تێبینی: ئه‌م وتاره زیاتره له (2000) وشه، چونكه تێگه‌یشتن له كێشه‌ی منداڵ و خستنه‌ڕووی رێگه‌چاره‌كانی نه‌فه‌س درێژی ده‌وێت، ئارامی ده‌وێت، بیركردنه‌وه‌ی ده‌وێت، به‌داخه‌وه نه‌ریتی زۆرینه‌ی میلله‌تی ئێمه‌ش هه‌ڵپڕوزاندن و سه‌رپێی كاركردن و بێ به‌رنامه‌یی و بێ پلانیه، ئه‌مه له هه‌موو ئاسته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا، بۆیه من ترسم له‌وه نییه به‌ڕێزێكی خوێنه‌ر تۆمه‌تبارم بكات به درێژدادڕی".
شه‌وی پێنجشه‌ممه، 10ی 1ی 2019، له ئاماده‌كردنی برای به‌ڕێزم كاك (هاوكار یاسین)ی په‌یامنێری رووداو له سلێمانی، راپۆرتێك له‌سه‌ر ژیانی خانه‌واده‌یه‌ك كه پێكهاتووه له باوكێك و سێ منداڵ بڵاوبوویه‌وه‌و له‌لای خه‌ڵك باوكی منداڵه‌كان به (فه‌رمانده موباره‌ك)! ناسراوه.
ئه‌وه‌ی گرنگه له‌م سه‌ره‌تایه‌وه بیڵێم ئه‌وه‌یه كه: كاركردنی هه‌ر ده‌زگا و كه‌ناڵێك، بۆ پیشاندانی ئێش و ئازاری چین و توێژه‌كانی خواری خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه، به‌تایبه‌تتر ژیانی منداڵان و خستنه‌ڕووی دۆخی پێشێلكراوی مافه‌كانیان و ژیانی "نه‌بوو"یان، به‌لای منه‌وه به یه‌كێك له ئه‌ركه زۆر پیرۆزه‌كان دێته ئه‌ژمار و به‌رانبه‌ر نییه به هیچ ئه‌ركێكی تر، ئه‌وه‌ش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ی كه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ببینین ده‌بێت ته‌ماشای ژیانی ئێستای منداڵه‌كانمان و په‌روه‌رده و به‌رجه‌سته‌بوونی مافه‌كانیان بكه‌ین.
له‌باره‌ی راپۆرته‌كه‌وه كه‌باس له خانه‌واده‌یه‌ك و ژیانی منداڵه‌كانی ده‌كات، ته‌نها به بینین و گوێلێگرتنی ئەو راپۆرتە تێده‌گه‌ین كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه خاوه‌نی چ ئازارێكی به سوێیه له‌باره‌ی منداڵ و مافه‌كانیه‌وه، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌ك ئێمه رۆژانه سه‌روكاریمان له‌گه‌ڵ منداڵ و مافه‌كانی هه‌یه، ئاگاداری ژیانیانین، ئاگاداری كێشه و گرفته‌كانیانین، هه‌موو رۆژێك له ناخه‌وه ئازارێك ده‌مانهه‌ژێنێت، به‌ڵام زۆرینه‌ی خه‌ڵكی تری كۆمه‌ڵگه ته‌نانه‌ت به به‌رپرسانی باڵای ده‌وڵه‌تیشه‌وه (حكومه‌ت و په‌رله‌مان) ته‌نها ئه‌و كاتانه ئازاره‌كه ده‌بینن كه منداڵێك له شاشه‌كانه‌وه، یان هه‌ژارێك له تیڤییه‌كی پڕ بینه‌ری وه‌ك (رووداو)ه‌وه، هۆن هۆن فرمێسك ده‌ڕێژێت، هه‌ستێكی ویژدانی و