سلێمانی لە زۆر بواری خزمەتگوزاری گشتیدا فەرامۆشکراوەو بێ خزمەتە، بەتایبەت ڕووبەرە سەوزاییەکان کە سیمای شارستانی و جوانی بەهەر شارێک دەبەخشن، بۆیە بەر لە پیرۆزبایی ساڵی دامەزراندنی، پێویستە بیرێک لەم شارەو ئایندەی ژیانی خەڵکەکەی بکرێتەوەو حکومەت ئەرکەکانی بەرانبەر پێگەو قەبارەی شارەکە جێبەجێ بکات.
به ژماره(١٦) له ڕۆژی (٨ی ١١ی ٢٠٢٠) بههۆی فهرامۆشكردنی پاركی ههواری شار، کە گەورەترین پارکو ڕووبەری سەوزاییە لە کوردستان، یاداشتێكم پێشكهش كردووه بهسهرۆكایهتی پهرلهمان بهمهبهستی ڕاسپاردنی لیژنهی شارهوانی بۆ بهدواداچوونی كێشهی پاركهكهو زیان پێگهیشتنی ڕووبهره سهوزاییهكان و درهختو نهمامهكانی و شوێنهكانی یاریی منداڵان بههۆی نهبوونی بودجه.
ئهوهی جێگهی سهرنجی منه ئهوهیه كه پاركو شوێنه گشتییهكانی سهوزایی و بهسهربردنی پشوو لە شارە گەورەکان ئهتوانم بڵێم بهشێوهیهكی گشتی زیاتر لهلایهن چینهكانی ناوهڕاستو خوارهوهی كۆمهڵگهوه بهكاردههێنرێنو زۆرینهی بهرپرسان و سهرمایهدارو دهوڵهمهندهكان بۆ خۆیان پاركو شوێنی پشوویان بۆ خۆیان و خانهوادهو منداڵهكانیان دروستكردووه و ئهوهی بێ بهش دهبێت له خزمهت نهكردنی پاركو شوێنهكانی پشوو ههژارهكانو ئهو خانهوادانهن ژیانیان مامناوهنده.
دهقی ناوەڕۆکی یاداشتەکە:
یەک/ لەبارەی (پارکی هەواری شار)ەوە:
أ. پارکی هەواری شار لە شاری سلێمانی بە ڕووبەری گشتی (٤٠٠٠)دۆنم زەوی و (٢٠٠٠) دۆنم سەوزایی، کە زیاتر لە (٨٠٠)دۆنمی بە تەنها چیمەنە، بە گەورەترین پارکی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەژمار دەکرێت و بووەتە هۆی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شاری سلێمانی بەڕێژەی (٢,٨%)، بەمەش ڕێژەی سەوزایی شاری سلێمانی گەیاندووەتە لە(١٩%) کە لە ئاستێکی باشدا هاوتایە بە ستانداردی جیهانی سەوزایی بۆ شارەکان.
ب. پارکەکە بووەتە سەرچاوەی بەخشینی ژینگەیەکی تەندروستتر بۆ ژیانی خەڵک لە شاری سلێمانی و بەخشینی دیمەن و سروشتێکی جوان و شارستانی و شوێنێکی گونجاو بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش بۆ خێزانەکان چ لە ناو شاری سلێمانی و چ ئەوانەی بە گەشت و سەردان دێنە شاری سلێمانی.
ج. بەڕێوەبەرایەتی پارکی هەواری شار، بەڕێوبەەرایەتییەکی سەربەخۆیەو سەر بە شارەوانی سلێمانیەو ژمارەیەک ئەندازیارو کارمەندی ئیداری و ژمێریاری خۆی هەیەو پێشینەی مانگانەی بۆ بەگەڕخستن نزیکەی (٧ ملیۆن) دینارە، لەناو ستافەکانیدا تەنها نزیکەی (٢٠)کرێکاری هەیە بۆ خزمەتکردنی سەوزایی.
د. پارکەکە ساڵانە پێویستی بە نزیکەی (٢,٥) ملیار دینارە بۆ خزمەتکردن و سەوزکردن و ئاودان و چاککردنەوە، کە زۆرینەی ئەو بودجەیە بۆ کرێکاری ڕۆژانەیە.
دوو/ کێشەکە چییە؟
أ. بەهۆی ئەوەی ژمارەی پێویستی کرێکاری خزمەتکردنی سەوزایی و چاککردنەوەی نییە، پارکەکە پشتی بە تەندرین و کۆمپانیا بەستووە بۆ سەوزکردن و ئاودان و چاککردنەوە.
ب. گرێبەستی خزمەتکردنی پارکەکە لە مانگی (٦)ی ساڵی (٢٠٢٠) کۆتایی هاتووەو لەو کاتەوە پارکەکە بەبێ خزمەت ماوەتەوە.
ج. بەڕێوبەەرایەتی پارکەکەو شارەوانی سلێمانی لە مانگی (٢)ی ساڵی (٢٠٢٠)ەوە نووسراوی داواکارییان بەزرکردووەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و لەوێشەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی گرێبەستکردنەوە لەگەڵ کۆمپانیا بۆ خزمەتکردنی ڕووبەرە سەوزییەکان، بەڵام تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکەیان نەدراوەتەوە.
