دوو برا، دوو مامۆستا
2023-05-21
505 جار خوێندراوەتەوە

دواى شەش مانگ ئەشکەنجەو مانەوە لە زیندانی‌ ئەمنی‌ سلێمانی‌، لە (١٦ی‌ ٥ی‌ ١٩٨٩)، شەهید ئەحمەدی‌ برام لەگەڵ چوار گەنجی‌ تری‌ هاوڕێ‌و هاو کاروانی‌ پێکەوە شەهید کران، پاش چوار ڕۆژ لە شەهیدکردنی‌ کاک ئەحمەد، واتە لەم ڕۆژەدا (٢٠ی‌ ٥ی‌ ١٩٨٩) بە هەمانشێوە شەهید موحەممەد لەگەڵ چوار هاوڕێی‌ تری‌ پێکەوە لە ئەمنی‌ سلێمانی‌ گوللە باران کران، ئەمە بەرنامەی‌ بەعس بوو بۆ ئەوەی‌ بە کوشتنی‌ گروپێکی‌ (٢٤) کەسی‌ لە یەک کاتداو بردنیان بۆ پزیشکی‌ دادی‌‌و شاردنەوەیا لەلایەن شارەوانیەوە، سەرئێشەو گرفتی‌ بۆ دروست نەبێت لە شاری‌ سلێمانی‌.

شەهید موحەممەدو شەهید ئەحمەد، تەنها دوو برام نەبوون، بەڵکو دوو مامۆستام بوون کە بە ڕەوشت بەرزی‌، خواناسی‌، ئازایەتی‌، فێری‌ زۆر شتیان کردم.

ئەمڕۆ کە (٣٤ ساڵ) تێدەپەڕێت بەسەر شەهیدبوونی کەیوان‌و (٢٤) گەنجی‌ هاوڕێیدا کە زۆرێکیان تەنانەت تەمەنیان لە خوار (١٨)ساڵ بوو، زامیان بەسوێیەو هەرگیز بیر ناچنەوە، خواناسی‌‌و لە خۆبوردوویی‌‌و ئازایی‌‌و ڕەوشت بەرزیان وەک مۆمێک هەمیشە دەدرەوشێتەوە.

ئەوان بۆ خوای‌ خۆیان، بۆ گەلی‌ خۆیان، گیانی‌ خۆیان بەخشی‌، دڵنیام ئەگەر هەزار جاریش تریش زیندوو بکرێنەوە ئەوە هەمان ڕێگەی‌ خواناسی‌‌و ڕەتکردنەوەی‌ ستەم هەڵدەبژێرنەوە، ئێمەش بۆ هەمیشە شانازییان پێوە دەکەین‌و پشتیوان بەخوا لەسەر ڕێگەکەیان دەمێنینەوە.

عومەر گوڵپی‌

٢٠ی‌ ٥ی‌ ٢٠٢٣


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 404,887     ژمارەی میوان 1037