بۆچی‌ نەخێر بۆ وەڵام و پاساوەکانى حکومەت؟
2020-10-28
471 جار خوێندراوەتەوە

لە دانیشتنى ژمارە (٩)ى ئەمڕۆ، ڕۆژى (٢٧ى ١٠ى ٢٠٢٠)ى پەرلەمانى کوردستاندا، پاش گوێگرتن لە وەڵامەکانی‌ حکومەت (کە نوێ نەبوون) و بەهۆی‌ ئەو سەرپێچییە یاساییانەی‌ لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەم، ئێمە کە واژۆى (پرساندن)مان کردبوو بڕوامان بە وەڵامەکانی‌ حکومەت نەبوو، و پێمان وابوو بڕینی‌ ڕێژەی‌ لەسەدا (٢١)و (١٨)و دواخستنی‌ مووچە لە کەمتەرخەمی‌ و یاسا شکێنی‌ حکومەت خۆیەتی‌ و دەتوانرێت بە چاکسازی‌ ڕاستەقینەو گەڕاندنەوەی‌ تەواوی‌ داهاتەکان و ڕێککەوتنى شەفاف لەگەڵ بەغدا، مووچە وەک خۆی‌ و بەپێی‌ یاسا دابەش بکرێت و پڕۆژەکانیش بەگەڕ بخرێنەوە، ئەمەشمان کردە هەڵوێستێکی‌(نەخێر) بەڕووی‌ حکومەتدا، بەڵام بە دەنگی‌ زۆرینەی‌ (بەڵێ)ی‌ سێ هێزی‌ پێکهێنەری‌ حکومەت لێبڕینی‌ مووچەو دواخستنی‌ بەردەوام دەبێت.

هۆکارەکان:

١ـ مووچەی پزیشک و مامۆستاو هێزە سەربازییەکان و کارمەندان بە یاسا ڕێکخراوە، بەڵام حکومەت بەبێ گەڕانەوە بۆ یاساو نوێنەرانی‌ گەل دەستکاری‌ مووچەکەیان دەکات، و بڕەکەی‌ کەم دەکاتەوەو لە کاتی‌ خۆیدا دابەشی‌ ناکات.

٢ـ بەپێی‌ یاسا لە پەرلەمانەوە مووچەی‌ خانەنشینان تەرخانکراوە، ئەوان هەموو تەمەنی‌ خۆیان بەخشیوە بە خزمەتکردنی‌ وڵات و مووچەکەیان زۆرینەی‌ ئەو بڕەیە کە خۆیان بە حکومەتیانداوە، بەڵام حکومەت بەبێ یاساو بەبێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرانی‌ خەڵک چارەنووسی‌ مووچەی‌ (١٤)مانگیان بەنادیاری‌ دەهێڵێتەوە و مووچەکانیان وەک خۆی‌ دابەش ناکات.

٣ـ بە پێی‌ یاسا لە پەرلەمانەوە، مووچەو مینحە بۆ کەس و کاری‌ سەربەرزی‌ شەهیدان تەرخانکراوە، کە کەمترین پابەندی‌ یاسایی‌ و نیشتیمانی‌ حکومەتە بۆ ئەو توێژە گەورەو بەڕێزەی‌ وڵات، بەڵام حکومەت بەبێ یاسا چارەنووسی‌ مووچەی‌ (٩)مانگی‌ ئەو منداڵانەی‌ کە باوکیان خۆی‌ کردە قوربانی‌ و ئەو دایکانەی‌ کە هێشتا ڕووفاتی‌ منداڵەکانی‌ لە بیابانەکان نەگەڕاونەتەوە، بەنادیاری‌ هێشووەتەوە.

٤ـ بە پێی‌ یاساو لە پەرلەمانەوە، هاوکاری‌ کۆمەڵایەتی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت و کەمئەندامان تەرخانکراوە، بەڵام حکومەت لەدەرەوەی‌ یاسا چارەنووسی‌ هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکانی‌ (١١)مانگیان بەنادیاری‌ دەهێڵێتی‌ەوەو هەشت ساڵە ٢٠ هەزار منداڵی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەتیش چاوەڕوانی‌ تەرخانکردنی‌ ئەو مافە یاساییەن.

٥ـ بە پێی‌ بنەما یاساییەکان و بنەماکانی‌ حکومەتی‌ مەدەنی‌، پێویستە حکومەت شەفاف و ڕوون بێت لە داهاتەکانی‌، بەڵام حکومەت داهاتەکانی‌ بۆ خەڵک و نوێنەرەکانی‌ بە ڕوونی‌ ناخاتەڕوو.

٦ـ بە پێی‌ یاسا، هەرکەسێک تەجاوز لەسەر داهاتی‌ گشتی‌ بکات، سزا دەدرێت، بەڵام حکومەت دەستەوسانە لەبەردەم ئەو کەسانەی‌ تەجاوز دەکەنە سەر داهاتی‌ وڵات لە خاڵە گومرگییەکان و بە پێی‌ وتەی‌ خۆیان لە دانیشتنی‌ پێشوودا هێشتا هەموو داهاتەکە ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی‌ گشتی‌.

٧ـ بە پێی‌ یاسا حکومەت بەرپرسیارە لە ڕێکخستنی‌ پەیوەندییەکانی‌ لەگەڵ بەغداو بەدەستهێنانی‌ شایستە داراییەکانی‌ بە پێی‌ دەستوری‌ عێراق، بەڵام حکومەت لەم ئەرکەی‌ سەرکەوتوو نەبووەو نەشگەڕاوەتەوە بۆ پەرلەمان و نوێنەرانی‌ خەڵک.

٨ـ بەپێی‌ یاسا و بنەماکانی‌ کاری‌ دەوڵەتداری‌، هەر کابینەیەکی‌ حکومەت میراتگری‌ کابینەکەی‌ پێشویەتی‌ و دەچێتە ژێر هەموو بەرپرسیارێتییەکان بەرانبەر خەڵک، بەڵام ئەم کاینەیەی‌ حکومەت کە میراتگری‌ یاسایی‌ و سیاسیشە، پاساوەکانی‌ بۆ خۆدزینەوە لە پابەندییە داراییەکان بە کابینەکانی‌ پێشوو دەهێنێتەوە.

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 285,677     ژمارەی میوان 490