پاشئەوەی دڵنیابووینەوە لە سەرپێچی و کارە خراپو نایاسییەکانی ڕێکخراوی ڕاسان، بە نووسراوی ژمارە (٢٧) لە ڕۆژی (١٩ی ١٠ی ٢٠٢٠) لە ڕێگەی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە بەدواداچوونمان بۆ مۆڵەتی ڕێکخراوی ڕاسان کرد، دەرکەوت مۆڵەتو تۆمارکردنی ڕێکخراوەکە شتێکەو کارەکانی شتێکی تر، هەربۆیە بە نووسراوی ژمارە (٤٥) لە (١٧ی ٢ی ٢٠٢١) داوامان لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد کار بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە بە ڕاسپاردنی لیژنەی پەیوەندیدارو بانگهێشتی سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان.
هەروەها بە نووسراوی ژمارە (٤٣) لە ١٥ی ٢ی ٢٠٢١، داوامان لە بەڕێزان داواکاری گشتی سلێمانی کرد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژی رێکخراوی ناوبراو.
لە ٣١ی ٥ی ٢٠٢٣، دادگای بەرایی سلێمانی٤، بڕیاری هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی ڕێکخراوەکەی دەرکردووە، دەستخۆشی لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەکەم کە کاریکرد بۆ وەرگرتنەوەی مۆڵەتی ڕێکخراوەکە، خۆشحاڵم بە بڕیارەكەی دادگا، هێشتا دۆسیەی یاسایی کارەکانی رێکخراوەکە ماوەو لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە لە دادگای سلێمانی.
هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ڕێکخراوەکەش بێجگە لە فێڵکردن لە فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکومییەکان، کارکردنی ڕێکخراوەکە بوو بە پێچەوانەی بنەما یاساییەکانو ئادابی گشتیو بنەما ئاینی و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی کە بە بەڵگەی تەواوەوە ئاراستەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردبوو.
پاراستنی بەها باڵاكان و سەلامەتی ژیانی كۆمەڵایەتیمان پێش هەموو شتێكە، پێویستە هەموو جدی بین لە دەست پێوەگرتن و پاراستنیان.
عومەر گوڵپی
٢٠ی ٦ی ٢٠٢٣