مرۆڤانه و سۆزدارانه هه‌موو خه‌ڵك داده‌گرێت و هه‌ر هه‌مان كات بۆ ئه‌و حاڵه‌ته ده‌بنه فریادڕه‌س، كه ئه‌مه بۆخۆی دیارده‌یه‌كی باشه، به‌ڵام هه‌رگیز به شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه نابێته هۆی ده‌ستخستنه‌سه‌ر ئازاره‌كه و سه‌رچاوه‌كه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌دا، دۆخی هه‌ژاران و منداڵه‌كانیان، ژماره‌یان و هۆكاری ئه‌و ژیانه خراپه كۆڵه مه‌رگییه‌ی هه‌یانه، بۆیه زۆربه‌ی كات ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی ده‌بنه جێگه سه‌رنجی میدیا چاره‌سه‌ر ده‌بن، ته‌نانه‌ت هاووڵاتیه‌كی خێرخواز له كۆمێنتێكدا بۆ ئه‌و راپۆرته ئاماده‌یی ده‌ربڕیوە كه خانوویه‌كی بۆ دروست بکات، بێجگه له ده‌یان هاوكاری تر، به‌ڵام كێشه‌ی ده‌یان و سه‌دان منداڵ و خێزانی تری هه‌ژار و ماف پێشێلكراو له جێگه‌ی خۆیه‌تی و به بێده‌نگی و دوور له هات و هاواری تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به هه‌مان ئازاره‌وه ده‌مێنێته‌وه.
له‌م روانگه‌یه‌وه، ده‌مه‌وێت تێگه‌یشتنی خۆم، وه‌ك مرۆڤێك، وه‌ك به‌رپرسێك به پێی ئه‌رك و ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسیارێتییه‌كه‌م، بۆ ئه‌و كێشه‌یه و هاوشێوه‌كانی بۆ خوێنه‌رانی به‌ڕێز و رای گشتی له دوو به‌ش و چه‌ند خاڵێكدا بخه‌مه‌ڕوو كه زیاتر له خولگه‌ی كێشه‌كانی منداڵ له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌و چاره‌سه‌ره‌كاندا خۆی ده‌بینێته‌وه:
یه‌كه‌م: كێشه‌كانی منداڵ و خێزانه‌کان چین؟
1ـ هه‌ژاری و په‌یوه‌ندی به كێشه‌كه‌وه:
كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م خانه‌واده‌یه‌و هاوشێوه‌كانی، كێشه‌ی هه‌ژاری و نه‌بوونی پاره‌و توانای دارایی نییه به ته‌نها، وه‌ك له راپۆرته‌كه‌دا زه‌ق بووه‌ته‌وه، به‌ڵكو كێشه‌ی (هه‌ژاری ژیریی) هه‌ره كێشه‌ی سه‌ره‌كییه، بە ئاستێک كه ئه‌و جۆره باوك‌و دایكانه له بنه‌مادا توانای به‌خێوكردنی منداڵیان نییه‌و ناتوانن ئه‌و ئه‌ركانه‌ی به پێی یاسا و شه‌رع و نه‌ریته‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر شانی باوكێكه جێبه‌جێیان بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر توانای دارایی خێزانیش باش بێت ئه‌وه ده‌ردی (هه‌ژاری ژیریی)و (هه‌ژاری ڕۆشنبیری) باوكان و دایكان وه‌ك گرفتێكی سه‌ره‌كی بۆ منداڵه‌كان ده‌مێنێته‌وه.
