بۆ ڕۆژ نیوز: بەغدا وەک دەرفەتێک وایە بۆ ئەم دۆخە داراییەى هەرێم
2021-01-15
422 جار خوێندراوەتەوە

لە ڕۆژ نیوز وەرگیراوە:

پەرلەمانتارێکی هەرێم دەڵێت، کێشەی ڕێکنەکەوتنی هەرێم و ناوەند پابەندنەبوونی هەرێمە، “بێ پلانی حکومەتی هەرێمیش بەردەوامیی بە قەیرانەکان دەدات، پەرلەمانتارێکی دیکەش دەڵێت.

ئەگەرچی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە ئاشكرا ئەوەی ڕاگەیاند، كە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی ڕێككەوتوون لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم لە ناو پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق، بەڵام ڕێككەوتنەكە نەبووەتە فەرمی و كاردانەوەی لەسەر ژیان و قووتی خەڵكی كوردستان نەبووە.

بەپێی زانیاریی و لێدوانی شاندی دانووستانكاری هەرێم، كە لە كۆتاجاردا ماوەی دوو هەفتە لەبەغدا مانەوە، ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر ئەوە كراوە، دەبێت هەرێم ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی كۆمپانیای نیشتیمانی سۆمۆ بكات و نیوەی داهاتە فیدڕالیەكانیش كەبریتین لەداهاتی مەرزەكان و ناوخۆ ڕادەستی حكومەتی ناوەندی بكات، بەڵام ئەم ڕێككەوتنە تەنها لەلایەن هەردوو حكومەت كراوە بۆ ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، وەک دەوترێت شەڕی حکومەتی هەرێم لە هۆڵی پەرلەمانی عێراق دەبێت، بەو پێیەی بەشێك لەلایەنە عێراقییەكان لە پەرلەماندا لەگەڵ ڕێککەوتنەکە نین.

عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، پێیوایە کارێکی نا عەقڵانی و نالۆژیكییە هەرێم دەستبەرداری بەغدا ببێت و لەگەڵی ڕێكنەكەوێت، “چونكە هەموو واقیعێك ئەوەمان پێدەڵێت، كە ڕێككەوتن باشترە، بەڵام كە ڕێككەوتن ناكرێت وادەردەكەوێت كە شتانێكیتر لە پشتی پەردەوە هەن”

بە وتەی گوڵپی، گرێبەستەكانی نەوت گرفتی گەورەن لەبەردەم ڕێكنەكەوتنی هەولێر و بەغدا، دەشڵێت: كێشە داراییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەمساڵ و ساڵانی ڕابردووش لەیاسای بودجەدا چارەسەركراون، بەڵام گرفتەكە پابەندنەبوونی هەرێمە بە ناوەڕۆكی ئەم ڕێككەوتنانە و ڕادەستكردنی نەوت بە بەغدا، بەتایبەتیش كە ڕێككەوتنی سیاسی دەكرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان كە نوێنەری شەرعی خەڵكی كوردستانە، بەڵام سەرۆکایەتییەکی لاوازیی هەیە.

عومەر گوڵپی سەرنج ڕادەکێشێتە سەر بودجەی هەرێم و دەڵێت، گەندەڵترین وڵاتی سەرزەوی ساڵانە بودجە دەنێرێتە پەرلەمان، بەڵام ماوەی حەوت ساڵە حكومەتی هەرێم بودجە نانێرێتە پەرلەمان، “كەس نازانێت چی ڕوودەدات و بازاڕ دەبوژێتەوە یان نا، كەرتی تایبەت دەبوژێتەوە یان نا، بێ پلانی حكومەت وایكردووە ئاڵۆزیی ئابووری و دارایی دروست ببێت و ڕێگەی بە قاچاخ بردن و گەندەڵیش ڕووی لە زیادبوون كردووە”.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 286,032     ژمارەی میوان 6