لە زۆرینەی شارو شارۆچکەکان، شەقام و ڕێگاكان نەوەک شایستەی تیژڕەوی و خێرا ڕۆیشتن نین، بەڵکو شایستەی پیاڕۆشتن نین بەهیچ خێراییەک، حکومەتو لایەنەکانی دەسەڵات لە بری چاککردنی شەقامو ڕێگاکان، لە بری ڕێکخستنیان، لە بری کێشانی هێڵ، لە بری دانانی ئاماژەی هاتوچۆی پێویست بۆ رێنمایی شۆفێر، لە بری ڕووناككردنەوەیان، لە بری باشکردنی سیستمی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری، لە بری کۆنترۆڵکردنی هاتنەژوورەوەی ئۆتۆمبیلی خاڵی لە سەلامەتی، پەنا دەبەنە بەر دانانی کامێرەی تیژڕەوی بە توندترین شێوەی کە خاڵ بۆ خاڵ (پۆینت تو پۆینت)ە، کە ئەو ئامانجەی بە ئاسانی بەدەستی دەهێنێت کۆکردنەوەی پارەی زیاترە.
لە زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەتوو، کە تەنانەت ئۆتۆبانی زۆر پێشکەتوویان هەیە، تا ئێستا کامێرەی دەستنیشانکردنی خێرایی بەمجۆرەی لە کوردستان هەیە بەکار ناهێنرێتو تەنها کامێرەی دەستنیشانکردنی خێرایی لە یەک خاڵدا بەکاردەهێنرێت.
بە پێی یاساو بنەما دەستورییەکان، مافی سزادانی هاووڵاتی تەنها هی حکومەتو فەرمانبەرانی حکومەتە، کەچی لەمەشدا دەسەڵات ئەم سەرپێچیە گەورەیە دەکاتو سزادانی هاووڵاتیانو شۆفێران دەداتە دەست کۆمپانیا، دیارە کۆمپانیاش یەک ئامانجی هەیە، ئەویش کۆکردنەوەی پارەی زیاترو قازانجی زیاتر نەوەک سەلامەتی هاووڵاتیان! لەوەش خراپتر ئەوەیە كە كۆمپانیاكان هی حزب یان نزیك لە حزبن.
ئەمڕۆ یان سبەی، دەبێت ئەم ستەمە لەسەر هاووڵاتیان هەڵبگیرێت، کە بەناوی یاساوەو بە چەندین ڕێگە لە هاووڵاتیان دەکرێت، دانانی باجو وەرگرتنی ڕسومات و سزای هاووڵاتی تەنها بە یاسا دەبێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سزادانی هاووڵاتیو ڕسوماتو باج بە بڕیارو میزاجی ئەنجومەنێکە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانو وەزیرەکانیەتی!
عومەر گوڵپی
٢٤ی ٥ی ٢٠٢٣