بە پێی ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمو دیوانی چاودیری دارایی عێراقیش، نەبوونی یاسای بودجە بۆ ماوەی دە ساڵ، کێشەیەکی گەورەی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە، بەجۆرێک ئێستە عێراق پێی وایە هەموو ئەوەی لە ماوەی ئەو دە ساڵە بۆ داهاتو خەرجی هەرێم کراوە نایاساییە، بۆچوونەکەش ڕاستە، هەر لەسەر ئەم بنەمایەشە لە ئێستەدا شاندەکانی هەرێم نە هیچ وەڵامێکیان پێیە بۆ پرسیارەکانی بەغداو نەدەشزانن چۆن ئەم دۆخە خوارە ڕاست بکەنەوە، بۆیە نزیکەی سێ مانگە خەریکی دروستکردنی ڕاپۆرتی خەرجیو داهاتو داتای فەرمانبەرانن، کەچی هێشتا بۆیانە گەڵاڵە ناکرێت، ئەمەش یەکێک لە کێشەکانی نێوان هەرێمو بەغدایە، کە هەرێمی لە بەردەم بەغدادا لاواز کردووە، لەپاڵ کۆمەڵێک کێشەی تری پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو بەغدا.
لە ساڵی (٢٠١٣)ەوە، هەرێمی کوردستان بەبێ بوونی یاسا، بەبێ حسابکردن بۆ بنەما ژمێریارییەکان، داهات کۆ دەکاتەوەو خەرجییەکان دەکات، تەنانەت ئەو ژمارە دامەزراندنەش کە هەبووە، هەر لە دەرەوەی یاسایەو بووەتە لەمپەرێکی گەورە لەبەردەم پرۆسە کارگێڕیی و دارایی و ژمێریارییەکاندا.
لەم بابەتەدا، ئەنجومەنی وەزیران لە هەردوو کابینەی هەشتو نۆ، خۆی لە بری پەرلەمان داناوەو لە بری خەڵکی کوردستان چۆنی ویستووە ئاوا هەڵسوکەوتی لەگەڵ داهاتو خەرجی کردووە.
لەماوەی ئەو دە ساڵەدا، هیچ داتایەکی دروستی وردبینیکراوو چاودیریکراو لەبەردەستی هەرێمی کوردستان نیە کە ڕەنگدانەوەی داهاتو خەرجی دروستی کوردستان بێت.
دەستبردن بۆ پاشەکەوتی مووچە، لێبڕینی مووچە، دابەشنەکردنی مووچە، ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایانو فەرمانبەران، دانەنانی داتاو زانیارییەکانی داهاتەکانی نەوتو گومرگو باجو ڕسومات لە چوارچێوە یاساییەکان، دانەنانی خەرجییەکانی نەوتو کۆمپانیاکانیو خەرجییەکانی مووچەو بەگەڕخستن لە چوارچێوە یاساییەکاندا، هێندە لادانێکی گەورەیە وەک ئەوەی هیچ شتێک لە حکومەت بە پێی یاسا بەڕێوە نەچووبێت، ئەمەش لێکەوتەی گەورەی هەیە، بەجۆرێک چەند ساڵێکی پێویستە تا ئەو کێشانە چارەسەر دەکرێن.
ئەگەرچی لە یاسای بودجەی عێراقدا بۆ ساڵانی (٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥)، پشکی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراوە، بەڵام بوونی بڕگەی تایبەت بە وردبینی داهاتو خەرجییەکانی هەرێم وەک مەرجی جێبەجێکردنی ناردنی بودجە، یەکێک لە رێگرییو پاساوەکانی بەغدایە، بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەشەوە ئەو وردبینیە بووەتە کارێکی زۆر زەحمەت لەبەردەم هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێمو بەغدا کە ئەرکەکە بەوان سپێردراوە.
هیوام وایە ئیتر هەرێم بچێتە ژێر باری بەرپرسیارێتیە یاساییەکانو لەدەرەوەی یاسا دەست بۆ داهاتو خەرجی نەبات.
عومەر گوڵپی
١٨ی ١٠ی ٢٠٢٣