د. لە ئێستەدا پارکەکە وەک پێویست خزمەت ناکرێت و ڕووبەڕووی کێشەی گەورە بووەتەوە لە ئاودان و سەوزکردن و چاککردنەوە.
سێ/ زیانەکانی پارکەکە بەهۆی کێشەکەوە:
بە پێی وتەی بەڕێوەبەری پارکەکە، و بەرپرسانی شارەوانی سلێمانی و سەردان و بینینی ڕووبەرە سەوزەکان لە نزیکەوە، دارو درەخت و سەوزایی پارکەکە ڕووبەڕووی وشکبوون و لەناوچوون و زیان بوونەتەوە، هێندێک لە درەختەکان زیانیان پێگەیشتووەو هێندێکیان بە تەواوی وشک بوون، هەروەها ژمارەیەک گوڵی چوار فەسڵەش ڕووبەڕووی هەمان گرفت بوونەتەوە، هەروەها شوێنی یاریی منداڵان و ڕووناکی پارکەکە بەهەمانشێوە.
هەربۆیە ئەگەر بە زوویی چارەسەری ئەم گرفتە نەکرێت ئایندەی پارکەکە و ڕووبەرە سەوزاییەکەی بەرەو زیانی زیاتر دەڕوات و ئەو شوێنە گرنگە بۆ حەوانەی هاووڵاتیان و کات بەسەربردن و پشوویان، کێشەی گەورەی بۆ دروست دەبێت، بەمەش خەڵکی سلێمانی زیانێکی گەورە دەکەن، بەتایبەت لە کاتێکدا ئەو ڕاستیە دەزانین کە سەوزایی و پارکە گشتییەکان بەزۆری لەلایەن چینی مامناوەندو خوارەوەی کۆمەڵگەوە سودیان لێ وەردەگیرێت و زۆرینەی سەرمایەداو چینی سەرەوەی کۆمەڵگە خۆیان ڤێلاو باخی تایبەت بەخۆیانە هەیە.
چوار/ پێشنیارو چارەسەر:
ئەگەرچی ئەم کێشەیە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی زیاتری پێویستە، بەڵام بە تێگەیشتنی ئێمە وێڕای پێویستبوونی بەدواداچوون بۆ ژمارەی ئێستەی کارمەندو کرێکاری پارکەکە، پێویستە ئەم رێگایانە بگیرێتە بەر بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە:
أ. حکومەت بودجەی پێویست ساڵانەو لە کاتی خۆیدا تەرخان بکات بۆ گرێبەستی تایبەت بە خزمەتکردنی پارکەکە، بەڕەچاوکردنی پیاچوونەوەی گرێبەستەکەو بڕگەو ماددەکانی و گونجاندنی لەگەڵ دۆخی ئێستەی دارایی هەرێمی کوردستان، هەروەها دەسەڵاتتدان بە وەزارەتی دارایی بە ساڵانە نوێکردنەوەی ئەم گرێبەستەو دوانەکەوتنی و تەندەرین لەکاتی خۆیدا.
ب. یان ژمارەی پێویستی کرێکار بۆ پارکەکە بە شێوەی (گواستنەوە لە شوێنی تر)ەوە یان دامەزراندن بەشێوەی (هەمیشەیی) یان (گرێبەست) بۆ خزمەتکردنی پارکەکە دابین بکرێت، لەم حاڵەتەدا پێویستە پێشینەی مانگانەی بەڕێوەبەرایەتییەکە زیادبکرێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاودان و ڕووناکی و چاککردنەوە.
پێنج/ تێبینی:
١ـ شاری سلێمانی ژمارەیەک پارک و سەوزایی جیا جیای تێدایە کە دیمەنێکی جیاواز بە شار دەبەخشن و بوونەتە سەرچاوە بۆ ژینگەیەکی باشترو تەندروستترو جوانتر، بەڵام هەمان کێشەی پارکی هەواری شار یەخەی پارک و ڕووبەرە سەوزاییەکانی تریشی گرتووە، بەتایبەت سەوزاییەکانی (ناوەڕاستی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود)و (ناوەڕاستی شەقامی سەرەکی سلێمانی ـ تاسڵوجە)و پارکی مەلیک مەحمود، کە یەکەمیان پێویستی بە بڕی (١,٥)و دووەمیان پێویستی بە (١,١) ملیار دیناری ساڵانە هەیە، و کێشە هەیە لە تەرخانکردنی ئەم بودجەیە بۆیان و بۆیان دابین ناکرێت، بەمەش بێجگە لە لەدەستدانی سەوزاییەکان، کێشەی وشکبوونی هەر پارک و سەوزاییەکیش ئەوەیە کە هەر درەختێک زیاتر لە سێ ساڵی ویستووە تا پێگەیشتووەو جوانی و سێبەری پێویست ببەخشێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی توانایەکی زۆری دارای و مرۆیی و کات.
٢ـ لەگەڵ یاداشتەدا ژمارەیەک وێنە هاوپێچ کراون کە وێنەی نوێی کۆتایی وەرزی هاوینی پارکەکەن بۆ باشتر تێگەیشتن لە دۆخەکە.