جوتیارو باخەوانی‌ هەژاری‌ کوردستان زیانی‌ گەورە دەکەن
2020-10-30
257 جار خوێندراوەتەوە
ڕاگەیەنراو:
 
بە پێی‌ بەدواداچوونەکانم، وێڕای‌ قەدەغەکردنیان، بەڵام هەنار لە سنوری‌ سوریا،و کەلەرم‌و قەڕنابیت‌و کاهوو لە سنوری‌ ئێرانەوە داخڵی‌ بازاڕەکانی‌ کوردستان دەبێت، بەمەش جوتیارو باخەوانی‌ هەژاری‌ کوردستان‌ زیانی‌ گەورەی‌ بەردەکەوێت، بێجگە لە ئابوریی هەرێم‌و چوونە دەرەوەی‌ پارە.
 
بە پێی‌ ڕێنمایی‌و بڕیارەکان، بە درێژایی‌ ساڵ هێنانی‌ کەلەرم‌و قەڕنابیت‌و کاهوو قەدەغەیە، بەڵام یەک بەڕادی‌ ترێلە لە مەرزی‌ باشماخەوە بە بڕی‌ (٤٠٠٠ - چوار هەزار) دۆلار بۆ کڕیار دەهێننە سلێمانی‌، بە باری‌ تایبەت.
 
هەروەها لە ئێستەدا کە وەرزی‌ پێگەیشتنیەتی‌، هێنانی‌ هەنار قەدەغەکراوە، بەڵام بە بڕی‌ (٢٨٥٠ - دوو هەزارو هەشت سەدو پەنجا) دۆلار بارهەڵگرێکی‌ ٢٤ تەنی لە مەرزی‌ فیشخابوورەوە بۆ کریار دەهێننە هەولێر، بەباری‌ تایبەت.
 
حکومەت‌و بەرپرسەکانی‌ هەمیشە دەڵێن:"سەرچاوەکانی‌ داهات لەکوردستان هەمەچەشن دەکەین‌و گرنگی‌ بەکشت‌و کاڵ دەدەین و بەرهەمی‌ ناوخۆ دەپارێزین"، بەڵام ڕێک بە پێچەوانەوە بە ڕۆژی‌ ڕووناک‌و بە چاوپۆشی‌ دەزگای‌ فەرمی‌‌و بە پاسەوانی‌ هێزی‌ فەرمی‌، حکومەت نەوەک سەرچاوە هەمەچەشنەکانی‌ داهات زۆر ناکات، بەڵکو ئەو چوار فلسەی‌ لەهەر وەرزێکدا دەچێتە گیرفانی‌ باخەوان‌و جوتیاری‌ هەژارو دەستقڵیشاوی‌ کوردەوە ئەوەش وێران دەکات، تەنهاو تەنها بۆ گیرفانی‌ حزب‌و کۆمپانیاکانی‌‌ ئەم‌و ئەو!
 
هەڵەبجە پارێزگایەکی‌ فەرامۆشکراوە، بە ئەستەم نەبێت هیچ پڕۆژەیەکی‌ نیمچە گەورەی‌ گەشتیاری‌، بازرگانی‌، پیشەسازی‌، تێدا نییە کە هەلی‌ کار بۆ گەنجەکان‌و خەڵکەکەی‌ بڕەخسێنێت، لەم وەرزەشدا کە هەناری‌ هەڵەبجە وەک مارکەیەک وایە لە باشی‌‌و جوانی‌‌و تەندروستیدا، کەچی‌ سیاسەتی‌ خراپی‌ بەرێوەبردن‌و یاساشکێنی‌ نایەڵێت باخەوانی‌ هەژاری‌ هەڵەبجە چوار فلسی‌ دەستبکەوێت.
 
هەناری‌ هەڵەبجە چۆن دەتوانێت بە ڕێگەیەکی‌ خراپ‌و دوورو درێژدا بە تێچوویەکی‌ زۆر بگاتە دهۆک‌و هەولێرو لەوێشەوە پارێزگاکانی‌ تری‌ عێراق‌و کێبڕکێی‌ هەناری‌ سوریا بکات لە نرخدا؟
 
ئەگەر هەریەکە لە بەڕێزان وەزیری‌ کشت‌و کاڵ‌و وەزیری‌ ناوخۆ ئینکاری‌ ئەم زانیاریانەیان کرد، ئەوە من ئامادەم هەریەکە بارێک لە کاهوو کەلەرم‌و قەڕنابیت و هەناری‌ سوری‌ و ئێرانیان بۆ بنێرم، بۆ ئەوەی‌ دڵنیابن لەوەی‌ سیاسەت‌و بڕیاری‌ پاراستنی‌ بەرهەمی‌ ناوخۆی حکومەت تەنها لە ژووری‌ دیوانی‌ وەزارەتەکانیان بەباشی‌ جێ بەجێ دەکرێت.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
٣٠ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢٠

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 299,153     ژمارەی میوان 33