له چوارچێوه‌ی به‌شداری له به‌رنامه‌ی دیالۆگی كه‌ناڵی ئاسمانی سپێده له ڕۆژی شه‌ممه،21ی 11ی 2020، عومه‌ر گوڵپی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كورستان ڕایگه‌یاند:" به پێی داتاكانی حكومه‌ت خۆی، به‌بێ چاوه‌ڕوانی (٣٢٠) ملیاره‌كه‌ی به‌غدا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت به‌لای كه‌مه‌وه مووچەی یه‌ك مانگی پزیشك‌و مامۆستا‌و كارمه‌ندان دابه‌ش بكات".
له‌و به‌رنامه‌یه‌دا، كه هه‌ریه‌كه له به‌ڕێزان عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، و عومه‌ر گوڵپی، ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی كوردستان‌و عه‌بدولكه‌ریم ئه‌حمه‌دو د.هۆگر غه‌ریب، نووسه‌ران‌و ڕۆژنامه‌نووسان به‌شداربوون، عومه‌ر گوڵپی، ڕایگه‌یاند:" به پێی داتاكانی خۆیان‌و به‌م دۆخه‌ی ئێسته‌وه، حكومه‌ت مانگانه له داهاته جۆراو جۆره‌كان نزیكه‌ی (٣٩٠) ملیار دینار داهاتیه‌تی، له ساڵی (٢٠٢٠)یشدا حکومەت ته‌نها سێ مووچه‌ی ساڵی (٢٠١٩)و چوار مووچه‌ی ساڵی(٢٠٢٠)ی دابه‌شكردووه، واته له كۆی یانزه مانگی ساڵی(٢٠٢٠) حكومه‌ت ته‌نها حه‌وت مووچەی دابه‌شكردووه، به‌مجۆره له ئێسته‌دا داهاتی دوو مانگ له خه‌زێنه‌ی وه‌زاره‌تی داراییه‌و حكومه‌ت ده‌توانێت به‌بێ چاوه‌ڕوانی هیچ بڕه پاره‌یه‌ك له به‌غدا مووچه‌ی یه‌ك مانگ دابه‌ش بكات، بۆیه پێویسته هه‌موومان فشار له حكومه‌ت بكه‌ین بۆ خه‌رجكردنی مووچه‌ی مانگێك، تا ئه‌و كاته‌ی به‌غداش(٣٢٠) ملیاره‌كه بۆ مانگه‌كانی(١١ و ١٢) ده‌نێرێت‌و له‌گه‌ڵ داهاتی ناوخۆ ئه‌و دوو مووچه‌یه‌ش دابه‌ش ده‌كات".