عومەر گوڵپی لە کۆڕای خەندان: هەرێم سیستمێکی بانکی نییە تا موچەی پێ دابەش بکات
2024-05-30
358 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی موچەی فەرمانبەران 100٪ لە بەرژەوەندی موچەخۆرانە، پاساوی ئێستای حکومەت ئەوەیە بۆچی بە "هەژماری من" موچە دابەشنەکرێت، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە سیستمی بانکی پێکەوە بەستراو لە هەرێمی کوردستان نییە و بانکەکانی سلێمانی متمانە بە بانکەکانی هەولێر ناکەن و بە پێچەوانەشەوە.

عومەر گوڵپی ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی کۆڕای خەندان رایگەیاند، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رونە و لە دو بڕگەی سەرەکی پێکهاتوە، یەکێکیان بریتییە لە بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بانکێکی فیدڕاڵی.

عومەر گوڵپی ئاماژەی بەوەشکرد، لەوانەیە پرسیار بێتە پێشەوە و بڵێن بۆچی بەبانکیکردنی موچە بە "هەژماری من" نەبێت،  یان هەرێمی کوردستان بۆ بانکی حکومی نییە تاوەکو بتوانێت تانە لە حکومەتی فیدڕاڵی بگرێت، بەڵام لە راستیدا بانکەکانی هەرێمی کوردستان بەتاڵ کراون و گرنگییان نەماوە، ئەوەشی خستەڕو، زۆرینەی رۆڵی بانکەکانی هەرێمی کوردستان گەنجینەیەکە پارەیان تێ دەکرێت و لێیان خەرج دەکرێت، بڕگەیەکی دیکەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە وەزارەتی دارایی عێراق.

عومەر گوڵپی باسی لەوەشکرد، بانکە حکومییەکانی سلێمانی دان بە بانکەکانی هەولێردا نانێن و بە پێچەوانەشەوە، واتە سیستمێکی بانکی پێکەوەبەستراو لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا نییە، 99 بانک لە هەرێمی کوردستان هەیە و هیچیان پەیوەندیان لە نێوان یەکدیدا نییە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، چۆن دەبێت حکومەت بچێت پارە بداتە بانکی ئەهلی، بەڵکو لەسەر بانکە ئەهلییەکان پێویستە ئەو پەڕی توانای خۆیان بخەنە گەڕ تا متمانەی خەڵک و حکومەت بەدەستبهێنێت، بەڵام لە ئێستادا حکومەت دەیەوێت پارە بنێرێتە بانکە ئەهلییەکان و لەوێوە خۆی لێی سودمەند بێت.

عومور گوڵپی رونیکردەوە، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی 100٪ لە بەرژەوەندی موچەخۆرانە بۆیە پشتیوانی دەکەن، هۆکارێکی دیکەش ئەو 10 ساڵەیە کە تێیدا موچەی فەرمانبەران دواکەوت و لێبڕینی بۆ کرا.

بۆ بینینى تەواوى بۆچوونەکانى عومەر گوڵپى، سەردانى ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

https://omargulpi.net/detail.aspx?kodtech=3152

 

 

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 424,184     ژمارەی میوان 367