2ـ دروستكردنی خێزان به (هه‌ڵه):
أـ دروستكردنی خێزان له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا:
كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه منداڵ به شوو ده‌دات و ژنیش بۆ منداڵ ده‌هێنێت، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه كه كه‌سانێك خۆیان منداڵن (به‌تایبه‌ت مه‌به‌ست خوار هه‌ژده ساڵه)، به‌ڵام هه‌ر له ته‌مه‌نێكی زوه‌وه ژن ده‌هێنن، یان شو ده‌كه‌ن، راستتر وایه بڵێین به شویان ده‌ده‌ن‌و ژنیان بۆ ده‌هێنن، ئێ منداڵ له كوێ ده‌توانێت منداڵ به‌خێو بكات؟ ئه‌و هێشتا له زۆر روه‌وه پێ نه‌گه‌یشتووه، چۆن چۆنی ده‌توانێت باوك یان دایك بێت؟ ئه‌و خۆی هێشتا رۆژانه پێویستی به ده‌ستی باوك و دایكیه‌تی، چۆن ده‌توانێت ده‌ستێكی پڕ میهری باوكانه‌و دایكانه بێت بۆ منداڵه‌كانی؟
ب ـ كه‌سانێك نابێت بچنه پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریه‌وه:
كۆمه‌ڵگه ژن بۆ كه‌سانێك ده‌هێنێت كه له‌ڕووی ژیرییه‌وه یان له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه گرفتی گه‌وره‌یان هه‌یه، به‌و پاساوه‌ی كه وه‌ك خه‌ڵك ناویده‌نێن(ژنێكی بۆ بێنن چاك ده‌بێته‌وه، یان به شووی بده‌ن عه‌یبی نامێنێت)، له‌كاتێكدا قوڕه‌كه خه‌ستتر ده‌بێته‌وه‌و نه‌وه‌ك خۆی چاك نابێت، به‌ڵكو به‌هۆی خستنه‌وه‌ی منداڵه‌وه ده‌بنه هۆی له‌دایكبوونی چه‌ند منداڵێك كه ئه‌و منداڵانه هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیان نییه له‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه چۆن ده‌ڕوانێته باوك‌و دایكیان‌و ئاینده‌ی ژیانیان چۆن ده‌بێت؟
ج ـ ژماره‌ی منداڵ له خێزاندا:
نه‌بوونی هوشیاری به‌رانبه‌ر ژماره‌ی منداڵ و ئه‌ركی خێزانداری و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ژیانی خێزانی یه‌كێكی تر له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی منداڵانه.
باوك هه‌ژار، دایك هه‌ژار، له خانووی كرێدان، یه‌ك‌و دوان‌و سیان‌و چوار‌و پێنج و ... ناوه‌ستێ، به‌پێی زانیارییه‌كان ناوه‌ندی خێزان له پارێزگای سلێمانی له‌سه‌رو چوار منداڵه‌وه‌یه‌و له هه‌ولێر و دهۆك ژماره‌كه ده‌گاته حه‌وت! ئه‌وه ناوه‌نده ئامارییه‌كه‌ی! ئه‌گه‌رنا ده‌یان‌و سه‌دان خێزانمان هه‌یه كه نزیكه‌ی (10) منداڵ‌و زیاتریشی هه‌یه.
با من و تۆی خوێنه‌ر بیهێنینه پێشچاوی خۆمان، ئه‌گه‌ر خێزانێكی (ده) كه‌سی، هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی جێگیریی بژێویان نه‌بێت، له خانوویه‌كی كرێدابن، ده‌بێت منداڵه‌كان له‌باره‌ی ژیان‌و خوێندن‌و په‌روه‌رده‌و پێداویستییه رۆژانه‌ییه‌كانیان له چ دۆخێكدابن‌و به‌ره‌و چ ئاینده‌یه‌ك هه‌نگاو بنێن‌و ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنیان له ژیان چه‌ند بێت؟
3ـ كێشه‌ی نه‌بوون‌و لاوازی دامه‌زاروه‌كان:
له كوردستان دامه‌زراوه‌ی په‌یوه‌ندیدار به ژیانی منداڵ‌و پاراستنی مافه‌كانیه‌وه، چ حكومی چ نا حكومی، یان نییه، یان زۆر لاوازه، بۆ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌م مه‌به‌سته ده‌مه‌وێت بڵێم:
أـ ئه‌ركی پاراستن و چاودێری منداڵ له حكومه‌ت له ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه، بێجگه له‌و ئه‌ركانه‌ی په‌یوه‌ستن به ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌وه، هه‌روه‌ها بوونی به‌شێكی پۆلیس له‌هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی پۆلیس به‌ناوی پۆلیسی نه‌وجه‌وانان و بوونی دادگایه‌كی تایبه‌ت به نه‌وجه‌وانانه‌وه.
