ڕاگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی "کۆمەڵ" لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە دەستگیرکراوانى پارێزگاى دهۆک
2021-02-16
435 جار خوێندراوەتەوە
سەبارەت بە دەستگیرکردن و سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان
ڕاگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی "کۆمەڵ" لە پەرلەمانی کوردستان
 
 
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٦ی‌ ٢ی‌ ٢٠٢١ شەش کەس لە هاووڵاتیانی‌ مەدەنی‌‌و چالاکەوان‌و رۆژنامەنووس، کە ماوەی شەش مانگە بەبێ تاوان دەستگیرکراون، سزای بەندکردنی شەش ساڵیان بەسەردا سەپێندرا.
ئێمە نیگەرانین لەم دۆخە و بە بەکارهێنانی یاسا و دادگای دەزانین بۆ مەرامی سیاسیی و حزبی، هاوکات پێشمانوایە ئەمە پێشهاتێکی مەترسیدارە و هەوڵێکە بۆ سەرکوتکردن و بێدەنگکردنی هاونیشتمانیان بەتایبەتیش لە سنوری پارێزگای‌ دهۆک.
هەروەها لەم ڕووداوانەدا پەرلەمانی کوردستان بە کەمتەرخەم دەزانین لە ئاستی بێدەنگبوونیدا کە لێدەگەڕێ مافی ئەو ڕۆژنامەنوس و مامۆستا و چالاکە مەدەنیانەی بادینان پێشێل بکرێت و بەو ئاسانییە تۆمەتیان بەسەردا بسەپێندرێت لە پرۆسەیەکدا کە تۆمەتبارکردنیان نایاساییەو بوونەتە قوربانی‌ ستەمی‌ پرۆسەی‌ دادوەریی‌.
لە هەمانکاتدا پێمان وایە ئەم سزادانە پێچەوانەی‌ بنەماکانی‌ مافی‌ مرۆڤ‌و بنەمای‌ ئازادییەکان‌و پڕەنسیپ‌و ئامانجەکانی‌‌ ڕاپەڕینی‌ بەهاری‌ ساڵی‌ ١٩٩١ی‌ خەڵکی‌ کوردستانە لە پێناو ئازادی‌‌و ئازادی‌ سیاسی‌‌، و دەرئەنجامی‌ خراپیشی‌ دەبێت لەسەر ئاشتی‌ کۆمەڵایەتی‌‌و ژیانی‌ فرەیی‌ لە کوردستان.
بۆیە داواکارین دادگای‌ پیاچوونەوەی‌ هەرێم چاو بەم بڕیارەدا بخشێنێتەوەو ماف بۆ مافخوراوان بگەڕێنێتەوەو‌ خەڵکی‌ کوردستان دڵنیابکاتەوە کە خەڵک لەسەر دەربڕینی‌ بیرو بۆچوون‌و کاری‌ رۆژنامەوانی‌‌و ناڕەزایی‌ دەربڕین سزا نادرێت.
فراکسیۆنی کۆمەڵ
لە پەرلەمانی کوردستان
١٦ی‌ ٢ی‌ ٢٠٢١

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,812     ژمارەی میوان 61