خستنەڕووى داهاتەکانى گومرگ و نەوت و باج لە هەرێمى کوردستان و زیادبوونى داهات
2021-03-05
404 جار خوێندراوەتەوە
"بە بەڵگەو زانیاریى ورد دەیسەلمێنێت"
 
لە (پەیام وەرگیراوە):
 
لە میانەی‌ بەشداریکردنی‌ لە بەرنامەی‌ ئەمڕۆی‌ کەناڵی‌ ئاسمانی‌ پەیام کە شەوی‌ پێنجشەممە، ٤ی‌ ٣ی‌ ٢٠٢١، پەخشکرا، عومەر گوڵپی‌، ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان ڕایگەیاند:"بەهۆی‌ بەرزبوونەوەی‌ نرخی‌ نەوت‌و زیادبوونی‌ داهات لە خاڵە گومرگییەکان‌و زۆربوونی‌ باج‌و ڕسومات، مانگانە داهاتی‌ هەرێمی‌ کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی‌ یەک ترلیۆن دینار، ئەم بڕەش بەشی‌ مووچەی‌ تەواوو بودجەی‌ پێویست بۆ بەگەڕخستنی‌ وەزارتەکان و خزمەتگوزاری‌ دەکات و هیچ پاساوێک بۆ ستەمی‌ لێبڕینی‌ مووچە نەماوە".
 
لە میانەی‌ بەرنامەکەیدا، ئەو پەرلەمانتارە کە هاوکات ئەندامی‌ فراکسیۆنی‌ کۆمەڵی‌ دادگەری‌ کوردستانە، ڕوونی‌ کردەوە کە بەهۆی‌ بەرزبوونەوەی‌ نرخی‌ نەوتەوە داهاتی‌ مانگانەی‌ نەوت بەو پڕۆسە خراپەی‌ دەرهێنان‌و فرۆشتنی‌ نەوتیشەوە، گەیشتووەتە ٣٧٥ ملیۆن دۆلار کە بۆ ساڵێک دەکاتە چوار ملیارو نیو دۆلار، کە بە دینار بۆ مانگێک دەکاتە پێنح سەدو چل‌و سێ ملیارو حەوت سەدو پەنجا ملیۆن دینار.
هەر بە پێی‌ زانیارییەکانی‌ ئەو پەرلەمانتارە،و بە پشت بەستن بە ئامارو زانیارییەکانی‌ ساڵی‌ ڕابردوو، داهاتی‌ هاتوو لە گومرگەوە نزیکە لە سێ ملیار دۆلار بۆ ساڵێک، کە بە دینار دەکاتە چوار ترلیۆن و سێسەدو پەنجا ملیار دینار.
هەروەها بەپێی بەڵگەو زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی داهاتی‌ هاتوو لە (باج)ەوە نزیکە لە ٦٠٠ ملیاری‌ ساڵانە، و داهاتی‌ هاتوو لە ڕسومات‌و خزمەتگوزارییەوە نزیکە لە یەک ترلیۆن دیناربۆ ساڵێک، بۆ بەڵگەی داهاتی وەزارەتەکان ئەو پەرلەمانتارە وتی:"کەس ئەزانێت تەنها داهاتی وەزارەتی داد زیاترە لە ١١٣ ملیار دینار؟".
 
لە بەرنامەکەدا ڕوونیکردەوە بە کۆکردنەوەی‌ هەرسێ داهاتەکەو پشتیوانی‌ هاوپەیمانانیشەوە، داهاتی‌ ساڵانەی‌ حکومەت زیاتر لە دوانزە ترلیۆن دەبێت، ئەم بڕەش بەشی‌ مووچە بە تەواوەتی‌ دەکات کە بۆ ساڵێک پێویستی‌ بە نزیکەی‌ ١٠ ترلیۆن و نیو دینار هەیە، هەروەها یەک ترلیۆن بۆ بەرێوەبردنی‌ وەزارەتەکان و خزمەتگوزاری‌، هەروەها دەتوانرێت بڕێکیش بۆ وەبەرهێنان تەرخانبکرێت کە دەبێتە خۆی‌ ڕەخساندنی‌ هەلی‌ کار.
 
هەر لەو بەرنامەیەدا، عومەر گوڵپی‌ چەندین نهێنی‌ لەبارەی‌ بەهەدەردان‌و خۆ دزینەوە لەباج و قاچاخچێتی‌‌و کۆمپانیاکاری‌ هێزەکانی‌ دەسەڵات خستەڕوو، هەروەها بە بەڵگەی‌ ڕوون سەلماندی‌ کە هیچ پاساوێک بۆ ستەمی‌ لێبڕینی مووچە نەماوە.

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 285,373     ژمارەی میوان 203