سه‌باره‌ت به ئه‌ركی سه‌ره‌كی چاودێری و پاراستنی ئه‌و منداڵانه‌ی كه كێشه‌یان هه‌یه، یان دۆسیه‌ی ژیانیان ده‌چێته چوارچێوه‌ی دۆسیه‌یه‌كی تایبه‌تی كێشه‌ی هه‌مه‌جۆری كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و ئابورییه‌وه، ئه‌مه به ته‌واوه‌تی ئه‌ركی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه، هێنده‌ی دیقه‌تم دابێت یه‌كێك له وه‌زاره‌ته فه‌رامۆشكراوه‌كان له سه‌رجه‌م كابینه یه‌ك له‌دواییه‌كه‌كانی حكومه‌تدا وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه، به‌جۆرێك له زۆر رووی وه‌ك (بودجه، هه‌یكه‌لی رێكخستن، یاسا، رێنمایی، هاندان)ه‌وه ئه‌و توانایه‌ی نییه كه ئه‌ركی گه‌وره‌ی چاودێری و پاراستنی منداڵان و خێزانه‌كان له ئه‌ستۆ بگرێت.
ب ـ سیستەمی دادوه‌ری و دادگای نه‌وجه‌وانان، پێویستی به پیاچوونه‌وه‌و گه‌شه‌پێدان و یاسای نوێ هه‌یه، به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ كێشه نوێیه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی منداڵدا یه‌ك بێته‌وه، به ئاستێك من زۆر جار حاڵه‌تی وام بۆ هاتووه‌ته پێش كه به ته‌واوه‌تی روونه كه نابێت ئه‌و ژن و پیاوه (مه‌به‌ست كه‌سێكی دیاریكراو نییه) ئه‌ركی به‌خێوكردن و چاودێری منداڵه‌كانیان له ئه‌ستۆ بێت، به‌هۆی ره‌فتاری چه‌وت و ناڕه‌وایان، یان پێشینه‌ی تاوانكارییان، یان توندوتیژیان، یان هه‌ژاری ژیرییان، به‌جۆرێك كه چاره‌نووس‌و ژیانی منداڵه‌كان ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه‌و نابێت له هیچ دۆخێك‌دا باوك یان دایكێكی له‌مجۆره منداڵی له ئه‌ستۆ بێت، به‌ڵام ئایا چوارچێوه یاساییه‌كان‌و ڕێوشوێنه دامه‌زراوه‌ییه‌كان بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی دادوه‌رێكی به‌ڕێز بڕیاربدات منداڵێك له دایك‌و باوكێك بسه‌نێته‌وه به‌هۆی نه‌بوونی شایسته‌یی باوكایه‌تی‌و دایكایه‌تی؟ ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه چه‌ندن كه به‌هۆی ناشایسته‌یی دایك‌و باوكیانه‌وه یان بوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان له دایك‌و باوك ده‌سه‌نرێنه‌وه؟ بێگومان ئه‌و پرسیاره ته‌نها رووبه‌ڕووی دادوه‌ره‌كان نابێته‌وه، به‌ڵكو كێشه‌ی نه‌بوونی یاسای گونجاو كه وه‌ڵامی كێشه و گرفت هه‌نووكه‌ییه‌كان بداته‌وه‌و نه‌بوونی دامه‌رزاوه‌ی به‌هێز بۆ له‌خۆگرتنی منداڵان، به‌شێك له هۆكاره‌كه‌یه، تا دۆخێكی وا بڕه‌خسێت كاتێك دادوه‌رێك بینی منداڵێك ژیانی له مه‌رسیدایه له ڕووی جه‌سته‌یی یان ده‌روونی و مه‌عنه‌وییه‌وه بڕیار بدات به گواستنه‌وه‌ی منداڵه‌كه بۆ شوێنی باشتر‌و گونجاوتر، بڕیاربدات كه ئه‌و منداڵه چیتر نابێت له ژێر چه‌تری ئه‌و دایك‌و باوكه‌دا بمێنێته‌وه كه ده‌ركه‌وتووه شایسته‌نین.
