بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی (١٣)ی یاسای چاکسازی، ئەو یاسایەی دەسەڵات و حکومەتەکەیان زۆریان بە شانو باڵیدا هەڵدا، دەبوو وەزارەتی دارایی (ئەژمێرێکی تایبەت) بۆ هەر مووچەخۆرێک لە بانکی حکومی بکاتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی:
١ـ مووچەخۆر بزانێت چەند پارەو شایستەی دارایی لای حکومەتە.
٢ـ دڵنیا ببێتەوە لەوەی ئەو بڕە پارانەی لای حکومەتن وەک قەرز مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و پارێزراو دەبن.
پاش چوار ساڵ لە جێبەجێبوونی یاساکە، حکومەت بۆ خۆدزینەوە لەم ئەرکە، بازی بەسەر ئەم بڕگە یاساییەدا داو هات شتێکیتری دەست پێکرد بە ناوی (هەژماری من)، ئەم هەژمارەیان، بێجگە لەوەی لە بانکی ئەهلیە، ئەوە هیچ باسێک لە قەرزەکانی مووچەخۆری تێدا نییە کە قەرزی مووچەخۆران لای حكومەت بە (٢٠ ترلیۆن) دینار دەخەمڵێنرێت!
لە هەرێمی کوردستان، (٩٢) بانکی حکومی هەیە، بەهۆی ئەوەی ئەم بانکانە تا ئێستا پێکەوە نەبەستراونەتەوەو پارتیو یەکێتی ڕێگرن لەوەی ئەم بانکانە وەک (بانک) کار بکەن، بۆیە خۆدزینەوە لە کردنەوەی ئەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران ڕاگەیاندنی شکستی کەرتی بانکیشە پاش نۆ کابینەی حكومەت کە خۆیان بڕیار بەدەستی یەکەمو کۆتایی بوون تیایدا، هەر وڵاتێکیش سیستمی بانکی تێدا نەبێت و گەشە نەکات، هیچ چاوەڕوانیەک لە گەشەی ئابوری و بازاڕی ناکرێت، چونکە هەمیشە لەو وڵاتەدا دەرگایەکی گەورە لەبەردەم گەندەڵکاراندا بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
یەکێکیتر لە هۆکارەکانی کارا نەکردنی بانکەکانو نەکردنەوەی ئەژماری بانکی ئەوەیە کە یەکێتیو پارتیو شەریکەکانیان وەک بزنس سەیری کاری حکومەتداری دەکەن، کردنەوەی ئەژماری بانکی لە بانکی ئەهلی ئەم تێڕوانینە باشتر بەرجەستە دەکات بۆیان، ئەوەشی ئەم ڕاستیە دەسەلمێنێت زۆر شتە، بەڵام سادەکەیان ئەوەیە کە یەکێتیو پارتی ڕێگرن لەوەی بانکە حکومییەکان پێکەوە ببەسترێنەوەو وەک (بانک) کار بکەن، کەچی هەردوولا هاوڕان لەسەر (هەژماری من) لە بانکی ئەهلی!
عومەر گوڵپی
٢٩ی ٧ی ٢٠٢٤