"ئەوەی لەپەرلەمان روویدا هەرگیز پرۆسەی دەركردنی یاساو بڕیارنەبوو، کۆمسیۆنیش بەو جۆرە کاران نابێتەوە"
2023-05-31
265 جار خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردن؛ لەبەردەم چەكوشی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا

هاوڵاتی هەڵوێستی لایەنەكانی دەرەوەی یەكێتی‌و پارتی لەسەر پرۆسەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ئاشكرادەكات

سەركۆ جەمال لە رۆژنامەى هاووڵاتى

٢٤ى ٥ى ٢٠٢٣

دوایین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی جارێكی دیكە زەقكردەوە، پارتی دەڵێت كۆمسیۆنی كاراكردووەتەوەو رێكارەكانیشی یاسایین، یەكێتیش پێیوایە دانیشتنەكە هیچ بەهایەكی نییە، لایەنەكانی دیكەش داوای سازان دەكەن.

لەدانیشتنی رۆژی دووشەممە 22ی ئایاری 2023 كەتیایدا فراكسیۆنی پارتی و پێكهاتەكان دەنگیان لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی هەرێمدا، سەرئەنجام فراكسیۆنی یەكێتی دژ بەو بڕیارەی فراكسیۆنی پارتی و پێكهاتەكان وەستانەوەو گرژی دروستبوو.

هێوربوونەوەی دوو هەفتەی رابردووی نێوان یەكێتی و پارتی زۆری نەخایاند كە بەدەستپێشخەری ئەمریكاو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئەنجامدراو سەرجەم لایەنەكان هیوایان پێوە هەڵواسیبوو، بەڵام جارێكی دیكە ناكۆكیەكانیان لەسەر هەڵبژاردن و یاساكەی و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و كورسی پێكهاتەكان سەریهەڵدایەوە.

رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنەكەو كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی بە «مردوو» ناوبرد كەزیندوو نابێتەوە، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش رێكارەكانی «بەیاسایی» ناوبرد .

بەڵام رۆژی 23ی ئایاری 2023 وەزارەتی دادی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی لەڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوكردەوەو ناوی هەر نۆ ئەندامەكەی تێدایە كەئامادە دەكرێن بۆ دەنگدان لەپەرلەمانی كوردستاندا.

 

پارتی: كاراكردنەوەی كۆمسیۆن لەڕووی یاساییەوە هیچ گرفتێكی نییە

پێشەوا هەورامی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»كۆمسیۆن كارایەو نووسراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیشی ناوێت».

وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی وتیشی:» وادەیەك دیاری دەكرێت بۆ ئامادەبوونی كۆمسیارە نوێیەكان لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری كۆمسیۆن دەست بەكارەكانی خۆی دەكات و پێویستی بەهیچ رێكارێكی دیكە نییە».

 

یەكێتی: رێكارەكان گاڵتەجاڕانەیە

لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»رۆژنامەی وەقایع لەژێر كۆنترۆڵی حزبدایە، لەدیدی یەكێتی و فراكسیۆنەكەیەوە هیچ پرۆسەیەكی هەڵبژاردن دوای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان چەكوشەكەی كێشا بەمێزەكەدا بەڕێوەنەچووە، ئەگەر لەوەقایعی ئەمریكاش بڵاوبكرێتەوە بەگاڵتەجاری دەزانین».

«ئەوە مەترسییە لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم نەك دوژمنانی دەرەكی، بۆیە دەبێت ئەو گاڵتەجاڕییە رابگیرێت، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەو هەنگاوەی نامان لەپەرلەمان دەستخۆشی لێكردین كە نەمانهێشتووە كارێكی نایاسایی بكرێت و شكۆی پەرلەمانمان پاراستووە»، لوقمان وەردی وای وت.

دوێنێ سێشەممە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان كۆبووەتەوەو چاوەڕوان دەكرێت یەكێتی گفتوگۆ لەگەڵ كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتوو ئەنجامبدات تا بە»سازان» پرسەكە یەكلابكرێتەوەو هیچ رێكارێك ئەنجامنەدرێت، هەروەها هاوهەڵوێستی یەكێتی بن بۆ رێگری لە رێكارە «تاك لایەنەكەی پارتی لەپەرلەماندا».

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت:» هەریەك لەكۆمەڵ و یەكگرتوو گۆڕانیش لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نین، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەبەرئەوەی پرسێكی نیشتیمانییە دەرگای گفتوگۆ دانەخراوەو رێگا راستەكە ئەوەیە پارتی واز لەو سەركێشییە بهێنێت و بەگفتوگۆ چارەسەربكرێت».

وەك لوقمان وەردی دەڵێت:»ئەوەی لەپەرلەمان روویدا دەریخست كۆتاكان خاوەنی نوێنەری راستەقینەی خۆیان نین«.

كۆمەڵ: ئەوەی لەپەرلەمان روویدا هەرگیز دەركردنی یاساو بڕیار نەبووە

عومەر گوڵپی ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی كۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەوەی لەپەرلەمان روویدا هەرگیز پرۆسەی دەركردنی یاساو بڕیارنەبوو، سەرۆكی پەرلەمان بەتەواوەتی دەسەڵاتی هەڵگرتن و كۆتاییهێنانی بەدانیشتنەكان هەیە».

هەروەها وتیشی:» دەرفەتی زۆر هەبوو تا لەدۆخی یاسایی و ئاسایی پەرلەماندا هەم كۆمسیۆن كارابكرێتەوە، هەم یاساكە هەمواربكرێتەوە، بەڵام لایەنەكانی دەسەڵات كەسەرۆكایەتی پەرلەمان و زۆرینەی پەرلەمان پێكدەهێنن نەیانكرد».

هاوكات، عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەپەیامێكدا رایگەیاند: پێویستە بۆ مانەوەو بەردەوامیی هەرێم، هەموومان پابەندی پرەنسیپ و یاساكان بین، هیچ لایەنێك پەرلەمان و حكومەت بەهی خۆی و حزبەكەی نەزانێت».

عەلی باپیر وتیشی:»سەپاندنی دۆخێكی تایبەت بەسەر هەرێمدا، دژی بنەماكانی تەبایی و پێكەوەژیان و سازانی نیشتیمانییەو هیچ بەرهەمێكی لێ ناچنرێتەوە».

بەوتەی سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری «بەبێ رێككەوتن و سازانی نیشتیمانی لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردن و هەمواركردنی یاساكەی و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن كەهیچ گومانێك هەڵنەگرێت هیچ چارەیەكی دیكەمان نییە».

 

بزوتنەوەی گۆڕان: كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن بەسازان دەبێت

گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەردەوام جەختمان كردووەتەوە لەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و یاساكەی یەك پاكێجەو پێویستە بەسازان بكرێن».

وتیشی:»ئێمە بەواژۆكانی خۆمان پابەندین و پێمان گرنگە هێزە سیاسییەكان بەیەكڕیزی یاساكە هەمواربكەنەوەو كۆمسیۆنیش كارا بكەنەوەو بەگفتوگۆ كێشەكان چارەسەربكەن».

 

یەكگرتوو : لێكەوتەكانی كۆبوونەوەكە نابێت ببێتە مایەی زیاتر ئاڵۆزكردنی دۆخەكە

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە كە « ئەوەی روویدا لەپەرلەمانی ماوەبەسەرچوو، راستی و دروستی هەڵوێستی دڵسۆزانەی یەكگرتووی دەرخست كەدژی درێژكردنەوەی بێ پاساوی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن بوو».

یەكگرتوو هیواخوازە بڕیارو لێكەوتەكانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان نەبێتە مایەی زیاتر ئاڵۆزتركردنی بارودۆخی هەرێم و دواخستنی هەڵبژاردنەكان.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 282,586     ژمارەی میوان 32