ج ـ كه‌می و لاوازی رێكخراوی ناحكومی په‌یوه‌ست به منداڵ و مافه‌كانیه‌وه، ئه‌مه‌ش یه‌كێكی تر له كێشه‌كانه، چونكه رێكخراوه‌كان ده‌توانن رۆڵێكی گه‌وره بگێڕن له‌كاتی بوونی كه‌لێن و كه‌مته‌رخه‌می و كه‌م و كورتی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت، چ به رێگه‌ی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری، چ به رێگه‌ی فشار دروستكردن.
د ـ میدیا‌و ده‌زگای راگه‌یاندن له كوردستان كه‌مته‌رخه‌مه، له كوردستان زۆرینه‌ی میدیاكان هیچ بایه‌خێكیان بۆ مافی منداڵ نییه، چ به نه‌بوونی به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده‌یی كه گرنگی به چاودێریی و پاراستنی منداڵ و به‌رزكردنه‌وه‌ی هوشیاری خێزانه‌كان بدات، چ به‌هۆی نه‌بوونی پرۆسه‌ی فلته‌رینی راست و دروستی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بۆ بهر‌نامه‌كانیان تا نه‌بنه هۆی زیانگه‌یاندن به لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی منداڵ و چوارچێوه خێزانیه‌كان.
ژماره‌ی ئه‌و میدیایانه‌ی كه بوونه‌ته هۆی وێرانكردنی ژیانی منداڵ و خێزان به په‌خشكردنی به‌رنامه‌ی نابه‌جێ و زنجیره فیلمی نه‌گونجاو به‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیمان و نه‌چوونه ژێرباری هیچ به‌پرسیارێتیه‌كی یاسایی به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان، زۆر زیاتره له ژماره‌ی ئه‌و میدیایانه‌ی كه به‌رپرسیارانه ره‌فتار ده‌كه‌ن و بایه‌خ به لایه‌نی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی منداڵ و چوارچێوه خێزانیه‌كان ده‌ده‌ن.
4ـ كێشه‌ی لاوازی رۆشنبیریی و دواكه‌وتوویی كولتووری كۆمه‌ڵگه، به‌داخه‌وه زۆرێك له خه‌ڵكی و هاووڵاتیان پێوه‌رو تێڕوانینیان بۆ مرۆڤ له خودی به‌های مرۆڤبوونه‌وه سه‌رچاوه ناگرێت‌و په‌یوه‌ستی ده‌كه‌ن به ده‌وڵه‌مه‌ندی و هه‌ژاری، یاخود پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی هاووڵاتی‌و خێزان، یاخود پله‌و پۆست‌و پێگه‌ی سیاسی.
زۆرجار هاووڵاتیان به چاوی رێزه‌وه ته‌ماشای هاووڵاتیه‌كی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت ناكه‌ن، كه به‌بڕوای من ئه‌م خاڵه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لاوازی په‌روه‌رده‌و دواكه‌وتوویی كولتووری، ئه‌گه‌رنا پێگه و رێزی مرۆڤ په‌یوه‌سته به خودی مرۆڤ خۆی و ئاستی به‌شدارییه‌وه له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و به‌سودبوونی بۆ كۆمه‌ڵگه، نه‌وه‌ك شتانێك كه به‌رهه‌می توانای مرۆڤ نین و له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆی به‌سه‌ریدا چه‌سپیوه، یان قه‌ده‌رێك ئه‌وی خستووه‌ته ئه‌و گۆشه‌یه‌ی ژیانه‌وه، هه‌ربۆیه به‌هۆی ئه‌م تێڕوانینه هه‌ڵه‌یه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه، زۆرینه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی باوك یان دایك یان هه‌ردووكیان له پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی نزمن (نزم به تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه)، یان خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن، رووبه‌ڕووی ئه‌م دڵڕه‌قییه‌ی كۆمه‌ڵگه ده‌بنه‌وه‌و هه‌میشه هه‌ست به كه‌می ده‌كه‌ن له ئاست هاوڕێ‌و ده‌وروبه‌ریاندا.
