون لە نێوان (١٢٠,٠٠٠ تا ٣٠٠,٠٠٠ دۆلار، واتە (١٢ تا ٣٠ دەفتەر دۆلار) دەفرۆشرێن، ئەم نرخەش تەنها بە خراپ سودوەرگرتنە لەو زەوییە نایابانەی لە باشترین شوێنەکانی شار بە تایبەت شوێنە ستراتجییەکان و گردو بەرزاییەکان یان نزیک لە شەقامە سەرەکییەکان پێیان دراوە، ئەگەرنا تێچووی یەکەیەکی (١٥٠) مەتری بەو کوالێتیانە لە (٥٠,٠٠٠ دۆلار واتە پێنج دەفتەر دۆلار) تێناپەڕێت، واتە فرۆشتنەوەکە بە قازانجی پێنج هێندەو شەش هێندەی نرخی تێچووە! هەر ئەمەشە وایکردووە هیچ کەس بەلای پڕۆژەی کشتوکاڵیدا نەچێت کە پێویستی سەرەکی ئابوری کوردستانە، ئەمە بێجگە لە دەیان فێڵ کە لە هاووڵاتى دەکرێت لە بواریترى خزمەتگوزاریی و کوالێتى.
بڕیاربوو یاسای وەبەرهێنان بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابوری و بوژارنەوەی کەرتى کشتوکاڵ و پیشەسازى بێت، بەڵام پاش حەڤدە ساڵ لە جێبەجێکردنی یاساکە، دەرکەوت ئەم یاسایە بۆ دەوڵەمەندکردنی پارتیو یەکێتی و کۆمپانیاکانی نزیک لە خۆیان بووەو زیانی گەورەیان لە هاووڵاتی و بەرژەوەندی گشتی و خزمەتگوزاریی گشتى گەیاندو هەتا ڕۆژێک زووتر بوەسترێنرێت درەنگە.
عومەر گوڵپی
٢٢ی ٨ی ٢٠٢٤
ڤیدیۆى بەشێک لە مێزگردەکە: