لەبارەى بودجەو هاوکارییەکانى خاوەن پێداویستى تایبەت و کەمئەندامان لە ساڵى ٢٠٢٠
2021-02-06
90 جار خوێندراوەتەوە
لە کۆی‌ (٣٩٦) ملیار دینار بۆ تۆڕی‌ پاراستن كه‌ له‌ به‌غدای‌ وه‌رگرتووه‌، حکومەتی‌ هه‌رێم تەنها نزیکەی‌(١٠٠) ملیار دیناری‌ دابەشکردووە به‌سه‌ر هاووڵاتیانی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت‌و كه‌مئه‌نداماندا.
 
لە ساڵی‌ (٢٠٢٠)دا، لە بەشە بودجەی‌ تەرخانکراو بۆ پاڵپشتی‌ تۆڕی‌ پاراستنی‌ کۆمەڵایەتی‌(چاودێری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌) لە حکومەتی‌ فیدراڵی‌ بەغدا، حکومەتی‌ هەرێم بڕی‌ (٣٩٦) ملیار دیناری‌ وەرگرتووە، بەڵام لەو بڕە تەنها نزیکەی‌ (١٠٠) ملیار دیناری‌ بە (هەشت جار) بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت(کەمئەندامان) خەرجکردووە، له‌ كاتێكدا ده‌بوو به‌لای‌ كه‌مه‌وه‌ (144)ملیار دیناریان بۆ خه‌رج بكات، ئه‌مه‌ بێجگە لەوەی هیچ بڕە پارەیەکیشی‌ بۆ هەژارەکان (کە لە کوردستان بە ناونیشانی‌ چاودێری‌ خێزان تۆمارن) خەرج نەکردووه‌، و له‌ مانگی ٨ی ساڵی‌ (2015)ه‌وه‌ هاوكاری‌‌و مووچه‌كانیان ڕاگیراوه‌.
 
ئه‌و (396) ملیار دیناره‌ له‌ ژێر فه‌صڵ‌و مادده‌ی‌ (چاودێری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌) به‌مجۆره‌ خه‌رج كراوه‌: (له‌ مانگی‌ یه‌ك 70 ملیار، له‌ مانگی‌ سێ 140 ملیار، له‌ مانگی‌ پێنج 71 ملیار، له‌ مانگی‌ نۆ 55 ملیار، له‌ مانگی‌ ده‌ 56 ملیار) ئەم بڕانەش ده‌كاته‌ ته‌نها له‌ 3%ی‌ سه‌رجه‌م بڕه‌ پاره‌ی‌ ته‌رخانكراو بۆ چاودێری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ بودجه‌ی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵی كه‌سه‌رجه‌می‌ بڕه‌كه‌ی‌ دوانزه‌ ترلیۆن و حه‌وت و سه‌دو چوار ملیار دینار‌ بووە لە 2020.
 
هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت بە پێی‌ یاسا بڕێک هاوکاری‌ وەردەگرن، ١٠٠ هەزار بۆ ئەو هاووڵاتیانەی‌ مووچەی‌ تریان هەیەو ١٥٠ هەزار دینار بۆ ئەوانەی‌ هیچ مووچەیەکیان نییە، پارەکە مووچە نییە تا لە بەرانبەر دەوامدا وەریگرن، بەڵکو هاوکاریی‌و پاڵپشتییە، لە ساڵی‌ (٢٠٢٠) دەبوو (١٥) جار هاوکاری‌ وەرگرن، سیانیان لە هاوکاری‌ دواکەوتووی‌ ساڵی‌ (٢٠١٩)و (١٢)شیان لەماف و شایستەی‌ (٢٠٢٠)، بەڵام حکومەتی‌ هەرێم تەنها (٨) جار هاوکارییەکەی‌ دابەشکردووە کە بریتی‌ بووە لە سیانی‌ ساڵی‌ ٢٠١٩ و پێنجی‌ ساڵی‌ ٢٠٢٠، واتە حکومەتی‌ هەرێم حەوت جار هاوکاری‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت قەرزارە لەو ساڵەدا.
 
ئەو بڕە پارەیەی‌ حکومەتی‌ هەرێم لە بوارو مادده‌ی‌ (چاودێری‌ کۆمەڵایەتی)‌ وەریگرتووە بەشی‌ تەواوی‌ ١٥ جار هاوکاری‌ کەمئەندامانی‌ دەکردوو نزیکەی‌ ١٤٠ ملیار دیناریشی‌ دەمایەوە، بەڵام حکومەت تەنها نزیکەی‌ (١٠٠) ملیار دیناری‌ دابەش کردووە.
 
به‌ كورتی‌: حكومه‌تی‌ به‌غدا زوڵمی‌ له‌ هه‌رێم كردووه‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش له‌ هاووڵاتیانی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت‌و كه‌مئه‌ندامان، چونكه‌ له‌ بری‌ كه‌مئه‌ندامی‌ مووچه‌ نییه‌، به‌ڵكو هاوكارییه‌و نابێت له‌ هیچ دۆخێكدا كه‌م بكرێته‌وه‌و دوا بخرێت و دابەش نەکرێت.
 
بە نووسراوی‌ ژمارە (٣٩) لە بەرواری‌ (٢٤ی‌ ١ی‌ ٢٠٢١) بەدواداچوونمان کردووە بۆ بەشی‌ بودجەی‌ تەرخانکراو بۆ تۆڕی‌ پاراستنی کۆمەڵایەتی(چاودێری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌)‌ کە حکومەتی‌ هەرێم لە حکومەتی‌ فیدراڵی‌ له‌ ساڵی‌ 2020 وەریگرتوو.
 
عومەر گوڵپی
٦ی٢ی٢٠٢١

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 28
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net