5ـ تێڕوانینی هه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵگه و خێزانه‌كان بۆ خودی منداڵ خۆی، تێڕوانینی هه‌ڵه بۆ مافه‌كانی، چۆنیه‌تی په‌روه‌رده‌كردنی و چۆنیه‌تی سۆزپێدان‌و گرنگیپێدانی، به‌داخه‌وه زۆرێك له‌و منداڵانه‌ی به ڕووكه‌ش وا ده‌رده‌كه‌ون كه خۆش ده‌ژین‌و به‌خته‌وه‌رن، له‌ڕاستیدا ئه‌وان له تاریكایی ژیاندان، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و فه‌رامۆشكردنه‌ی كه له‌لایه‌ن خێزانه‌كانیانه‌وه فه‌رامۆش ده‌كرێن، راسته جلوبه‌رگی جوان‌و ژووری تایبه‌ت و مۆبایل و ئایپاد و بابه‌ته‌كانی تری په‌یوه‌ست به توانای داراییه‌وه له‌به‌رده‌ستن، به‌ڵام له‌ڕاستیدا به‌هۆی تێڕوانینی هه‌ڵه‌ی خێزانه‌كان بۆ په‌روه‌رده، گرنگیپێنه‌دان و فه‌رامۆشكردن، ئه‌و منداڵانه و ئازاره‌كانیان هیچیان كه‌متر نییه له‌و منداڵانه‌ی كه به‌هۆی (هه‌ژاری) و (هه‌ژاریی ژیریی) و (هه‌ژاری {رۆشنبیریی)دایك‌و باوكیانه‌وه ده‌ناڵێنن.
دووه‌م/ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه چۆن بكه‌ین و له‌كوێوه ده‌ست پێبكه‌ین؟
بێگومان رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه خراپه‌ی منداڵانمان تیایدا ده‌ژین كارێكی ئاسان نییه، به وتارێك و لێدوان و راپۆرتی تیڤیه‌ك ته‌واو نابن، با هه‌وڵێكی له‌مجۆره‌ش جێگه‌ی رێزبێت، به‌ڵام له‌ڕاستیدا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه پێویستمان به دامه‌زراوه هه‌یه، پێویستمان به یاسا هه‌یه، پێویستمان به گۆڕینی كولتوور و بڵاوكردنه‌وه‌ی وشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، هه‌ربۆیه ده‌كرێت بڵێین چاره‌سه‌ره‌كان راسته قورسن، به‌ڵام مه‌حاڵ نین، و پێویسته هه‌رچی زووه ده‌ستپێبكه‌ین، ئه‌گه‌رنا دوور نییه له رۆژانی داهاتوودا ئه‌ركه‌كه قورس‌تر و دۆخه‌كه خراپتر ببێت. به تێڕوانین و تێگه‌یشتنی به‌نده ده‌كرێت ئه‌م شه‌ش خاڵه‌ی خواره‌وه له‌ڕێچكه‌ی چاره‌سه‌ره‌كان بن:
1ـ له‌ڕووی یاساوه: ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان پێویسته پیاچوونه‌وه بێت به‌و یاسایانه‌ی له ئێسته‌دا له‌باره‌ی منداڵ و خێزانه‌وه كاریان پێده‌كرێت، به‌مجۆره:
أـ پیاچوونه‌وه‌و هه‌مواری یاساكان، وه‌ك: (یاسای چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی، یاسای چاودێری نه‌وجه‌وانان، یاسای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تووندوتیژی خێزانی، یاسای وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی).
ب ـ ده‌ركردنی یاسای نوێ، به‌تایبه‌ت ته‌واوكردن و په‌سه‌ندكردنی ئه‌و ره‌شنوسی پڕۆژه یاسایه‌ی كه ماوه‌یه‌كی زۆره له په‌رله‌مانه‌و به (پرۆژه‌یاسای ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی) ناسراوه، له‌و ره‌شنوسی پرۆژه‌یاسایه‌دا گرنگی و بایه‌خێكی زۆر باش هه‌یه بۆ پاراستنی منداڵان‌و ژنان و خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كان و خێزان.
