" لە کۆى داهاتى ساڵانەى خاڵە سنورییەکان تەنها یەک ملیارى دەگەڕێتەوە خەزێنەى گشتى"
2021-02-11
386 جار خوێندراوەتەوە

لە (ڕووداو) وەرگیراوە:

پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رەخنەی ئەوە لە ئاوات شێخ جەناب دەگرێت کە لەسەر داهاتی هەرێمی کوردستان زانیارییان پێنادات. پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕانیش باس لەوە دەکات کە دووکانی لوقمەقازی باج دەدات بەڵام پاڵاوگەی نەوت لە باج بەخشراوە.

لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ رەنج، عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی ‌و ئەندامی ‏لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان جگە لە رەخنەی ئەوەی کە وەزیری دارایی لەسەر داهاتی كوردستان زانیارییان ‏پێنادات گوتیشی "بەداخەوە گۆڕان لەگەڵ بەڵێنەكانی راستگۆ نەبوو". ‏لە بەرامبەر ئەوە عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان باسی ‏لەوە كرد، بۆ كۆكردنەوەی داهاتەكان هەموو دەسەڵاتەكان لە دەستی ‏وەزیرێكدا نییە ‌و داهاتەكانیش بە دادپەروەرانە كۆناكرێتەوە گوتیشی "بە نموونە ‏لە كۆكردنەوەی باج، دووكانی لوقمەقازی باج دەدا، بەڵام پاڵاوگەی نەوت لە ‏باج بەخشراوە".‏

پێشەوا هەورامانی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان و ‏‏‏پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان لە سەرەتای بەرنامەكە ‏ئەوەی خستەڕوو هەنگاوەكانی چاكسازی بۆ زیادكردنی داهات ‌و ‏كەمكردنەوەی خەرجییەكان دەستیپێكردووە، بەڵام هەمووی بەیەكەوە ‏ناكرێت، چونكە وەكو ئەو دەڵێت "كێشەی 30 ساڵی كەڵەكەبوو بە حەوت ‏مانگ چارەسەر ناكرێت"، كاتێك هاتە سەر باسی ئەو هەنگاوانەی كە تاوەكو ئێستا نراون، گوتی "تاوەكو ئێستا 300 هەزار فایلی فەرمانبەران پێداچوونەوەیان بۆ كراوە ‌و 106 هەزار مووچەی دووبارە هەبوون 10 هەزار ‏مووچەی نایاسایی بڕدراون، هەنگاوی دیكەش بەڕێوەیە، بەڵام هەمووی بەیەكەوە ناكرێت".‏

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر هەر سێ‌ حیزبەكەی ‏پێكهێنەری حكومەت پێكەوە كار بۆ جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی چاكسازی بنێن، "ئەوا بە دڵنیاییەوە 80%ی كێشەی مووچەخۆران چارەسەر دەبێت".

گرفتێكی دیكە، بە بۆچوونی پێشەوا هەورامانی، ئەوەیە کە بەشێكی زۆری داهاتی خاڵە سنوورییەكان بۆ ئەو كۆمپانیایانە دەڕوات كە لەسەر سنوورەكان كاردەكەن، بۆ بەڵگەی ئەو بۆچوونەشی ئاماژەی بەوە کرد "لە دەروازەی ‏پەروێزخان لە ماوەی چوار كاژێردا 12 ملیۆن دینار داهات هەبووە، بەڵام تەنیا سێ ملیۆن دیناری بۆ حكومەت بووە نۆ ملیۆنەكەی دیكەی بۆ كۆمپانیایەك بووە ‏كە دەبوو ئەمە پێچەوانە بووایە، راستە لە هەموو دەروازەكان كەموكوڕی ‏هەیە، بەڵام بە رێژەیە. بە دانپێدانانی حكومەتی عێراق خۆی دەروازەی ‏ئیبراهیم خەلیل یەكێكە لە دەروازە باشەكان".‏

‏لوقمان وەردی، سەرۆكی لیژنەی  شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و ‏‏‏گەشت و گوزار لە پەرلەمانی كوردستان، میوانێکی دیکەی بەرنامەی لەگەڵ رەنج بوو، ‏ئاماژەی بەوە کرد، حكومەت ئیرادەیەكی راستەقینەی بۆ چاكسازی نییە، بۆ سەلماندنی ئەو بۆچوونەشی ئەوەی خستەڕوو "كاتێك دەڵێن هێزێك لە ‏سنوورەكان دروستدەكرێت بۆ رێگری لە قاچاخچێتی، ئەوە راست نییە، ‏چونكە لە دەروازە سنوورییەكان هێزێكی یاخی نییە، تاوەكو بە هێزێكی دیكەی حكومەت كۆنترۆڵ بكرێت، بۆ چاكسازی لە دەروازەكان ئەگەر نێتی جیددی هەبێت بە تەلەفۆنێک چارەسەر دەكرێت نەک دروستكردنی هێز، جگە لەوەش دەبێت چاكسازی لە سەرجەم خاڵە سنوورییەكان ‌و داهاتی نەوت ‌و باج ‌و بەخشینە گومرگییەكان بكرێت. كۆمپانیایەكی وەكو کۆڕەک تیلیكۆم ‏‏189 ملیار دۆلار قەرزدارە، دەبێت بە خێرایی لێی وەربگیرێتەوە نەك مانگانە بڕە پارەیەكی كەمی لێوەربگرێتەوە".

