پێویستە ئەنجومەنی‌ وەزیران وەڵام بداتەوە
2024-04-12
538 جار خوێندراوەتەوە

 

لە ساڵی‌ (٢٠١٥)ەوە، مووچەی‌ (چاودێڕی‌ خێزان) ڕاگیراوە، بەڵام ناوی‌ نزیکەی‌ (٦٠,٠٠٠) هاووڵاتی‌ لە لیستەکەدا ماوەو بایۆمەتریشیان پێکراوە، بەو ناوانەوە ژمارەی مووچەخۆر لە کوردستان نزیکەی‌ (١,٢٥٠,٠٠٠) كەسە، ئێستە پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەنجومەنی‌ وەزیران و وەزارەتی‌ دارایی‌ لیستی چاودێری خێزانیان كە لیستی هەژارەكانە ناردووە بۆ بەغداد؟ ئەو خەڵکە هەژارە مووچەی‌ بۆ هاتووە یان نا؟ ئەگەر هاتووە بۆ دابەشی‌ ناکەن؟

بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵی بۆ جێگیركردنی مووچە بە تەواوەتی‌ پشت بە یاسای‌ بودجەی‌ ئیتیحادی‌ عێراق بۆ ساڵەكانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥) دەبەستێت، لەو یاسایەشدا زۆر بە ڕوونی‌ بڕگەی‌ تایبەت بە تۆڕی‌ پاراستنی‌ کۆمەڵایەتی‌ (شبكة حماية الاجتماعية) دانراوەو پارەی‌ بۆ تەرخانکراوە، تۆڕی‌ پاراستنی‌ کۆمەڵایەتیش کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و ئەو هەژارانە دەگرێتە کە لە لیستی‌ (چاودێری‌ خێزان) تۆمار کراون، هەروەها بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیش زۆر بەڕوونی ئاماژەی بەم چین و توێژە هەژارە كردووە، کەواتە پێویستە هەرێمی‌ کوردستان وەڵامی‌ ئەو خەڵکە هەژارە بداتەوە، تا کەی‌ مووچەی‌ ئەو هەژارانە نادرێت؟ ئایا لیستی‌ ناوەکانیان چووەتە بەغدا یان نا؟ ئایا ئەو پارەیەی‌ لە بەغداوە هاتووە مافی‌ ئەوانیشی‌ تێدا نیە؟

چاودێری‌ خێزان پێکدێت لە خەڵکی‌ هەژار، لەو کەسانەی‌ کە هیچ بەخێوکارو کەسابەتکارێکیان نیەو لە پۆلێنی نەبوونی سەرچاوەی بژێویدان، لەناو ئەوانەشدا ژنانی‌ بێ هاوسەر(بێوەژن)و منداڵانی‌ بێ سەرپەرشت و ئەو ژنانەی‌ هاوسەرەکانیان سزا دراون یان بەسەڵاچووانی پەككەوتە، لە ساڵی‌ (٢٠١٥)ەوە بە بڕیاری‌ (١٥١٥)ی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران بە پاساوی‌ چاکسازی‌ لە لیستی‌ ناوەکان ئەو بڕە‌ پارە‌ کەمەی‌ مانگانە هەیانبوو کە بڕەکەی‌ تەنها (١٥٠,٠٠٠) دینار بوو، ڕاگیرا، تەنانەت لە ساڵانی‌ (٢٠١٦ و ٢٠١٧) بایۆمەتریش بە زۆرێکیان کرا، کەواتە ئیتر ئێستە کە پارەی‌ پێویست لە بەغداوە بۆ مووچە دێت و داهاتی ناوخۆش بە تەواوەتی‌ لەبەردەست ئەنجومەنی‌ وەزیران و وەزارەتی‌ دارایی‌ ماوەتەوە، بۆچی‌ مووچەی‌ ئەو هەژارانە خەرج ناکرێتەوە؟ ئیتر بەس نیە فەرامۆشکردنی‌ ئەو هەژارە بێ کەس و بێ سەرچاوەی‌ بژێوییانە؟ تا كەی ئەم ستەمە بەردەوام بێت؟

عومەر گوڵپی‌

١٢ی‌ ٤ی‌ ٢٠٢٤


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 368,956     ژمارەی میوان 227