دووبارە دەڵێین: " پارەیان مەدەنێ، ڕاست ناکەن"
2020-08-15
465 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ تەواوبونی ڕکاتی چوارەم و سەلامدانەوەمان لە نوێژی عیشا، لە مزگەوتی حاجی عوسمانی سەڕاف، گەنجێک چوبوە ژێرباڵی بەساڵاچوویەک، تەمەنی زیاتر لە ۷۰ ساڵ دەبوو، ڕیش سپی و لاشەی لاواز، دەستی کرد بە پاڕانەوە:

"مسوڵمانان باوکم نەخۆشە، پارەمان نیە، خێرتان دەگات... دەستی کرد بە گریان".

بەهۆی ئەزموونمانەوە، دەمزانی ڕاست ناکات، بەڵام ئەگەرێکی لاوازیشم دانا ڕاست بکات، هەمیشە لە بابەتە مرۆییەکاندا هەموو ئەگەرێک کراوەیە.

چوویە لای دەرگاکەو ڕیش سپیەکە ڕاکشاو گەنجەکە دەستی کرد بە پاڕانەوە، چوومە لایەوە، خەڵکم ڕاگرت لە پارەدان، وتم: هەموو شتێکی ئەم بەساڵاچووە لەسەر ئێمە، خواردن، جل و بەرگ، چارەسەری نەخۆشی.

یەکسەر بە ئۆتۆمبیلی تایبەت، گەیاندمانە چاودێری کۆمەڵایەتی، کارمەندان پێشوازییان لێ کرد، لەوێ ڕاستیەکە دەرکەوت:

ئەم گەنجە هیچی ئەو بەساڵاچووە نیە، بەڵام هەردووکیان ڕێککەوتوون لەسەر سواڵکردن، هەردوکیان ئاوارەن، بەساڵاچوەکە نەخۆشیش نیە.

دەرئەنجام: "کاکە ئێمە هیچمان ناوێت، نەخۆش نین، تەنها لێمان گەڕێن بڕۆین، سواڵ لە هەموو دونیا هەیەو ئێمەش سواڵ دەکەین!"

زیاد لە جارێک وتومانە، سواڵکەرەکان هەژارنین، ئەوان تەنها وەک پیشەیەک لە سواڵ دەڕوانن، تکایە پارەکانتان بە فیڕۆ مەدەن و بەشدارمەبن لە تاوان.

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 299,299     ژمارەی میوان 5