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان كە ‏پەرلەمانتاری حیزبێكی ئۆپۆزسیۆنە [کۆمەڵی ئیسلامی]، ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی ‏ئامارەكانی حكومەت داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‏‏420 ملیۆن دۆلارە، كە 220 ملیۆن دۆلاری لە  نەوتەوە‌ و 100 ملیۆن دۆلاری ‏لە باج ‌و 100 ملیۆن دۆلاری دیكەشی داهاتی خاڵە سنوورییەكانە، بەڵام ‏ئەگەر داهاتەكان بەباشی كۆبكرێنەوە زۆر لەوە زیاترە . ئەو پەرلەمانتارە رەخنەی لە وەزیری دارایی گرت بەوەی وەڵامی پرسیارەكانیان ‏ناداتەوە ‌و گوتی "لە پێنج مانگی رابردوودا 15 پرسیارم ئاراستەی وەزیری دارایی كردووە، وەڵامم نەدراوەتەوە، بەداخەوە بزووتنەوەی گۆڕانیش لەگەڵ بەڵێنەكانی راستگۆ نەبوو".‏

پشتبەستن بە‌و ئامارانەی لە هەردوو وڵاتی ئێران ‌و توركیا بڵاودەكرێنەوە، بە بڕوای عومەر گوڵپی، داهاتی خاڵە سنوورییەكان زۆر لەوە زیاترە كە ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویاندەكاتەوە ‌و دەڵێت "بەپێی ‏بەدواداچوونەكانمان داهاتی ساڵانەی دەروازە سنوورییەكانمان چوار بۆ پێنج ملیار ‏دۆلار دەبێت، كە زۆرترینی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوەیە و داهاتی ساڵانەی ‏نزیكەی سێ ملیار دۆلار دەبێت، ئەمە جگە لەوەی شەوانە 100 بۆ 150 باری ‏قاچاخ لە باشماخەوە دەهێنرێنە هەرێمی كوردستانەوە".‏

جەلیل سابیر، شارەزا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ، رەخنەی لە لێكدانەوەكانی عومەر گوڵپی گرت‌ و جەختی لەوە كردەوە ئامارەكانی ‏دروست نییە ‌و "ناكرێت هەر ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر بێت خێرا گومرگی لەسەر حساب بكرێت، چونكە بەشێكی ئەو بارهەڵگرانە بۆ ‏پرۆژەكانی وەبەرهێنان دەهێنرێن كە بەپێی یاسای وەبەرهێنان لە باج‌ و ‏گومرگ بەخشراون، بۆیە ئەو ئامارانە دروست نیین كە كاك عومەر گوڵپی ‏باسیان دەكات".

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان و ‏‏‏پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی ‏كوردستان لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج، باسی لەوە كرد کە ئەو كاڵا‌ و خواردن ‌و خواردنەوانەی گومرگیان زۆرە، ‏بەشێكی زۆریان بە قاچاخ هاوردە دەكرێن، بە نموونەش باسی لە خواردنەوە كهولییەكان كرد بەوەی "لە ماوەی چوار ساڵدا گومرگی خواردنەوە كهولییەكان بە رێژەی 90% كەمیكردووە، من دەپرسم ئایا 90%ی خەڵكی وازیان لە خواردنەوەیان هێناوە تاوەكو بەو جۆرە گومرگیان كەمبكاتەوە؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر، لەبەر ئەوەیە كە زۆربەی بە قاچاخ هاوردە دەكرێت ئەگەر وا نییە لە 2020دا چۆن داهاتی گومرگی 67 ملیۆن دینار بووە".‏

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر چاكسازی لە داهاتەكانی نەوتی ‌و نانەوتی بە تەواوەتی بكرێت، جگە لە مووچە، مانگانە ‏‏321 ملیار دیناریش بۆ حكومەت دەمێنێتەوە بۆ پرۆژەكانی بەكاریانبهێنێت".

كۆكردنەوەی ‌و وەرگرتنی باج بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بە بڕوای عەلی ‏حەمەساڵح هۆكارێكی باش دەبێت بۆ زیادكردنی داهات‌ و گوتیشی "ئەگەر مۆڵە گەورەكان ‌و پاڵاوگەكانی نەوت بەشێك لە كۆمپانیا گەورەكان باج نەدەن ‌و تەنیا دووكانی لوقمەقازی ‌و نانەواكان‌ و هەندێ‌ پیشەی دیكە باج بدەن، دۆخی داهاتمان لەوە باشتر نابێت. لە هەموو ئەوانە سەیرتر ئەوەیەی ‏حكومەت هاوردەكردنی هێلكەی قاچاخ كردووە، دیارە تەنیا بۆ ئەوەیە ‏بەرپرسەكان بە قاچاخ بیهێنن".

لەبارەی باشترین ‌و خراپترین دەروازەش كە ‏داهاتی لێوە بەفیڕۆدەدرێت عەلی حەمەساڵح گوتی "دەروازەكانی خاپوور‌ و ‏باشماخ خراپترین ‌و حاجی ئۆمەران ‌و پەروێزخانیش بەراورد بەوانی دیكە ‏باشترن". لە كۆتاییەكانی بەرنامەكەش ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەی ‏ئاشكراكرد كە ئێستا "بۆ دروستكردنی بەنزین، جۆرە مەوادێك هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت كە هۆكاری سەرەكییە بۆ دروستكردنی نەخۆشیی ‏شێرپەنجە، بەداخەوە تاوەكو ئێستاش ئەو جۆرە مەوادە دێت".

ئەم بەرنامەیە شەوی 08-02-2021 بەشێوەیەكی راستەوخۆ پێشكەش ‏كرا ‌و میوانەكانیش بریتیبوون لە:

- عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان و ‏‏‏پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان
- پێشەوا هەورامانی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان و ‏‏‏پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان
- لوقمان وەردی، سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و ‏‏‏گەشتوگوزار لە پەرلەمانی كوردستان
- جەلیل سابیر، شارەزا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ
- عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ‏ ‏

بۆ بینینى تەواوى بەرنامەکە (لێرە) کلیک بکە.

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 38
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net