گەندەڵی‌ وەکو ئاسک، و چاکسازی‌ حکومەت وەکو کیسەڵ!
2020-10-21
39 جار خوێندراوەتەوە
"بە پێی‌ ڕاپۆرتەکە حکومەت تەمەنی‌ چەندین کابینەی‌ تریشی‌ پێویستە تا تەواوی‌ قەرزەکان لە کۆمپانیاکان وەردەگرێتەوە!"
 
ئەگەرچی‌ لە بنەمادا، پێم وانیە ئەم یاسایە بتوانێت هیچ لە دۆخی‌ خراپی‌ ژیانی‌ خەڵک بگۆڕێت‌و چاکسازی‌ ڕاستەقینەو بە بەرهەم ئەوەیە کە لە داهاتەکان و داهاتی‌ خاڵە سنورییەکان و داهاتی‌ نەوت و وازهێنان لە قۆرخکاریدا بکرێت، بەڵام لەو ڕوانگەیەوە کە خودی‌ دەرکردنی‌ یاساکان ئامانج نین‌و حیکمەت لە جێبەجێکردن‌و هێنانەدی‌ ئامانجی‌ دەرچوواندنی‌ یاساکاندایە، چەند سەرنجێک لەسەر ڕاپۆرتی‌ سێ مانگی‌ یەکەمی‌ جێبەجێکردنی‌ یاسای‌ چاکسازی‌ دەخەمەڕوو:
 
١ـ خودی‌ ڕاپۆرتەکە تەنها (١٥)لاپەڕەیەو (١٥٣)لاپەڕەی‌ تەرخانە بۆ هاوپێچەکانی‌، کە بریتین لەو سیستم و ڕێنمایی‌ و بڕیارانەی‌ بۆ جێ بەجێکردنی‌ یاساکە لەلایەن حکومەتەوە دەرکراون.
 
٢ـ بێجگە لە نزیکەی‌ یەک ملیار دینار لە قەرزی‌ کۆمپانیاکان، کە دەبوو حکومەت بەبێ ئەو یاسایەش ئەو قەرزانە لەو کۆمپانیایانە وەربگرێتەوە، ئاماژە نەدراوە بەهیچ بڕە پارەیەک کە بەهۆی‌ یاساکەوە بۆ خەزێنەی‌ گشتی‌ زیاد بووبێت.
 
٣ـ ئەگەر حکومەت بە سێ مانگ تەنها یەک ملیارو سەد ملیۆن و پێنج سەد هەزار دیناری‌ لە قەرزە بازرگانیەکان لە کۆمپانیاکان وەرگرتبێتەوە، کەواتە بۆ گەڕانەوەی‌ زیاتر لە (٩٢٨) ملیار دینار تەمەنی‌ کابینەیەکی‌ تریشی‌ پێویستە!، لە کاتێکدا دەسەڵات بە پارەی‌ خەڵک کۆمپانیا حزبی‌ و نیمچە حزبییەکانی‌ دەوڵەمەند کردووە و کۆمپانیای‌ گیرفان بەتاڵ و بێ سەرمایەی‌ کردووەتە بە سەرمایەدار!. 
 
٤ـ بە پێی‌ ڕاپۆرتەکە، بەڕێوەبەرایەتیەکی‌ گشتی‌، و یەک یاریدەدەری‌ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ و چوار بەرێوەبەرایەتی‌، داهێنراوە کە پێشتر نەبوون!.
 
٥ـ بە پێی‌ ڕاپۆرتەکە یەک دینار نەخراوەتە سەر سندوقی‌ خانەنشینی‌ بۆ خانەنشینان! کە بە پێی‌ یاساکە پێویستە حکومەت پشتیوانی‌ دارایی‌ سندوقەکە بکات، ئەمە لە کاتێکدا پەیڕەوی‌ دامەزراندنی‌ سندوقی‌ خانەنشینی‌ لە (١ی‌ ٨ی‌ ٢٠٢٠)ەوە دەرچووە.
 
٦ـ هیچ ئاماژەیەک دیار نییە بۆ گەڕاندنەوەی‌ شایستەی‌ دارایی‌ مووچەخۆران لە ڕێگەی‌ ئەژمێری‌ بانکی‌ و تا ئێستا تەها نزیکەی‌ ٦٨ هەزار کارمەندو مووچەخۆر ئەژمێری‌ بانکیان بۆ کراوە، ئەی‌ بۆ کردنەوەی‌ ئەمێرەکە بۆ زیاتر لە ملیۆنێک مووچەخۆر حکومەت چەند کاتی‌ تری‌ پێویستە؟
 
٧ـ یەکەی‌ ٨٠ی‌ پێشمەرگە، لە بەرواری‌ (١١ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢٠)، وەڵامی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگەی‌ داوەتەوە کە ئامادەن سەرجەم دۆسییەکان و لیستی‌ مووچەخۆران و ئەفسەران و خانەنشینی‌ بە هەموو جۆرەکانیەوە بۆ وەزارەتی‌ پێشمەرگە بنێرن، بەڵام ڕاپۆراتەکە باس لە یەکەی‌ هێزەکانی‌ (٧٠) ناکات داخۆ ئەوانیش ئامادەن یان نا؟ ئەمە لە کاتێکدا لە سەرەتای‌ مانگی‌ (٩)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٢٠)ەوە نووسراو بۆ هەدوو یەکەکە کراوە.
 
٨ـ ڕاپۆرتەکە ئاماژە ناکات بە تەنها یەک دیناریش کە لە خەزێنەی‌ گشتی‌ زیاد بووبێت بەهۆی‌ جێ بەجێکردنی‌ یاساکەوە، و ڕاپۆرتەکە زیاتر تەرخانە بۆ ئاماژەدان بە ژمارەیەک سیستم و ڕێنمایی‌ و بڕیار کە بۆ جێ بەجێکردنی‌ یاساکە لەلایەن حکومەتەوە دەرکراون.
 
٩ـ لە هاوپیچی‌ ڕاپۆرتەکەدا،‌ هێندێک ڕێنمایی‌ و بەیان هەن کە هیچ پەیوەندییان بە یاسای‌ چاکسازی‌ و جێبەجێکردنیەوە نییە.
 
١٠ـ لە بۆچوونی‌ وەزارەتی‌ دارایی‌ لەسەر دەرماڵەکاندا نمونە بە دەرماڵەی‌ پیشەیی‌ بۆ مامۆستایان هێنراوەتەوەو هێندێک مەرجی‌ بۆ پیشنیار کراوە، وەک ئەندامبوون لە یەکێتی‌ مامۆستایان، ئەم پۆچونە زۆر دوورە لە بنەماکانی‌ کاری‌ ڕێکخراوەکانی‌ کۆمەڵگەی‌ مەدەنی‌ و سەندیکا پیشەییەکان، پێویستە وەزارەتی‌ دارایی‌ و هیچ دامەزراوەیەک بیر لە بابەتی‌ لەمجۆرە نەکاتەوە، چونکە عەیبەیەکی‌ گەورەیە دەرماڵە ببەسترێتەوە بە ئەندامبوون لە سەندیکاکان. 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 15
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net