(بودجەو سەروەت و سامانێک کە یەک دیناری بۆ هەژارەکان نیە!)
لە ساڵی (٢٠١٦)، بە پاساوی چاکسازی لە لیستی ناوەکانیان، بە بڕیاری ژمارە (١٥١٥)ی ئەنجومەنی وەزیران، ئەو بڕە هاوکارییەی بۆ هەژارەکان هەبوو ڕاگیرا، لەو ساڵەوە تا ئێستا نە چاکسازییەکە کراو نە هیچ هاوکارییەک بۆ ئەو هەژارانە دەستی پێکردەوە!
ئەو هاوکارییەی هەبوو بەناوی مووچەی (چاودێری خێزان) بڕەکەی تەنها (١٥٠,٠٠٠) دینار بوو، دەدرایە هەژارەکان، ئەوانەی هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نیە لە (بێوەژن، بەساڵاچووانی پەککەوتە، نەخۆشانی درێژخایەن، منداڵانی بێ سەرپەرشت، ئەو ژنانەی کە هاوسەرەکانیان سزادراون یان بێ سەروشوێنن).
ئەوە بۆ ساڵی شەشەمە، لە کۆی پارەو داهاتی هەرێمی کوردستان لە سەرچاوە جیاوازەكانەوە کە لە ساڵی (٢٠٢٢)دا لانیكەم بە (سێنزە ترلیۆن) دینار دەخەمڵێنرێت، هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەژارو نەدارەکانی وڵات خەرج نەکراوە!
ئایا نەوتو سامانی ئەم وڵاتە مافی هەژارەکانی تێدا نیە؟ ئایا دەکرێت سەدان کۆمپانیای بیانیو ناوخۆیی بە نەوتی کوردستان دەوڵەمەند ببن، بەڵام هەژارێک، بێوەژنێک، منداڵێکی بێ سەرپەرشت، یەک دینار سودمەند نەبێت لە نەوتی کوردستان کە لە ساڵی (٢٠٢٢)دا نزیکەی (١٥٠ ملیۆن بەرمیل)ی لێ فرۆشراوە؟
بۆ کۆتاییهێنان بەم ناعەدالەتیە، بەرلەوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمان لە ٦ی ١١ی ٢٠٢٢ تەواو ببێت، ئێمە هەموو هەوڵێکماندا، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتو لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت نەچوونە ژێرباری ئەم داوا سەرەتاییەی هاووڵاتیان!
عومەر گوڵپی
٢٩ی ١٢ی ٢٠٢٢