2- حكومه‌ت بودجه‌ی پێویست ته‌رخان بكات بۆ ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی له بواری پاراستنی منداڵان و خێزاندا كارده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت پێویسته له‌م رووه‌وه وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كه وه‌ك ئه‌رك وه‌زاره‌تی پاڵپشتی منداڵان و هه‌ژاران و ژنان و خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كانه، گرنگی پێبدرێت و گرنگیپێدانی بهێنرێته پێشینه‌ی كاره‌كانی حكومه‌ت، بودجه‌ی پێویستی بۆ ته‌رخان بكرێت و فه‌رمانگه‌كانی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی شاره‌كان هه‌م به بودجه‌ی پێویست هه‌م به كادیریی پێویست پشتیوانی بكرێن، تاوەکو بتوانن به‌و ئه‌ركانه هه‌ستن‌و له بری هه‌موو كۆمه‌ڵگه چاودێری هه‌ر ژن‌و منداڵ‌و به‌ساڵاچوو و خێزان‌و هه‌ژار‌و خاوه‌ن پێداویستییه‌ك تایبه‌ت بكه‌ن كه پێویستی به چاودێرییه.
3ـ دروستكردن‌و داهێنانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به (چاودێری‌و پاراستنی منداڵ و خێزان) كه ئه‌م دامه‌زراوانه ئه‌ركی ته‌واوی چاودێری و پشتیوانی و پاراستنی ئه‌و منداڵ و خێزانانه له ئه‌ستۆ بگرن كه خۆیان ناتوانن به ئه‌ركه‌كانی خۆیان هه‌ستن، یان گرفتێك بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی به ئاسانی مافیان پێشێلبكرێت و بێبه‌ش بن له مافه‌كانیان، ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ش به بودجه و ستافی پێویسته‌وه له هه‌موو پارێزگا و قه‌زایه‌كی گه‌وره‌دا هه‌بێت، تاوەکو بتوانێت به ته‌واوه‌تی فریادڕه‌سی خێزانه‌كان بێت كاتێك به‌هه‌ر هۆكارێك ژیانیان له مه‌ترسیدابێت.
4ـ كاركردن بۆ به‌هێزكردن و جێگیركردنی سیستەمی (خێزانی جێگره‌وه)، كه سوپاس بۆ خوا ئه‌و سیستەمه له ئێسته‌دا له شاری سلێمانی ده‌ستی به كاركردووه، و پێویسته ئه‌م سیستەمه له هه‌موو هه‌رێم كاری له‌سه‌ر بكرێت و به یاساش پشتیوانی بكرێت، تا ئه‌و خێزانانه‌ی به‌هه‌ر هۆكارێك ناتوانن منداڵه‌كانیان به‌خێوبكه‌ن، یان شایسته‌ییان نییه، له‌و سیستەمه جێ بكرێنه‌وه‌و له چوارچێوه‌ی خێزانێكی دیکەدا خزمه‌ت بكرێن و چاودێری بكرێن.
5ـ كاركردن بۆ راستكردنه‌وه‌و تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه، هوشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتی‌و خه‌ڵك له زۆر بۆچوونی هه‌ڵه له‌باره‌ی مافی مرۆڤ‌و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیمانه‌وه، بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاگایی له‌باره‌ی پرۆسه‌ی دروستكردنی خێزان و مافه‌كانی منداڵ و ئه‌ركی دایكایه‌تی و باوكایه‌تی و زۆر بابه‌تی تری گرنگ كه به‌هۆی گه‌شه و گۆڕانكارییه خێرا و به‌رده‌وامه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه بۆچوون له‌باره‌یانه‌وه گۆڕاوه، له‌م رووە‌وه وه‌زارته‌كانی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده و رۆشنبیریی و دامه‌زراوه میدیاییه‌كان ئه‌ركی گه‌وره‌یان له‌سه‌رشانه.
