خەمی‌ ئاو
2023-06-08
540 جار خوێندراوەتەوە

 

بەردەوام پڕۆژەی‌ نوێ‌و باڵەخانەی‌ (٢٠ تا ٣٠) نهۆمی‌ لە شاری‌ هەولێر دروست دەکرێن، هەڵکەندنی‌ بیر بۆ ئاوی‌ ئەم پڕۆژانە بووەتە هۆی‌ ئەوەی‌ ئاوی‌ ژێر زەوی‌ لە هێندێک شوێن بچێتە سەرو قوڵایی‌ (٧٠٠) مەتر، ئەمەش بوویە هۆی‌ ئەوەی‌ ئەو ماڵانەی‌ لە گەڕەکە ئاساییەکاندا لە ڕێگەی‌ بیرەوە ئاویان پێدەدرا بێ ئاو ببن‌و بیرەکانیان ئاوی پێویستیان پێ نەدات چونکە ئەو بیرانەی‌ پێشتر لەلایەن فەرمانگەی‌ ئاوەوە هەڵکەنراون‌ لە ئێستەدا زۆر دەمێکە قووڵاییەکەیان لە ئاستی‌ ئاودا نەماوە.

کێشەی‌ ئاو، بەهۆی‌ نەبوونی‌ سیاسەتی‌ ڕوون، پلانی‌ ستراتیجی‌ بۆ گلدانەوەو پاراستنی‌ ئاو لەسەر زەوی‌‌و ژێر زەوی‌ ڕۆژ بە ڕۆژ لە کوردستان گەورەتر دەبێت، ئەم کێشەیەش لە ساڵانی‌ ئایندەدا لێکەوتەی‌ زیاتری‌ دەبێت ئەگەر هەوڵی‌ چارەسەری‌ نەدرێت.

لە سیتەک‌و مێرگەپانی‌ شاری‌ سلێمانی‌، زۆرینەی‌ باخ‌و ڤێلاکان کە تەنها یەک خێزان سودی‌ لێ وەردەگرێت، بیری‌ تایبەتیان هەیە کە ئاوی‌ (٢٤) سەعاتیان بۆ دابین دەکات، هەروەها لە دەوروبەری‌ شاری‌ هەولێر سەدان ڤێلای‌ تایبەتی‌ بەرپرسان‌و دەوڵەمەندان بە هەمانشێوە، ئەمە بووە هۆی‌ ئەوەی‌ ئێستە لەو دوو گەورە شارەدا کێشەی‌ گەورەی‌ ئاو دروست ببێت، بەهۆی‌ دابەزینی‌ بەردەوامی‌ ئاستی‌ ئاوەوە، هەروەها دروست نەکردنی‌ بەنداوو هیچ پرۆژەیەکی‌ نوێ بۆ گەیاندنی‌ ئاو بە شارەکان.

لەناو شاری‌ هەولێر، دەیان پڕۆژە هەن کە زۆرینەی دانیشتوانەکەیان خەڵکی‌ بێگانەن، ئاوی‌ ٢٤ سەعاتیان هەیە، لە کاتێکدا لە هێندێک گەڕەک بە هاویندا بە چەند ڕۆژێک تەنها یەک سەعات ئاو دەدرێتە هاووڵاتیان، ئەمە لوتکەی‌ نادادگەریی‌‌و سیاسەتی‌ چەوت‌و بێ پلانی‌ ساڵانی‌ ڕابردووە کە ئێستە خەڵک باجەکەی‌ دەدات.

بۆ چارەسەری‌ ئەم کێشەیە، پێویستە دەست بەجێ پێدانی‌ مۆڵەت‌و دروستکردنی‌ بیناو باڵەخانەو شوقەی‌ نوێ ڕابگیرێت کە بەهۆی‌ بەرزی‌ نرخیانەوە زۆرینەیان تەنها بێگان سودیان لێ وەردەگرێت و نەبوونەتە هۆی‌ کەمبوونەوەی‌ کرێچییەتی‌، هەروەها بیر لە چارەسەر بکرێتەوە بە ڕاکیشانی‌ هێڵی‌ تری‌ ئاو بۆ زیادکردنی‌ پشکی‌ ئاوی‌ هەولێرو سلێمانی‌‌و دروستکردنی‌ بەنداو بۆ بەرزبوونەوەی‌ ئاستی‌ ئاوی‌ ژێر زەوی‌‌و گلدانەوە ئاوی‌ باران.

کێشەی‌ ئاو کێشەیەکی‌ گەورەیە، بەهۆی‌ گۆڕانی‌ کەش‌و هەواوە ساڵ بەساڵ کێشەکە ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیە پێویستی‌ بە پلان‌و بەرنامەی‌ ستراتیجی‌ هەیە، هەروەها بەڕێوەبردنێکى باشترى ئەو ئاوەى ئێستە لەسەر زەوی و ژێر زەوی كوردستان هەیە لە دابەشکردن و پاراستنى، ئەگەرنا لە ساڵانی‌ ئایندەدا هەموو کوردستان وەک هەولێر ڕووبەڕووی‌ کیشەی‌ ئاو دەبنەوە.

عومەر گوڵپی‌

٨ی‌ ٦ی‌ ٢٠٢٣


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 386,744     ژمارەی میوان 390