6ـ كاركردنی رێكخراوانه‌ی رێكخراوه‌كانی په‌یوه‌ست به مافی مرۆڤ‌و منداڵ‌و په‌روه‌رده‌وه له بواری په‌روه‌رده و به هاناوه‌چوون‌و كاری مرۆییه‌وه، به‌جۆرێك ئه‌و كه‌لێنانه‌ی له دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كاندا دروست ده‌بێت بتوانن پڕیان بكه‌نه‌وه، كاركردن به شێوه‌یه‌كی به‌رنامه بۆ داڕێژراو، نه‌وه‌ك عاتیفیانه‌و به كرچ‌و كاڵی، من پێم سه‌یره كاتێك ژیانی خێزانێك ئه‌چێته سه‌ر شاشه، یه‌ك دونیا خه‌ڵك هاوسۆز ده‌بێت‌و ئاماده‌ی هاوكارییه‌و به واقیعیش هاوكارییه‌كه ده‌گات‌و ده‌كرێت (كه شتێكی باشه)، ئه‌ی ئه‌و ده‌یان‌و سه‌دان حاڵه‌تانه‌ی كه نایانه‌وێت، یان نابنه مانشێتی هه‌واڵی تیڤی‌و سایت‌و رۆژنامه‌كان چی؟ بۆچی خێرخوازان به شێوه‌یه‌كی سیستەماتیك بیر له به‌خشین ناكه‌نه‌وه؟ بیر له هاوكاری مرۆیی ناكه‌نه‌وه؟ خۆ حكومه‌ت چه‌ند دادگه‌ر بێت، چه‌ند باش بێت، چه‌ند بێ كێشه بێت، هێشتا ئه‌ركی هاووڵاتی و رێكخراوه‌كان له به‌ده‌مه‌وه‌چوون‌و كاری مرۆیی‌و فریادڕه‌سییه‌وه ته‌واو نابێت، هێشتا پێویستمان به‌وه‌یه كه ده‌وڵه‌مه‌ندو هه‌بووه‌كانی كۆمه‌ڵگه ببه‌خشن به‌وانه‌ی كه ئاتاجن‌و پێویستیان به هاوكاری‌و پشتیوانیه.
ئه‌مه له كاتێكدا ده‌ڵێم گومانم له‌وه نییه كه خه‌ڵكی (هه‌بوو) له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا زۆر زیاتره له ژماره‌ی ئەو خێزانه هه‌ژارانه‌ی له هه‌رێمه‌كه‌ماندا هه‌یه، نامه‌وێت بڵێم خێرخواز‌و چاكه‌كاران له‌م بواره‌دا كارناكه‌ن و نابه‌خشن، به‌ڵكو ده‌مه‌وێت بڵێم ته‌نها وزه‌ی خێرخوازی بە بەرنامە بخرێته‌گه‌ڕ و به به‌رنامه كاری بۆ بكرێت، ئه‌وه من دڵنیام ئه‌و هه‌ژارانه‌ی له دۆخی (هه‌ژاری توند)دان نامێنن و ژیانیان هه‌نگاوێكی گه‌وره ده‌چێته پێش و دێنه سه‌ر و هێڵی هه‌ژاری، ئه‌وسا پێویست به هات و هه‌ڵا ناكات و له‌ڕێگه‌ی رێكخراوی خێرخوازییه‌وه‌و به به‌رنامه كار و خێری چاكه‌كاران ده‌گاته ئه‌وانه‌ی پێویستیانه.
له كۆتاییدا تێبینیه‌كی تریش بەپێویست دەزانم: ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌مدا رووبه‌ڕووی ئێمه ده‌بێته‌وه وه‌ك ئه‌ركێك، به دڵنیاییه‌وه كه‌مته‌رخه‌می به‌رانبه‌ر ناكه‌ین و نه‌مانكردووه.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی
تێبینی: ئەم وتارە لە بەرواری ١٣ی ١ی ٢٠١٩ لە سایتی ڕووداو بڵاوبووەتەوە.